سێشەممەی داهاتوو ئەمریکاییەکان دەنگ دەدەن. ئەم هەڵبژاردنەی ئەمریکا ڕەنگە بێ وێنەبێت لە مێژوی ئەمریکادا. لە دوا کتێبیدا دەربارەی سەرۆکەکانی ئەمریکا ڕۆژنامەنوسی بە ناوبانگی ئەمریکی بوب وورۆرد کتێبەکەی ناو ناوە جەنگ یان شەڕ.
مەبەستی لە ناونیشانەکە سێ جەنگە کە ئەمڕۆ ئەمریکا بە دەستیەوە دەناڵێنێت؟: جەنگێک لە ئۆکرانیا، جەنگێک لە ئیسرائیل بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، جەنگێکە لە ناوەوەی ئەمریکا، کە ئەم هەڵبژاردنەیە.
پۆلێنکردنی ئەم هەڵبژاردنە وەک جەنگ لە لایەن کەسێکەوە کە لە تەمەنی هەشتا و یەک ساڵیدایە و بەشی هەرە زۆری ژیانی بۆ ڕاپۆرتی سەرۆکەکانی ئەمریکا تەرخان کردبێت، دەبێت بە جیدیی وەربگیرێت. دیارە بۆب تەنها کەس نیە کە ئەم پۆلێنکارییە دەکات.
کەواتە ئەگەر هەڵبژاردنێک وەک جەنگ بێت دەبێت هۆکارەکانی چی بن؟ پێش ئەوەی وەڵامەکانی بخەینە بەرچاو، دەبێت ئەوە ڕوون بکەینەوە کە، کەسایەتی ترەمپ تەواو زاڵە بە سەر پرسی هەڵبژاردنەکەدا کە پرسێکی سەرەکی نیە لە هەڵبژاردنەکەدا، بەڵکو بووە بە پرسێکی گەورەکراو و ڕوپۆشی سەرجەم هۆکارەکانی تری کردوە.
هەندێک ترەمپ وەها دەبینن کە ئەو کەسەیە کە پێویستە هەتا سیستەمەکە تێک بدات، چونکە بەبێ تێکدان نەبێت باش نابێت، یان بە زمانی واشنتۆن، زۆنگاوەکە وشک بکات. جۆرێک لە گۆڕینی ڕژێم، ئەو پلانەی کە خانەی بیری هێرەتج دایڕشتوە، کە نزیکەی بیست هەزار کارمەند لە دەزگاکان لادەبات و لە سەر بنەمای وەلائی شەخسی خەڵکی دەخاتە جێگایان.
هەندێکی تریش وەک کەسێکی تاقانە و بێ وێنەی دەبینن. لە هەمانکاتدا زۆرێک وەک فاشیستێک لە قەڵەمی دەدەن.
بەڵام پەرتبونی ئەمریکا و دژایەتیکردنیان بۆ یەکتر لە پرسی شەخسی زۆر قوڵترە.
بە هۆکارەکان بە کورتی بخەینە بەرچاو. یەکەم هۆکار، ئابورییە. سروشتی چینایەتی لە ئەمریکا گۆڕاوە. لە ئەنجامی فراوانبونی خوێندن و بە شاربوون و هاتنی ئابوری نوێ و جیهانگەریی، ئەو توێژەی ئەمڕۆ لە ئەمریکا داهاتیان لە سەروی سەد هەزار دۆلارە لە ساڵێکدا، زۆربەیان خەڵکی دەرچوی زانکۆ گەورەکانن و لە شارە گەورەکاندا نیشتەجێن و پشتیوانی دیموکراتەکانن. ئەم خەڵکانە زیاتر جیهانگەران وەک ئەوەی تەنها ئەمریکایی بن. سەمۆئێل هانتنگتۆن ناوی نان پیاوانی داڤۆس یان داڤۆسییەکان.
مەبەستی ئەوانە بوو کە ساڵانە لە کۆڕبەندی داڤۆس کۆدەبنەوە، هاوبەشییان زیاتر لە گەڵ کەسێکی تری داڤۆسیدا هەیە لە جێگایەکی تری دونیا هەتا خەڵی ناوخۆی خۆیان. لە ئەنجامی ئەمەدا خەڵکێکی زۆر لە ئەمریکا هەست دەکەن کە ئەو سیستەمە ئابوریەی کە هەیە بە سودیان نیە.
هۆکاری دووەم، ئەو وەرچەرخانە ڕەگەزییەیە کە لە ئەمریکادا ڕودەدات. ئەمریکا لە دەیەی داهاتودا چیدی سپی پێستەکان زۆرینە نین.
ئەم بونی سپی پێستەکان بە کەمینە لە لایەن سپی پێستەکانەوە وەک ساتەوەختی لە دەستچونی ئەمریکا دەبینرێت. بۆیە ئێستا ڕەخنە لە دیموکراسیی هەیە.
بۆیە هەندێک وەها دەبینن کە ئەگەری هەیە ئەمریکا وەک باشوری ئەفریقای لێبێت. هەروەها دەبێت ئەمریکا وەک هەنگاریا سیستەمی دیموکراسییەکەی لە قاڵب بدات، بۆ ئەوەی کەمینە براوەبن هەتا ئەمریکا بە ئەمریکایی بمێنێتەوە.
هۆکاری سێیەم، وەرچەرخانی کەلتورییە. کە لە چەندین ئاستدا ڕەنگ دەداتەوە، لە ململانێی نێوان شار و دەرەوەی شار، لە تێڕوانین لە مێژوو، وەک قەدەغەکردنی خوێندنی مێژوی ئەمریکا بە دیدێکی ڕەخنەیی هەتا پیاوی سپی ناشیرین نەکرێت، هەروەها لە زاڵبونی باڵێکی چەپی دیموکرات کە بڕەو بە جێندەر دەدەن، پێیان دەڵێن ۆک.
ئەم جەمسەرگیرییە لە ئەمریکا کاریگەری زۆری دەبێت لە سەر پێگە و پایەی ئەمریکا لە دونیادا. هەروەها هەندێکیان ڕاستەوخۆ کاریگەرییان هەیە لە سەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا.
کاتێک هەڵبژاردن دەبێت بە جەنگ، کە جەنگەکە براوە و دۆڕاو تیایدا بە زۆری لە یەکتر نزیک بن، بۆیە ئەگەری بەریەککەوتن و قبوڵنەکردن زۆرە.
هەندێکیش وەک باربەرا وڵتن، کە شارەزای شەڕی ناوخۆیە، ئەگەر شەر بە دوور نابینێت.