ڕێگری شووشەی سیاسیی ژنان
شانیا محەممەد


چەمکی "ڕێگری شووشەی سیاسیی ژنان" ئەو ڕێگریانە لەخۆ دەگرێت کە تیشک دەخاتە بەشداریکردن و نوێنەرایەتیی تەواوی ژنان دەکەن لە کایە سیاسییەکاندا، بیستن و خوێندەوەی چەمکێکی لەم شێوەیە لەوەیە بۆ خوێنەر نوێ بێت بەو هۆیەوە ئێمەومانان دەمانەوێت بە شێوەیەکی ئاسا تا ڕادەیەک ڕوونی بکەینەوە و ڕایی خۆمان لەبارەی داهێنان و بەکارهێنانی ئەم چەمکە بخەینەڕوو.

بەربەست یاخود ڕێگری شووشەی سیاسیی ژنان وەک درێژکراوەی چەمک و وشەی "سەقفی شووشەییە" کە لە بنەڕەتدا ئاماژەیە بۆ (بەربەستە نەبینراوەکان) کە ڕێگری لە پێشکەوتنی ژنان دەکەن لە شوێنی کاردا، ئەو ئاڵنگارییە فرەلایەنانە لەخۆدەگرێت کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە لە دەستڕاگەیشتن و بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسیدا.

لە پرۆسەی هەڵبژاردندا "ڕێگری شووشەی سیاسیی ژنان" لە کەم نوێنەرایەتیی ژنان لە پۆستە هەڵبژێردراوەکان و ئۆرگانە بڕیاردەرەکاندا دیارە. سەرەڕای ئەوەی کە ژنان نزیکەی نیوەی دانیشتووانی جیهان پێکدەهێنن، بەڵام کەمتر لە چارەکێکی کورسییەکانی پەرلەمانیان لە جیهاندا بەدەستەوەیە، تەنانەت ئاستی نوێنەرایەتیان لە پۆستەکانی جێبەجێکردن و سەرکردایەتیدا کەمترە.

بۆ نموونە لە هەموو وڵاتێک و سیستمێکی سیاسیدا کۆمەڵێک یاسا لە دەستوور و بڕیاردەری باڵای وڵات بە گوێرەی یاساکانی ئەو وڵاتە کورسی داندراوە بۆ ژنان تاوەکو خۆیان بەربژێر بکەن بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتان، بەڵام ئا لێرەوەیە ڕێگرییە شووشەییەکە دەردەکەوێت کاتێک یاسا ڕێگەی داوە، بەڵام ئەو ڕێگرییە شووشەییەی کە ئێمە نایبینین وادەکات ژنان کەمتر خۆیان بگەیەنە پۆستە سیاسییەکان و کەمتر خۆیان بەربژێر بکەن، چونکە ئەوە سیاسەت و بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتانە و سیستمە سیاسییانەیە کە وادەکات ڕێگری شووشەی سیاسی بێتە کایە و ژنان بەهۆکارە جیاوازەکان دووربخەنەوە لە وەرگرتنی پۆست و خۆ بەربژێرکردن و بڕیاردەری سیاسی ئەو بەشەییە کە ئێمە نایبین و هەستی پێناکەین چونکە شووشەییە.

لە ئەنجامی دەرخستنی ئەو چەمکە و شیکردنەوەیەکی کورتمەودا دەڵێن؛ ڕیگری شووشەی سیاسیی ژنان کاریگەرییەکی دوورمەودای لەسەر دیموکراسی و حوکمڕانی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی هەیە. کۆمەڵگاکان بە دوورخستنەوەی ژنان لە سەرکردایەتیی سیاسی و بڕیاردان، ئەو بەشداری و دیدگایە بەنرخانە لەدەستدەدەن کە ژنان دەیهێننە ناو دەوڵەت.

جگە لەوەش کەمی نوێنەرایەتی ژنان نایەکسانی بەردەوام دەکات و شەرعییەت و کاریگەریی دامەزراوە سیاسییەکان تێکدەدات، هاوکات چارەکردنی ڕێگری شووشەی سیاسی ژنان پێویستی بە هەوڵی هاوبەش هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەربەستە سیستماتیکەکان، پێشخستنی سیاسەت و پراکتیکە هەستیارەکانی جێندەر، و پەروەردەکردنی کولتوورە سیاسییە گشتگیرەکان کە بەها و بەهێزکردنی بەشداری ژنان دەدەن.



AM:12:54:24/06/2024