هەرێمی کوردستان لەڕێی چاکسازیی لە کەرتی پەروەردەوە
هونەر عیسا

سەرەڕای مێژووی دەوڵەمەندی عێراق، کە وەک لانکەی فێربوون دەناسرێت و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ میزۆپۆتامیای کۆن و هاوکات سیستەمێکی پەروەردەیی پێشەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەمی هەبوو؛ بەلام کەرتی پەروەردەیی عێراق ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو بووەتەوە.

شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵانی 1980-1988، جەنگی کەنداو لە ساڵی 1991 و دواتر سزا نێودەوڵەتییەکان زیانێکی زۆریان بە ژێرخانی پەروەردە و بودجەکەیدا گەیاند، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی کوالیتی و دەستڕاگەیشتنی خەڵک بە خوێندن.

لەشکرکێشییەکەی ساڵی 2003 بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا کە بووە هۆی ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆریی سەدام حوسێن، و دەرفەتێکی نوێی بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی سیستەمی پەروەردەیی عێراق ڕەخساند. لە کاتێکدا هەوڵی سەرەتایی هەبوو بۆ بوژاندنەوەی قوتابخانە و زانکۆکان، توندوتیژی و ناسەقامگیریی سیاسی بەردەوام ڕێگریی لە پێشکەوتنی ئەم کەرتەی کرد.

گەندەڵی، ململانێی تائیفی و نەبوونی سیاسەتی پەروەردەیی یەکگرتوو، ئالینگاریەکانی بەردەم ئەم کەرتەی گەورەتر کرد.

سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) سیستمی خوێندنی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا بە توندی پەک خست. سەرەڕای ئەم بەربەستانە، نموونەی پێشکەوتنیش هەبوو، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان، کە دەستی کرد بە داڕشتنی ڕێڕەوی خۆی بۆ چاکسازیی پەروەردەیی.

ئەمڕۆ کە لە سەدا 60ی عێراقییەکان تەمەنیان لە خوار بیست و پێنج ساڵەوەیە، سیستەمی پەروەردەی عێراق لە دۆخێکی مەترسیداردایە. گەنجان، هەم دەرفەتێکی گەورە و هەم ئالینگاریەکی ترسناکن.

ڕێژەی بەرزیی بێکاری و ناتەواوی دامەزراوە پەروەردەییەکان هەڕەشەی تێکدانی توانای گەنجان دەکەن کە بەشداریی لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتدا دەکەن.

نەبوونی وەبەرهێنان لە ژێرخانی پەروەردەیی مۆدێرن و پچڕانی پەیوەندیی نێوان دەرئەنجامە پەروەردەییەکان و پێداویستییەکانی بازاڕی کار، شتێکی بەرچاوە.

بۆ نموونە، بەپێی ڕاپۆرتێکی ساڵی 2011ی ئایرێکس(IREX)، تەنها لەسەدا 22ی دەرچووانی زانکۆ لە ماوەی سێ مانگ دوای دەرچوونیان کار لە بواری خوێندنەکەیاندا دەدۆزنەوە.

ئەمەش تیشک دەخاتە سەر پێویستییەکی گرنگ بۆ سیستەمێکی پەروەردەیی وەڵامدەرەوەتر کە پێداویستییەکانی بازاڕ دابین بکات.

بەگوێرەی ئاماری بانکی نێودەوڵەتی، 2 ملیۆن منداڵی عێراقی لە خوێندن بێبەشن، ئەمەش ئالینگاریەکی بەرچاو بۆ ئاسۆی داهاتوویان دەخاتە ڕوو. جگە لەوەش ڕێژەی خوێندەواری بە شێوەیەکی مەترسیدار زۆرە، بە تایبەت لە نێو ئافرەتاندا.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان دانی بە بەپەلەیی چارەکردنی ئەو کێشانەدا ناوە. کابینەی حکوومەت دیدگای 2030ی پەرە پێ داوە کە ئەولەویەت دەدات بە بەرزکردنەوە و گونجاندنی پەروەردە بۆ پشتگیریی لە هەمەچەشنکردنی ئابووری.

ئەم دیدگایە ئامانجیەتی سیستەمی پەروەردەیی کوردستان لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان هاوتەریب بکات، لە هەمان کاتدا پەروەردەکردنی هێزێکی کار کە توانای گەشەسەندنی ئابووری لە سەرانسەری کەرتەکاندا هەبێت.

توخمێکی سەرەکی ئەم دیدگایە دامەزراندنی کۆمەڵەی باوەڕپێکراوی کوردستان بۆ پەروەردەیە (KAAE)، کە دەزگایەکی باوەڕپێکردنی نیشتمانییە کە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی پەروەردەیی و پاڵنانی ناوچەکە بۆ سەدەی بیست و یەکەم داڕێژراوە.

