پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی لەشفرۆشی و لادانی سێكسی پەسەندكرد، جگە لە سزاى زیندانى لە حەوت ساڵ تا ١٥ ساڵ سزاى مادیش دیاریکراوە.
ئەمڕۆ، پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتی موحسین مەندەلاوی كۆبووەوە و بە زۆرینەی دەنگی زیاتر لە ١٧٠ پەرلەمانتاری ئامادەبوو، یاسای هەمواری یەكەمی یاسای نەهێشتنی لەشفرۆشی ژمارە (٨)ی ساڵی ١٩٨٨ی پەسەند كرد و ناوی یاساكەی لە (یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی لەشفرۆشی) گۆڕی بۆ (یاسای ڕووبەڕووبووونەوەی لەشفرۆشی و لادانی سێكسی).
بەپێی هەمواری یاساكە، لەشفرۆشی بریتییە لە (ئەنجامدانی زینا لەگەڵ زیاترلە كەسێكدا لەبەرامبەر پاداشتێكدا یاخود بێبەرامبەر) و هەروەها لادانی سێكسی یان هاوڕەگەزخوازی بریتییە لە (پەیوەندی سێكسی لەنێوان دوو كەس لە یەك رەگەز، نێر و نێر یاخود مێ و مێ).
یاساكە (ئاڵوگۆڕی ژنان بەمەبەستی سێكسی) وەكو لادانی سێكسی دیاریكردووە و هەروەها (نێوەندگیری بە مەبەستی كاری سێكسی) و (ماڵی لەشفرۆشی) قەدەغە كردووە و بەتاوان هەژماری كردووە.
هەر لە یاساكەدا، سزای زیندانی و غەرامە دیاری كراوە، كە بەپێی جۆری تاوانەكان لە حەوت ساڵ زیندانی كردنەوە تاوەكو ١٥ ساڵ دیاری كراوە لەگەڵ غەرامەی لە پێنج ملیۆن دینارەوە تاوەكو ١٥ ملیۆن دینار.
-Sharpress