هەڵەیەکی گەورەیە پڕۆسەی هەڵبژاردن تەنها بە سندوقەکانی دەنگدانەوە گرێ بدەین، زۆربەی ڕژێمە دێکتاتۆرو شمولیەکانی وەکو ئێران وعێراقی سەردەمی بەعس و میسری سەردەمی موبارەک و تەواوی وڵاتە عەرەبیەکان پیادەی جۆرێک هەڵبژاردن و دەنگدان دەکەن، بەڵکو هەڵبژاردن ئەوکاتە مانادارەو مانیفێستی دیموکراسی و ئازادی مرۆڤ و بەشداری دیموکراسیانەی هاوڵاتی دەکات کە دەسەڵاتەکان لەیەکتری جیاکرابێتەوە، دەزگای دادوەری سەربەخۆ بێت، دامەزاراوەکان پابەندی یاسای بەڕێوەچونی تایبەت بەخۆیان هەبێت نەک پابەند بەمیزاجی شەخسی و بەڕژەوەندی ئەم یان ئەو هێزی سیاسی، کۆی دەزگای بەڕێوەبردن و دەزگای دادوەری و دەزگای تەشریعی کە پارلەمانە ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان ببینن لە چەسپاندنی یاساو چەمکی هاوڵاتیبوون و پاراستنی مافەکانی هاوڵاتی و ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان هاوڵاتی و دەسەڵات، هاوکات کۆمەڵگا هەڵگری لانی کەمی فەرهەنگی دیموکراسی و ئەخلاقی دیموکراسی بێت، هەڵگری فەرهەنگی لێبوردیی و پێکەوەژیان بێت، ئەو فەرهەنگەی کە دەبوو ئەو هێزە سیاسیانەی ساڵانێکە دەسەڵاتی ڕەهایان بەسەر تەواوی کۆمەڵگادا واڵایە دەبوو لە ڕێگای دەزگا پەروەردەیی و مێدیایی و سیاسی و فەرهەنگیەکانەوە بینایان بکردایە، بەڵام سەرجەمی ئەو هێزە سیاسانەی بەدرێژایی سێ دەیەیە ڕابوردوو کۆمەڵگای کوردیان بەڕێوەبردوە لە بونیای خۆیاندا نەک هەڵگری خەیاڵی دیموکراسی و بەرهەمهێنانی کۆمەڵگایەکی ئازادو دیموکرات نین بەڵکو خۆیان مانیفێستی نادادوەری و سستەم و بەرهەمهێنانەوەی سەرکوت و دەسەڵات و پاوانخوازین لەهەمبەر هێزەکانی دی و لەهەمبەر کۆمەڵگاشدا، ئەم هێزانە نەک خەیاڵی چەسپاندنی یاساو بەدامەزاروە کردنی کۆمەڵگایان نیە.
بەڵکو بۆ خۆیان گەورەترین لەمپەرن لەبەردەم چيسپاندنی یاساو بەدامەزراوەکردنی کۆمەڵگاو بیناکردنی دیموکراسی و دەوڵەتی هاوڵاتی و چەسپاندنی مافەکانی، خۆیان ڕێگرو لەمپەرن لەبەردەم بیناکردنی فەرهەنگی دیموکراسی و بەرهەمهێنانی هاوڵاتی هۆشیارو ئازاد، مرۆڤی بەهێزو خاوەن ئیرادە ، ئەوەی کە ئێستا دەگوزەرێت لە پێشبڕکێ و نمایشێکی هێستریدا بەناوی هەڵبژاردنەوە وەکو دەبینین بووەتە شانۆیەکی هێستری و نمایشێکی هەرزان بۆ خاڵیکردنەوەی ئەو هەموو وزەی ڕق و کینەو بەربەرەکانێ و ململانێ نابەرپرسیارەی کە هێزە جیاوازەکان لە هەمبەر یەکتریدا کەڵەکەیان کردوە، ڕق و کینەیەکی بارگاوی بە زیاتر پاوانکردنی هێزو مونافەسە لەسەر پارەی خەیاڵی نەوت وداهاتەکان، لەسەر پاوەری سیاسی، شەڕێکی تاقەتپڕوکێنە لەسەر ئەو پول و پاوەرە ترسناکەی لە کوردستاندا بوونی هەیە، ئەوەی لێرەدا غائیبە، ئەوەی نرخ و پێگەو بەهای نیە هاوڵاتییە! ئەو هاوڵاتیە ئاساییەی کە دواجار لە پڕۆسەی دەنگدانی ئاساییدا دەبوو خەم و ئامانجی ئەو هێزە سیاسیانە بێت کە دەبێت نوێنەرایەتی بکەن.
