گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: بە قووڵیی نیگەرانین لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی لە عێراق




ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هاوڕەگەخوازی و گۆڕینی رەگەز و گۆڕینەوەی هاوسەرەکان بە یاسا قەدەغەدەکات و  و ئەمریکا و رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش نیگەرانی دەردەبڕن.

رۆژی 27ی نیسانی 2024، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی ساڵی 1988ی هەموارکردەوە و بەشێوەیەکی فەرمی کارى هاوڕەگەخوازی و گۆڕینی رەگەز و گۆڕینەوەی هاوسەری قەدەغەکرد.

بەگوێرەى هەموارى یاساکە، سزای کارى هاوڕەگەزخوازی و گۆڕینەوەی هاوسەرەکان و گۆڕینی رەگەز، زیندانیکردنە لە نێوان 10 بۆ 15 ساڵ.

دوابەدوای پەسەندکردنی یاساکە، ئەمریکا دەستبەجێ نیگەرانی خۆی دەربڕی و پێیوایە ئەو هەموارە یاساییە دەبێتە هۆکارى بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکان و کەمبوونەوەی توانای عێراق بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی.

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە هەژمارى تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X نوسیویەتی "هەست بە نیگەرانی قووڵ دەکەین لەبەرامبەر پەسەندکردنی هەموارى یاسایی بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی و هاوەڕگەزخوازی لە عێراق".

ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەم هەموارە دەبێتە هۆی درووستکردنی هەڕەشە بۆ ئەو چینانەی زیاتر لە ژێر مەترسیدان لە عێراق و دەبێتە هۆی لاوازبوونی توانای عێراق بۆ جۆراوجۆرکردنی ئابوورییەکەی و راکێشانی وەبەرهێنەرانانی بیانی".

لەلایەکی دیکەوە، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆچوونی وایە "هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی کە رۆژی 27ی نیسان پەسەندکرا، دەبیتە مەترسی راستەقینە بۆ سەر ئەو عێراقییانەی رۆژانەی رووبەڕووی گێچەڵ دەبنەوە".

-Channel8



PM:12:41:28/04/2024




ئه‌م بابه‌ته 176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