بەکارهێنانی ژن وەک کەرەستەی ریکلام
هانا شوان

گفتوگۆکان سەبارەت بە ریکلام هەمیشە، لە ئاستی چۆنێتی ریکلام و کوالیتی نەخش، ناوەڕۆکدا، کەمترین قسە و باسی لەسەر دەکرێت، لەگەڵ فراوانبوونی بازاڕەکاندا بەتایبەتی بازاڕە ئەلیکترۆنییەکان و زۆر بوونی جۆری کاڵاکان و ساغکردنەوەیان دەبێتە ئامانجی سەرەکی و زۆر وردەکاریی تر کە پەیوەستن بە شکۆ و ئاسودەیی تاکەوە رەچاو ناکرێن، هەر بۆیە دەبینین لە ساغکردنەوەی ئۆتۆمبێلێک تا دەگاتە قوتویەک ماست، ژن بەکاردەهێنرێت.

هەرێمی کوردستانیش لەم مەسەلەیە بەدەر نییە، پێشتر ریکلام هەبووە ژنی کردۆتە مانگا و پاش هەوڵێکی خەمخۆرانە وەستێندراوە، لەم چەند هەفتەیەی دوایشدا ریکلامی کۆمپانیایەکی پۆست بڵاوبۆتەوە (ژنێکی قەڵەو نیشاندەدەن، ئەگەر پۆستی بکەن بە کەمترین تێچوو پۆستی دەکەن).

رۆژنامەنووسانی (رێوان) بابەتیان لەسەر ئامادەکرد و بەڕێز (ئەریوان سیوەیلی) وەک بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، ئاگادار کرایەوە و ئەویش خەمخۆرانە لە کورتترین ماوەدا ئەو ریکلامەی بە کۆمپانیاکە راگرت.

ئایا دووبارە دەبێتەوە؟!
بە دڵنیاییەوە بە شێوازی جۆراوجۆر و ناشیرینتریش دووبارە دەبێتەوە لە سایەی زۆربوونی کاڵا و کەمبوونەوەی تێگەیشتن لە بەها و شکۆی مرۆڤ و نەبوونی رێگرییەکی یاسایی، دەیان جار دووبارە دەبێتەوە و ئێمەش ئامادەین بۆ راگرتن و بەرەنگاربوونەوەی وەک ئەرکێکی پەیوەست بە بەرپرسیارێتیمان و کاری رێکخراوەییمان.

یاسایەک هەیە؟!
یاسای تێپەڕێندراوی ریکلام یەکێکە لەو یاسا، بڕگە و ماددە قرتێندراوانەی چەند کەسانێک لە ساڵی 2019 دا کاریان بۆ تێپەڕاندنی کرد لە پەرلەمان. یاسایەکی کورت و پڕ لە کەم و کوڕی ئامانجی ئەوانە بوو کە تێیانپەڕاند، لەبەرئەوەی پێشتر ژمارەیەک رێکخراو و کەسایەتی خەمخۆر پڕۆژە یاسایەکی پڕ لە وردەکارییان ئامادە کرد، بەڵام لە ساڵی 2019 لە سەروبەندی کۆتایهاتنی کارەکانی پەرلەماندا، یاساکەیان تێپەڕاند و ئەمڕۆی لێکەوتەوە.

کاتی هاتووە یاسایەکی گونجاو و رێوشوێنی گونجاوی رێکخراو لەسەر ئاستی سەرجەم کەناڵەکان و سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بگیرێتەبەر و لەبری بەکارهێنانی ژن وەک کەرەستەیەکی ریکلام، کار بۆ ئەوە بکەین لە بوارە جیاوازەکان و بواری ریکلامدا بە تایبەتی، ژنان دەرفەتی بە خاوەن بوونی کۆمپانیا و دەزگای بەرهەمهێنەریان پێبدرێت.
 

AM:02:27:12/09/2024