بەڵام ئەوەی ئێستا ئاکتوێلە، ئەوەی دەگوزەرێت ململانێ نیە لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی دەسەڵات، لەسەر بەرنامەی ئابوری، جیاوازی دنیابینی ئیداری، جیاوازی لە پێناسەکردنی ماف وئەرک و پێگەی کۆمەڵایەتی و ئینسانی تاک، جیاوازی لە بەرنامەی دورمەودا و نزیک مەودا، لە سیاسەتی دەرەوەو ئاسایشی ئەمنی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی خۆراک، ململانێ نیە لەسەر ڕێزەی ئاوەدانکردنەوەو سیاسەتی ئاوەدانکردنەوەو بوژانەوەی ژینگەو سیاسەتی کشتوکاڵی و پیشەسازی، ململانێ نیە لەسەر بیمەی بێکاری و بیمەی تەندروستی و باشکردنی ڕێگاوبان و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوری و بەهێزکردنی کەرتی خوێندن و گۆڕینی ڕیشەیی سستەمی پەروەردە و فێربوون کە بە هێجگاری داڕزیوە، سستەمی تەندروستی کە بوەتە پانتاییەک بۆ وەبەرهێنانی نامرۆڤانەو بازرگانی گومانلێکراوی داودەرمان بەسەر ژیانی هاوڵاتیانەوە، ململانێ نیە لەسەر سیستەمی دادوەری و فەراهەمکردنی مافەکانی مرۆڤ، لەسەر پاراستنی مافی ژن و مناڵ، مافی کەمئەندام و مرۆڤە بێنەواکانی کۆمەڵگا، ململانێ نیە لەسەر بەهێزکردنی کۆمەڵگاو بەرهەمهێنانی مرۆڤێکی نوێ و خاوەن ئیرادە، بەڵکو ئەوەی لەمڕۆژانەدا نمایش دەکرێت بەناوی هەڵبژاردنەوە ڕوونترین گوزارشتە لە نادیموکراسی هێزەکان خۆیان، لە وێرانەیی و تەپینی بە ئانقەستی کۆمەڵگا.
دوای سێ دەیە لەئەزمونی خۆبەڕێوەبردن و خۆسەری تازە بەتازە لەبەردەم خراپترین و نابەرپرسیارترین جۆری خیتابی سیاسیداین، خیتابێک گوزارشت لەو پارچە پارچەبونە ئەبەدیەی کوردبون دەکات، خیتابێکی ناعەقلانی، نابەرپرسیار، نازانستی و نائەخلاقی، خیتابێک خاڵی لە خەیاڵی دیموکراسی لە هەڵگرتنی بەرپرسیاری مێژویی و لە خەیاڵی ستراتیژی ئیداری بۆ داهاتووی کۆمەڵگایەک بە دەست دەیان کێشەی ئیداری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و ئابوری سەختەوە دەناڵێنێت، کۆمەڵگایەک لە ناوەوە پارچە پارچەو خاڵیکراوە لە مۆتیڤەکانی ئینتیماو پابەندبون بەیەکترو بە دەسەڵات و بە خەونەکانیشەوە، کۆمەڵگایەک خاڵی لە خەون و پڕۆژەی هاوبەش، بەڵکو خیتابی ئەو دوو هێزە لە ململانێ و شەڕەدەنوکی دووخێڵ، دوو تایەفە، دوو گروپی کۆمەڵایەتی دەچێت کە شەڕی کۆنە قین بکەن نەک خەمی پیادەکردنی دیموکراسی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایەکی ئینسانی .
