با رووبەڕووی شێرپەنجەی مەمک ببینەوە
‌زەهرە سەعدوڵڵا

ئەمڕۆ لە هەولێر بەشداریم لە ئیڤێنتێک کرد، دەربارەی هەڵمەتی هۆشیاری لە شێرپەنجەی مەمک، بەداخەوە ئامارەکانی نەخۆشییەکە جێگەی ئومێد و دڵخۆشکەر نین، شێرپەنجەکە بووەتە هەڕەشەیەکی جددی لەسەر ئافرەتان، ئەگەر هۆشیار نەبین، ئامارەکان زۆر بەرزتر دەبنەوە. 

لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا سیستمێکی تەندروستیی بەهێزمان نییە، سەتان هۆکار هەن کە تووشی نەخۆشیمان دەکەن، ژینگە و ئاو و هەوا و خۆراکمان وەکو پێویست نییە، دەرمانەکان وەکو پێویست کۆنتڕۆڵ نەکراون و رێگە لە قاچاخچیێتیی دەرمان نەگیراوە، نەخۆشخانەکان وەکو پێویست چارەسەری نادەن بە چارەخوازان و ئەمانە و دەیان هۆکاری دیکە وایانکردووە، ئاماری نەخۆشییەکان، لە بەرزبوونەوەدا بن، لەنێویاندا شێرپەنجەی مەمک. 

هەندێک راستیی دژوار هەن، دەبێت خانمان بیزانن، لەوانە: شێرپەنجەی مەمک، ئێستا لە هەموو جیهاندا باوترین جۆری شێرپەنجەکانە، ساڵی 2022 ئەم شێرپەنجەیە بووەتە هۆی کوشتنی 670 هەزار کەس لە جیهاندا، هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لە مەترسییەکانی ئەم جۆرە شێرپەنجەیە، بۆیە دەبێت لە هەموو ئاستەکاندا هەڵمەتی هۆشیاری چڕبکرێتەوە، بۆ دووربوونی خانمان لەو نەخۆشییە کوشندەیە.

لە ساڵی 2022 دا، 2.3 ملیۆن ژن تووشی شێرپەنجەی مەمک بوون. ڕەگەزی مێینە بەهێزترین فاکتەری مەترسی شێرپەنجەی مەمکە، نزیکەی ۹۹٪ی شێرپەنجەی مەمک لە ئافرەتاندا ڕوودەدات و ۰.۵-۱٪ی شێرپەنجەی مەمک لە پیاواندا ڕوودەدات.

بەگوێرەی توێژینەوە زانستییەکان، هەندێک هۆکاری دیاریکراو مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاد دەکەن لەوانە زیادبوونی تەمەن، قەڵەوی، بەکارهێنانی کحولی زیانبەخش، مێژووی خێزانی شێرپەنجەی مەمک، مێژووی بەرکەوتنی تیشکدانەوە، مێژووی زاوزێکردن (وەک ئەو تەمەنەی کە سوڕی مانگانە دەستی پێکرد و تەمەن لە یەکەم دووگیانیدا)، بەکارهێنانی جگەرە و چارەسەری هۆرمۆنی دوای کۆتایی سکپڕی. نزیکەی نیوەی شێرپەنجەی مەمک لەو ژنانەدا گەشە دەکات کە هیچ هۆکارێکی مەترسی شێرپەنجەی مەمکیان نییە جگە لە ڕەگەز (مێ) و تەمەنیان (زیاتر لە 40 ساڵ).

وەک پزیشکان دەیڵێن، شەرمکردن لە کێشە تەندروستییەکان، هۆکاری سەرەکیی تەشەنەکردنی شێرپەنجەی مەمکە لە خانماندا، ئافرەتان نابێت لە ئەگەری کێشەی تەندروستی ، بابەتەکە پەراوێز بخەن و شەرم بکەن، بەڵکو دەبێت بە خێرایی سەردانی ناوەندە پزیشکییەکان بکەن و پشکنین بکەن، ئەگەر درەنگ بە نەخۆشییەکە بزانرێت، ئەوا چارەسەرکردنی زەحمەتە. 

ئەگەر سەیری داتاکانی کوردستان بکەین، دەربارەی شێرپەنجەی مەمک، بەگوێرەی ئامارێکی پێگەی فەرمیی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٢٢دا، نۆ هەزار و ٦١ کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون کە ڕۆژانه دەکاتە‌ نزیكه‌ى ٣٢ کەس، بەڵام ئەو ژمارەیەش لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە جیاواز بووە.

له‌ پارێزگاى هه‌ولێر ٤ هەزار و ٣٠٤ کەس، پارێزگاى‌ سلێمانى ٣ هەزار و٣٢٣ کەس و پارێزگاى دهۆك یەک هەزار و ٤٣٤ کەس بووە.

بەربڵاوترین جۆرەکانى شێرپه‌نجه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، بریتین لە، شێرپەنجەی مه‌مك، كۆڵۆن، سییه‌كان، پێست، غوددە، پرۆستات، لیوكیمیا، مێشك، منداڵدان.

ئە وئامارانەی سەرەوە بۆ هەرێمێکی وەکو کوردستان، مەترسیی جددین، بۆیە دەبێت هەموومان دەستوبرد بکەین بۆ پەرەپێدانی هەڵمەتی هۆشیاری، خانمان کێشەکانیان نەشارنەوە و پشکنین بکەن و چارەسەری پێویست وەربگرن. 

ئەرکی سەرەکیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشە، هەوڵەکان زیاتر بکات، بۆ باشکردنی کەرتی تەندروستی، دابینکردنی پێشکەوتووترین ئامێرەکان و هێنانی چارەسەرە پێشکەوتووەکان، دروستکردنی نەخۆشخانەی پێشکەوتوو، بایەخدان بە نەخۆشخانە گشتییەکان، بۆئەوەی نەک تەنیا ئامارەکانی شێرپەنجە، بەڵکو هەموو نەخۆشییەکان کەمببنەوە و خەڵکی کوردستان پارێزراو بێت.

AM:01:30:08/10/2024