ئه‌ركی میدیا سواڵپێكردنه؟
کەژاڵ ئەحمەد
ئه‌و میدیاكارانه‌ی ساڵانێك له ته‌مه‌نی خۆیان بۆ تێگه‌یشتن له ئه‌ركی میدیا ته‌رخان كردووه و ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌یش كه ته‌مه‌نێكیان له‌بواری میدیادا به‌سه‌ربردووه، له‌وباوه‌ڕه‌دا نه‌بوون میدیای كوردی بگاته سه‌رده‌مێ كار له‌سه‌ر بیرۆكه‌ی بهسواڵكهركردنی خێزانه نه‌داره‌كان بكات و ئه‌ركه‌كه‌ی ببێته ته‌خشان و په‌خشانی پاره له‌شێوه به‌رنامه‌ی لۆته‌ری و به‌خشینه‌وه‌ی به‌رده‌م كامێراكاندا، ئه‌م جۆره به‌رنامانه له دۆخی دواكه‌وتنی مووچه و بایكۆت و مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێمدا هێنده‌ی خه‌ڵك تووڕه‌تر ده‌كه‌ن و میلله‌ت زه‌لیلتر له‌وه‌ی هه‌یه نیشانی جیهانی ده‌وروبه‌ر ده‌ده‌ن، هێنده ئه‌ركه پیرۆزه‌كه‌یان كه پێشكه‌شكردنی زانیاری و رێنماییكردنی خوێنه‌ر و بینه‌ر و گوێگرهكانیانه جێبه‌جێ ناكه‌ن. به‌داخه‌وه ئه‌م دیارده دزێوه‌ی راگه‌یاندن له میدیاكانی زۆنه‌كه‌ی تردا زۆر به زه‌قی و بێ سانسۆر خۆی نمایش ده‌كات هه‌ندێجاریش له كه‌ناڵه دینییه‌كاندا. كورد ده‌ڵێت كه به‌م ده‌ستت خێرت كرد، با ئه‌و ده‌ستت ئاگای لێی نه‌بێت.
من نازانم به چ مافێك سیمای فریشته‌ئاسای ژنان و منداڵانی هه‌ژار به‌ده‌م گریان و كڕووزانهوهوه ده‌خه‌نه سه‌ر شاشهكانتان، هیچ ئاینێ نه‌یفه‌رمووه كه‌رامه‌تی نه‌داره‌كان بشكێنن و خێره‌كانتان به مه‌رجی ناوزڕاندنی هاوزمان و هاو خوێن و هاونیشتمانییهكانتان بێت. ئایا بیرتان له‌وه كردۆته‌وه ئه‌و منداڵانه‌ی وێنه‌یان ده‌گرن به‌ده‌م كڕووزانه‌وه و گریانه‌وه تا داوای چاره‌سه‌ركردنی دایكیان یان باوكیان بكه‌ن یان بخوازن خانوویه‌كیان هه‌بێت تیابسرهون، له‌وانه‌یه سبه‌ینێ كه ده‌چنه كۆڵان بۆ یاریی یان كه ده‌چن بۆ خوێندنگه‌كانیان، تووشی قسه و قسه‌ڵۆكی خه‌ڵك و گێچه‌ڵی خراپه‌كاران ببنه‌وه.
په‌ندێكی میسریی جوان هه‌یه ده‌ڵێت: (للبیوت اسرار) واته ماڵه‌كان نهێنی خۆیان هه‌یه، به‌ڵام به‌هۆی نه‌شاره‌زایانی بواری میدیاوه هیچ نهێنییه‌ك نه‌ماوه‌ته‌وه بۆ ماڵه‌كان. به‌سه‌رهاتێك ده‌گێڕمه‌وه كه به‌سه‌ر خۆم هاتووه له سه‌ره‌تای راپه‌ڕیندا، ئه‌وكاته‌ی بینایه‌ی پاڵاسی ئێستا و حه‌سیب ساڵحی جاران پڕبوون له ئاواره و خه‌ڵكی ده‌ست كورت و نه‌دار، بۆ رێپۆرتاژێك به‌ناو ئاواره‌كاندا ده‌گه‌ڕام له‌ناكاو خزمێكی نزیكی خۆمم به زه‌رفێكی ره‌شی گه‌وره‌وه بینی له‌وێ پاره‌ی ده‌به‌شییه‌وه.
سڵاوم لێ‌كرد و هه‌ستم كرد زۆری پێناخۆشبوو له‌كاتی خێركردندا بینیوومه، پێی وتم كچه‌كه‌م تكایه وایدابنێ نه تۆ منت بینیووه و نه‌منیش تۆ ئه‌م بابه‌ته لهیادبكه و ( نه‌كه‌ی ) له‌ماڵه‌وه یان له‌لای كه‌س باسی بكه‌یت.
وتم ده‌مویست له رێپۆرتاژهكهدا به‌بێ ناوهێنانت ئاماژه‌ی پێبده‌م رووی وه‌رگێڕاو وتی هه‌رگیز نه‌خه‌ڵه‌تابی ئه‌و خراپه‌یه‌م به‌رامبه‌ر بكه‌یت. ئه‌مه یه‌كه‌م وانه بوو كه وه‌ك رۆژنامه‌نووسێكی تازه و گه‌نج له پیاوماقووڵێكی هه‌بووی خزمی خۆمم بیست.
ده‌زانم لێم زوویردهبێت كه گۆشه‌ی ئه‌مڕۆم ده‌خوێنێته‌وه به‌ڵام باوه‌ڕم پێبكه‌ن هه‌رچه‌نده لهتیڤییهكهوه دیمه‌نی هه‌ژارێكی به‌شمه‌ینه‌تی ئه‌م كوردستانه ده‌بینم، فرمێسكه‌كانم ده‌سڕم و لهبهرخۆمه ده‌ڵێم : نه‌كه‌ی!