بانگەشەی هەڵبژاردن و ئارامیی دەروونی
نوری بێخاڵی

هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن؛ ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ و بە باری ئەرێنی و نەرێنیدا، کاریگەرییان لەسەر ئاست و ئاراستەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، دۆخی دەروونیی هاووڵاتیان، ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی سیاسیی وڵات هەیە. بۆیەشە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا سەبارەت بە دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، جەختی کردەوە کە ئەگەرچی "هه‌موو لایەنەکان ئازادن پڕوپاگه‌نده‌ بۆ سیاسه‌ت و به‌رنامه‌كانیان بكه‌ن، ڕه‌خنه‌ بگرن، به‌ڵام ده‌بێت هیچ كه‌س و لایه‌نێك ڕێگا‌ به‌ خۆی نه‌دات ڕق و كینه بڵاو بكاته‌وه و نابێت بانگه‌شه‌ ببێتە مایەی گرژیی ‌نێوان لایه‌نه‌كان و دابه‌شكردنی كۆمه‌ڵگا.”

دیارە ئەوەی دۆخی ئەم کاریگەرییەی هەڵمەتەکانی بانگەشەکردن بە بارە ئەرێنییەکەدا دەگێڕێت، ئاستی زمان و گوتاری بانگەشەکردنەکەیە. بەوپێیەی تا ئاستی گوتار و زمانی بانگەشەکردن بەرز و بەرپرسیارانە، شارستانی و دیموکراسییانە بێت، ئەوەندە زیاتر لەناو خەڵکدا جێی خۆی دەگرێت و ڕۆڵی لە سەرکەوتنی پرۆسەکەدا دەبێت.

بەکاربردنی زمانێکی باڵا و ئاراستەکردنی گوتارێکی سەنگینی نیشتمانیی بەرپرسیار لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، نەک تەنیا لەسەر ئاستی هاووڵاتی و دۆخە دەروونییەکەی، بگرە لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتیشدا کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کۆی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ناو کۆمەڵگا (پەیوەندیی نێوان تاک/تاک و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان) دەبێت، هاوکات لەسەر ئاستی سیاسیشدا ڕۆڵێکی گرنگ لە کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزیی نێوان لایەنە سیاسییەکان و لایەنگرانیاندا دەبینێت و بەر بە هەر ئەگەرێکی نەخوازراوی بەریەککەوتنی توندوتیژانە دەگرێت و دەبێتە هۆکار و هاوکاری  هێنانەکایەی ژینگەیەکی تەندروستی ململانێ و کێبڕکێی نێوان بەربژێرەکان و هێزە سیاسییەکان، ئەو هێزە سیاسی و بەربژێرانەی کوردستان کە "دوژمنی یه‌كتر نین، به‌ڵكوو ڕكابه‌ری سیاسیی یه‌كترن. سەرۆکی هەرێمی کوردستان”

لە پەنابردن بۆ گوتاری سیاسیی ئەرێنی و بەرپرسیارانە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، هاووڵاتیان کەمتر هەست بە دڵەڕاوکێ و نیگەرانی دەکەن و ڕاستەوخۆش ڕەنگدانەوەی بەسەر باشترکردنی باری دەروونیاندا دەبێت. جگە لەمە، ئەم جۆرە لە زمان و گوتارە، دەبێتە هاندەرێکی باشی هاووڵاتیان بۆ بەشداریکردنی چالاکانەیان لە پرۆسەکە و کەمکردنەوەی ڕێژە و ڕاددەی بایکۆتکردن و  متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوە دیموکراسییەکان بەهێزتر دەکات، هەموو ئەمانەش بەسەر یەکەوە خزمەت بە سەرکەوتنی پرۆسەکە دەکەن.

دواجار، بانگەشەکردنی ئارام و دوور لە هەڵچوون و هەڵەشەیی و یەکتر شکاندن، جگە لەوەی ڕێ لە شڵەژاندنی دۆخی دەروونی و شێواندنی میزاجی هاووڵاتیدا دەگرێت و هانی دەدات بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە و چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان، هاوکات زەمینەسازی بۆ گفتوگۆیەکی بەرپرسیارانەی نێوان هێزە سیاسییەکان و هاووڵاتییان دەکات. ئەمەش بە ڕۆڵی خۆی؛ یارمەتی قووڵکردنەوەی یەکڕیزیی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی دەدات، هەروەها بناغەی پێکەوەژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی پتەوتر دەکات و دەبێتە هۆی هێنانەدی سەقامگیریی سیاسیی درێژخایەن لە کوردستانێکدا کە سەرۆک نێچیرڤان گوتەنی: "هه‌موومان تیایدا هاوبەشین و بەیەکەوە خاوەنی هەموو دەستکەوت و پێشکەوتنەکانین و چارەنووسمان پێکەوەیە. بۆیە پاراستنی ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانه‌، ئه‌ركی هەر هه‌موومانه‌.”


AM:12:23:29/09/2024