دەست لە ڕۆژنامەنووسان ناپارێزن
د. یادگار عەلی
تائێستا لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان (١٠) ڕۆژنامەنووس لە ئەنجامی پەلامار و هێرشی فڕۆکە جەنگییە ئیسرائیل کوژراون.
بەپێی بەدواداچوونێک لە چوارچێوەی گرژییەکانی ئەمدواییەی کەرتی غەزە و لە ئەنجامی بۆردومانی سەختی گەڕەک و ناوچە جیاجیاکان لە کەرتی غەزە لەماوەی نێوان (٧-١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، واتە تەنها لە سێ ڕۆژدا، (١٠) ڕۆژنامەنووس کوژراون.
چەند زانیارییەک لەبارەی ڕۆژنامەنووسە کوژراوەکان:
١- محەمەد جەرغون، ڕۆژنامەنووس لە ئاژانسی سمارت میدیا، لە یەکەم ڕۆژی شەڕ کوژرا.
٢- ئیبراهیم لافی، وێنەگر لە ئاژانسی عەین میدیا، لە یەکەم ڕۆژی شەڕ لە ناوچەی ئیریز کوژرا.
٣- محەمەد ساڵەحی، وێنەگری ئاژانسی دەسەڵاتی چوارەم، یەکەم ڕۆژی شەڕ لە ناوچەی سنوری بریج کوژرا.
٤- ئەسعەد عەبدولناسر، ڕۆژنامەنووس، لە هەشتی ئۆکتۆبەر کوژرا.
٥- سەعید رەزوان تویل، بەڕێوبەری نووسینی ماڵپەڕی پێنج بۆ هەواڵ، رۆژی (١٠)ی ئۆکتۆبەر لە ڕووماڵی ڕووداوی بۆردومانی بورجی حەجی کوژرا.
٦- محەمەد ڕزق سبح، وێنەگری ئاژانسی خەبەر، ڕۆژی (١٠ی ئۆکتۆبەر) لە میانەی ڕووماڵی بۆردومانی بورجی حەجی کوژرا.
٧- هیشام نەواجحە، وێنەگری ئاژانسی خەبەر، ڕۆژی (١٠ی ئۆکتۆبەر) لە کاتی ڕووماڵی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بورجی حەجی کوژرا.
٨- سەلام خەلیل مەیمە، بەرپرسی لیژنەی ڕۆژنامەنووسان ڕۆژی (١٠ی ئۆکتۆبەر) لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەکانی ئیسرائیل لەماڵەکەی خۆی لە ئۆردوگای جبالیا کوژرا.
٩- نیزال وەحیدی، وێنەگری ڕۆژنامەنووسیە و ڕۆژی (١٠ی ئۆکتۆبەر) لەلایەن سوپای ئیسرائیل بە دیل گیراوە و تائێستا بێسەروشوێن ماوەتەوە.
١٠- هەیسەم عەبدولواحید، وێنەگری ڕۆژنامەنووسیە و ڕۆژی (١٠ی ئۆکتۆبەر) لەلایەن سوپای ئیسرائیل دەستگیرکراوە و دواتر هەواڵی شەهیدبوونی بڵاوکرایەوە.