لەبەرئەوەی ستانداردکردن دەتوانێت وەکو ئامرازێک بێت بۆ چاکسازی، KAAE هەوڵ دەدات ستانداردەکان دابنێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دامەزراوە پەروەردەییەکان لە کوردستان و عێراق مەرجە سەرەکیەکانی دڵنیایی کوالیتی جێبەجێ دەکەن.

بە پێشخستنی باشترین پراکتیزەکان و پەروەردەکردنی فەرهەنگیی ڕوونیی، لێپرسینەوە و باشترکردنی بەردەوام، KAAE، وەک پڕۆژەیەکی دوانزە/پانزە ساڵە، ئامانجیەتی پشتگیریی حکومەت بکات لە دامەزراندنی سیاسەتی دروست بۆ کوالیتی پەروەردەیی، کە زیاتر پەیوەندی بە پێداویستییەکانی ئابووری و کۆمەڵگا هەبێت. ئەم دەستپێشخەرییە زۆر گرنگە بۆ مۆدێرن کردنی سیستەمی پەروەردەی کوردستان و ئەو توانایەی پێببەخشێت کە لەگەڵ پێشکەوتنە جیهانییەکان هاوئاهەنگ بکرێت و بەرەوپێشەوە هەنگاو بنێت، هاوکات مۆدێلێکی گونجاویشە بۆ عێراق و ناوچەکەش.

وەبەرهێنانی ستراتیجی لە بواری پەروەردەدا

جێبەجێکردنی کاریگەرانەی ستانداردەکانی دڵنیایی کوالیتی KAAE پێویستی بە بەکارهێنانی شارەزایی و ئەزموونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە لە بنیاتنانی توانای دامەزراوە ئەکادیمییەکان.

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و عێراق، ئاماژەی ئەوە هەیە کە پەروەردە وەک بەردی بناغەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، وەک بەشێک لە هاوکارییە ڕۆشنبیرییە فراوانەکانی نێوان هەردوو وڵات دەستنیشان کراوە. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئەم ڕێککەوتنە بکرێتە کردار.

بەهێزکردنی ئەم هاوبەشییە دەتوانێت دەنگدانەوەیەکی دوور مەودای هەبێت لە دەرەوەی پەروەردە، پەرەپێدانی گەشەسەندنی ئابووری، سەقامگیریی سیاسی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی. لە کاتێکدا ئەمریکا وەبەرهێنانی بەرچاوی لە ئاوەدانکردنەوەی عێراقدا کردووە، بەڵام ئەمە بە شێوەیەکی ناڕێژەیی بۆ کەرتی ئەمنی تەرخان کراوە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی میلیتاری تایمز، ئەمریکا نزیکەی دوو ترلیۆن دۆلاری بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە عێراق خەرج کردووە. تەنانەت بەشێکی کەم لەم بڕە "لە سەدا یەک" ، کاریگەریی لەسەر گۆڕانی سیستەمی پەروەردە دەبێت ئەگەر بخرێتە خزمەت کەرتی پەروەردە.

وەبەرهێنان لە سیستەمی پەروەردەی عێراق دەرفەتێکی ناوازە بۆ ئەمریکا دەڕەخسێنێت کە نەک تەنها پشتگیریی لە هاوپەیمانێکی سەرەکی بکات بەڵکو چارەی ڕەگ و ڕیشەی هۆکانی ناسەقامگیریی لە ناوچەکەدا بکات.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە ئاراستەکردنی سەرچاوەکان بەرەو چاکسازیی پەروەردەیی دەتوانێت یارمەتی بنیاتنانی بناغەی عێراقێکی سەقامگیر و ئاوەدان بدات.

ئەم وەبەرهێنانە، هەم دیپلۆماسی گشتیی ئەمریکا بەهێز دەکات و هەم بەهاکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بەرەوپێش دەبات، کە بەشێکی دانەبڕاون لە ئاشتی و ئاسایشی درێژخایەن.

ئەم جۆرە پشتگیریانە بریتین لە دامەزراندنی هاوبەشیی لە نێوان قوتابخانە و زانکۆکانی ئەمریکا و هاوتا عێراقییەکانیان بۆ جێبەجێکردنی ئەو ستانداردانەی دڵنیایی جۆری کە KAAE دای دەنێت.

ئەم هاوبەشییانە، دەتوانن سەرنج بدەنە بنیاتنانی توانا و ڕاهێنەرایەتی، چەسپاندنی فێربوونی سەنتەری خوێندکار لە مەنهەجەکاندا و دروستکردنی ستراتیجیی هەڵسەنگاندن و هەڵسەنگاندنی بەردەوام.

لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان پێشتر KAAE ی دامەزراندووە، ئەمە دەتوانێت وەک مۆدێلێکی تاقیکاری بۆ عێراق بە گشتی بێت، بە ئامانجی دووبارەکردنەوەی ئەم مۆدێلە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق.

وڵاتانی وەک سەنگافورە و کۆریای باشوور وانەی بەنرخ پێشکەش دەکەن کە چۆن پەروەردە دەتوانێت گەشەپێدانی نیشتمانی بباتە پێشەوە. هەردوو وڵات لە ڕێگەی وەبەرهێنانی بەرچاو لە پەروەردەدا ئابووری خۆیان گۆڕیوە، کە گرنگییان بە پەرەپێدانی کارامەیی و داهێنان داوە.

بۆ نموونە جەختکردنەوەی کۆریای باشوور لەسەر تەکنەلۆجیا و ڕاهێنانی پیشەیی وای کردووە کە پێشەنگی پیشەسازیی جیهانی بێت.

بە هەمان شێوە سیستەمی پەروەردەی سەنگافورە کە بە توندی و بایەخدان بە STEM( زانست، تەکنەلۆژیا، ئەندازیاری و بیرکاری) ناسراوە، هێزێکی کاری لێهاتوویی بەرزی بەرهەم هێناوە کە سەرکەوتنی ئابووری بەردەوامی وڵاتەکە دەباتە پێشەوە.

ئەمریکا بە پاڵپشتیکردنی مۆدێلی هاوشێوە لە عێراقدا، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە پەروەردەکردنی سیستەمێکی پەروەردەیی کە نەک هەر گەنجانی عێراقی بەو لێهاتوویی و بڕوانامانەی کە بازاڕ و ئابووری ناوخۆیی پێویستیانە، چ ئەمڕۆکە و چ لە درێژخایەندا، ئاراستەیان بکات، بەڵکو بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و داهێنانیش لەنێو کۆمەڵگە بڵاو دەکاتەوە.

ئەم ڕێبازە هاوتەریبە لەگەڵ ستراتیژی ئەمریکا بۆ بەرەوپێشبردنی سەقامگیریی ناوچەکە لە ڕێگەی گەشەپێدانی ئابووری و پەروەردە.

ڕۆڵی پەروەردە لە ئاشتی و ئاسایشدا 

پەرەپێدان بە پەروەردە لە عێراقدا تەنیا گەشەی ئابووریی نییە؛ توخمێکی چارەنووسسازە لە بنیاتنانی ئاشتی. پەروەردە تێگەیشتن و لێبوردەیی و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە پەروەردە دەکات، کە بۆ کەمکردنەوەی ململانێ و پێشخستنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی زۆر گرنگن.

دانیشتووانێکی خوێندەوار باشتر ئامێری پێویستیان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی دیموکراسی و بەشداریکردن لە گەشەپێدانی میللەتدا هەیە.

عێراق بە وەبەرهێنان لە پەروەردەدا دەتوانێت کۆمەڵگەیەکی گشتگیرتر بنیات بنێت کە تێیدا گەنجان بەهێز بکرێن بۆ ئەوەی بەشدارییەکی ئەرێنی لە کۆمەڵگاکانیاندا بکەن.

بۆ عێراق، پەروەردە تەنیا ئەولەویەتێکی سیاسیی نییە؛ بەلکو، ڕێگایەکە بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی. ئەمریکا دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە گەیشتن بەو جۆرە خۆشگوزەرانییە. بە سوودوەرگرتن لە دەستپێشخەرییەکانی وەک KAAE و سوودوەرگرتن لە مۆدێلە جیهانییە سەرکەوتووەکان، عێراق دەتوانێت سیستەمی پەروەردەی خۆی بگۆڕێت، ڕێگە خۆش بکات بۆ داهاتوویەکی گەشاوەتر.

ئەم وەبەرهێنانە تەنها پەیوەندی بە دروستکردنی قوتابخانەوە نییە؛ پەیوەندی بە بنیاتنانی نەتەوەیەکەوە هەیە کە هاووڵاتییەکی بەتوانا و بەهێزی هەبێت.

ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانن ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی پابەندبوونی خۆیان بە عێراقێکی سەقامگیر و ئاوەدان نیشان بدەن، پێشخستنی هەرێمێک کە پەروەردە بتوانێ ئەو هێزە بە گەنجان بدات کە وەک بریکاری گۆڕانکاری ئەرێنی لە ولاتەکەیان بێن.


AM:03:59:18/07/2024