دوای سێ دەیە لە ئەزمونی خۆبەڕێوەبردن و ئەزمونی هەڵبژاردن لەبەردەم خراپترین پڕۆسەی هەڵبژاردنداین چی وەکو ئەو کەشوهەوا هێستری وناعەقلانی و پڕ هاتوهاوارەی فەزای گشتی داپۆشیوە، چی وەکو ئەو بەربژێرو کاندیدو کەسانەی خۆیان بەشایەنی هەڵبژاردن ونوێنەرایەتی کۆمەڵگا دەزانن، حەشاماتێک کە پێناچێت بەهیچ فلتەرێکی ئەکادیمی و سیاسی و تەنانەت هونەری و ئەخلاقیشدا تێپەڕیبێت هەر بۆیە لەم نمایش و کەرنەڤاڵە هێستریەدا سەیر نیە کە ڕێکەوتی فیگەری سەیرو سەمەرە بکەین تا دەگاتە دەیان لیبۆک و هەرزانترین ڕوخسارەکانی سۆشیال میدیا، ئەمە ئەگەر بەدیوێکدا گاڵتەکردن بێت بە ئیرادەی ئینسانی کورد، بەدیوەکەی تردا، بێئەرزشکردن و بێنرخکردنێکی بەمەبەستی هەموو ئەو دەزگا و دامەزراوانەیە کە دەبێت لە پڕۆسەی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگادا بونیان هەبێت و کارابن وەکو پارلەمان ..... بەڵام لەدەرەوەی حیزب و هەژمونی حیزب !
مەترسیدارترین وەبەرهێنانی سیاسی، ئاسانترین و نزمترین ئامڕازەکانی کۆکردنەوەی دەنگ و خەلەتاندنی خەڵکی عەوام یاریکردنە بە هەستی دینی و ختوکەدانی عاتیفەی دینی عاتیفەی قەومیە، مەترسیدارترین وەبەرهێنانی سیاسیش وەبەرهێنانە لە ئایین و پشتیوانیکردن و بەکارهێنانی ئایینە، ئەو وەبەرهێنانە فاشلەی کە تەنانەت زلهێزەکانیش هەمیشە سەرکەتوو نەبوون لەو گەمەیەدا چی جای هێزێکی سیاسی لە کوردستاندا و لەهەناوی کۆمەڵگایەکدا کە توندڕەوی ئایینی یەکێکە لە کێشەکانی نەک مۆتیڤەکانی هەڵبژاردن! وەبەرهێنانی سیاسی لە ئایین و دیدە توندڕەوەئایینیەکاندا یاریکردنە بەو ئاگرەی کە هەمیشە سوتان و وێرانەیەکی فەرهەنگی وئینسانی و کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، نمونەکانیش هێندە زۆرن کە لە ئەفغانستانەوە دەستپێدەکات هەتا میسرو لوبنان.
ئەوەی لەم پڕۆسەیە غائیبە، گفتوگۆ، دیباتی سیاسی قوڵ و ڕەخنەو هەڵسەنگاندنە، عەقڵ و ژیری و هاوڵاتییە، ئەوەی لەم نمایشە هێستری و نابەرپرسیارو پڕی هاتوهاوارو توڕەیی و دەرکەوتنی چەندان مەشهەدی هەم توندوتییژ، هەم کۆمیدی ونمایشکاری نەشارەزا هەم لە پڕۆسەی سیاسی و هەم لە کۆدی نمایشکردنی سیاسی ئەوەمان بیردەخاتەوە کە ئێمە دوای سێ دەیە لە ئەزمونی سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبردن بەڵام دەیان هەنگاو بەرەو پاشەوە گەڕاوینەتەوە !!
دەبێت بە قوڵی گومان لەو کۆمەڵگایە بکەین کە ئەزمونی بێڕێزی وتاڵانی و گەندەڵیەکی سیستەماتیک دەکات، کە سستەمی پەروەردەو تەندروستی داڕزیوە، کە بۆ موچە ڕسوا دەبێت، کە ئەزمونی ئەو هەموو تاڵانییە ئاشکرایە دەکات کەچی وەختێک پاڵەوانەکانی دزینی نەوت و داگیرکردنی عەقارات و زەویوزاری وڵات دێنەسەر پلاتفۆرمەکان و بەشەقامەکاندا بە ئۆتۆمبیلە گرانبەهاکانەوە نمایش دەکەن .... ئەمانیش لەمبەری شەقامەکانەوە چەپڵەیان بۆ لێدەدەن !!