خه‌ڵكی كوردستان پێویستی به‌ گوتاری مه‌ده‌نیه‌ت‌ و گه‌شه‌پێدانی هه‌مه‌لایه‌نه‌‌ و هاووڵاتیبوونی كوردستانییه‌
د.کاوە محمود


له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی كاتی هه‌ڵمه‌تی پڕوپاگنده‌ی هه‌ڵبژاردن، شێوازه‌كانی بانگه‌شی ڕاسته‌وخۆی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌كانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن چڕترده‌بێته‌وه‌. بۆ نموونه‌ له‌ به‌شێك له‌ فه‌رمانگه‌كان لیستی زانیاری وه‌رگرتن سه‌باره‌ت به‌ كارتی هه‌ڵبژاردن به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا دابه‌شده‌كرێت. دیارده‌ی به‌كارهێنانی پاره‌ی سیاسی له‌ ئارادایه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ دیارده‌ی نوێژی سیاسی‌و خۆنواندن به‌ بابه‌تی ئیمانداری ئایینی‌و به‌كارهێنان‌و وه‌به‌رهێنانی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ كاری سیاسه‌ت‌و پرۆپاگنده‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ مه‌به‌ستی ڕازیكردنی لایه‌نێكی دیاریكراو، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی مێژوویی له‌ بازنه‌ی دژایه‌تیكردنی ڕۆشنفیكری‌و بۆچوونی عه‌قلانیه‌ت‌و عه‌لمانیه‌ت‌و مۆدێرنزم ده‌خولێته‌وه‌‌و، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش هه‌ڵوێست له‌ ده‌سه‌ڵات وه‌رده‌گرێت‌و ده‌نگ بۆ كاندیده‌كان له‌ ده‌سه‌ڵات یان ئۆپۆزیسیۆن ده‌دات،  له‌ كاتێكدا هه‌ست‌و نه‌ریته‌ ئایینییه‌كان له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا به‌ شێوازی جۆراجۆر به‌شێكن له‌ پانتایی گشتی‌و ناكرێ بۆ كاری سیاسی به‌كاربهێنرێت.


هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م دیاردانه‌ دیسانه‌وه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ زه‌قكردنه‌وه‌ی چالاكیه‌كانی حكومه‌ت‌و چڕكردنه‌وه‌ی بۆ كاتی نزیكبوونه‌وه‌ی له‌ كاتی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن‌و، لێره‌شدا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك مه‌به‌ستمان به‌كه‌مزانینی هیچ كارێك نییه‌ خزمه‌تی جه‌ماوه‌ر بكات‌و، هیوادارین هه‌رده‌م به‌رده‌وامبێت، به‌ڵام چڕكردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌م كاته‌دا وای له‌ خه‌ڵكی كردووه‌، كه‌ بلێن خۆزكه‌ ساڵانه‌ هه‌ڵبژاردن بكرایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بكه‌وێته‌ خۆی‌و خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شبكات. 


به‌ پێی ئاراسته‌ سه‌ره‌كییه‌كان له‌ پرۆپاگنده‌ی هه‌ڵبژاردن له‌وه‌ده‌چێت گوتاری پۆپۆلیستی‌و وروژاندن به‌ شێوازی جۆراجۆر باڵی خۆی به‌سه‌ر شێوازی پرۆپاگنده‌ی ده‌سه‌ڵات‌و ئۆپۆزیسۆن ڕابكێشێت‌و، ئه‌وه‌ی ده‌چێته‌ خانه‌ی بابه‌تی چاره‌نووسساز له‌ بواری نیشتمانی‌و سیاسه‌ته‌ ئابوورییه‌كان‌و ئاراسته‌ی مه‌ده‌نی له‌ بواری كۆمه‌ڵایه‌تیدا له‌وه‌ناچێ بایه‌خی پێبدرێت.


قۆناغی ئه‌مرۆی كوردستان پێویستی به‌ جۆره‌ گوتارێكی سیاسی ئه‌وتۆ هه‌یه‌، جه‌خت له‌سه‌ر بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی یاسا‌و دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كان‌و كۆتایهێنان به‌ زۆنچێتی‌و، ده‌ستنیشانكردنی هۆكاره‌كانی لاوازی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی‌و، كاركردن بۆ یه‌ك گوتاری كوردستانی له‌مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ عێڕاق‌و ده‌وڵه‌ته‌ هه‌رێمایه‌تییه‌كان بكات‌و، ئه‌م گوتاره‌ش ته‌واوكه‌رێكی لۆجیكی كاركردن بۆ دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان‌و ژیانی شیاو بۆ جه‌ماوه‌ر ده‌بێت.


 له‌ ڕه‌وشی ئێستای كوردستاندا گرنگه‌ باس له‌ پاراستنی مافی ژنان‌و پێكهاته‌كان‌و لاوانی په‌راوێزخراو و بیمه‌ی ته‌ندروستی‌و كاركردن بۆ نه‌هێشتنی دیارده‌ی ته‌شه‌نه‌كردن‌و بازرگانیكردن به‌ تلیاك‌و ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان بكرێت، كه‌ تێكڕای ئه‌م بابه‌تانه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی بنیاتنانی كۆمه‌ڵگا‌و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی.


خه‌ڵكی كوردستان پێویستی به‌ گوتاری مه‌ده‌نیه‌ت‌و گه‌شه‌پێدانی هه‌مه‌لایه‌نه‌‌و هاووڵاتیبوونی كوردستانییه‌‌و، ئه‌مه‌ش به‌رپرسیارییه‌كی مێژووییه‌‌و له‌گه‌ڵ گوتاری به‌رته‌سكی حزبایه‌تی‌و خولیای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دواوه‌‌و وابه‌سته‌یی ناگونجێت.

AM:01:17:17/09/2024