لێکەوتەکانی مانگرتن
کنێر عەبدوڵڵا
مانگرتن لە خواردن لەلایەن ١٣ مامۆستاو فەرمانبەر لە شاری سلێمانیدا شێوازێکی ترو نوێی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان بوو کە لەماوەی ١٥ رۆژدا لەژێر سەقفی خێوەتگەی شکۆدا بەڕێوەچوو ،پاش ئەوەی داواکانیان لە یاداشتێکدا کە لە ٤ خاڵی سەرەکی پێکهاتبوو بەرزکردەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ودواتر لەسەر ئاستی ناوخۆیی ونێوەدەوڵەتی دەنگی ناڕەزاییان گەیاندە شوێنەکان. ئەم جۆری مانگرتنە دوا بەدوای زنجیرەیەک ناڕەزایەتی دێت کە بەشێوازی جۆربەجۆر ماوەی چەندین ساڵە لەلایەن سەرجەم چین وتوێژەکانەوە گوزارشتی لێدەکرێت لەپێناو بەدیهێنانی مافە رەواکانیان.

رۆژی سێشەممە ٢٠٢٥/٢/١١ بە کاتی ٢ ی پاشنیوەڕۆ لە شاری سلێمانی و لە کەرنەڤاڵێکی جەماوەریدا ،لەسەر داواو فشاری خەڵک و رێکخراو مەدەنییەکان وجەماوەری هەرێمی کوردستاندا مانگرتووان ، مانگرتنیان هەڵپەسارد ، وە بەڵێنیاندا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان لەگەڵ سەرجەم دەنگە ناڕەزایەتییەکانی تردا بە رێگە وشێوازی تر درێژە بە خەبات دەدەن.
پاش ئەوەی پێشووتر لە دوو ووتاری جیاوازدا باسم لە گرنگی مانگرتنەکەو هۆکاروئامانجەکانی مانگرتووان کرد ، لێرەدا ئەوەی درێژە ومەبەستی باسەکەمە وەڵامی ئەو پرسیارەیە کە پاش هەڵپەساردنی مانگرتنەکە مشتومڕی لێکەوتۆتەوە، بەوەی ئایا لێکەوتەکانی مانگرتن لەچیدا خۆی دەبینێتەوە؟

بێگومان هیچ کارێک بێ کەموکورتی نابێت ،وهەروەک چۆن هیچ  ناڕەزایەتی وخەباتێکیش دەستبەجێ هەموو داواکانی نایەنەدی، بە ڕای من لێکەوتە وئاکامەکانی مانگرتنەکە خاڵی ئەرێنی زۆری هەبوو، کە بەگشتی خۆی لەمانەدا دەبینێتەوە: یەکخستن ویەکگرتوویی تواناکان لە سێ مەوداوە یەکەمیان؛ لەرووی خودی مانگرتووان کە ١٣ کەس بوون  بەجیاوازی رەگەز، بیرورای سیاسی، ئایدۆلۆجی، کۆمەڵایەتی و ئابورییەوە ، دووەمیان؛ لە رووی چین و توێژە جۆربەجۆرەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، و هەروەها لەرووی ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی کوردستان لایەنی سێیەمی یەکخستنی تواناکان بوو.

لەلایەکی دیکەوە زیندووکردنەوەی هەستی نیشتیمانپەروەرێتی وهاوسۆزی لەناو خەڵکی ناوچە جیاوازەکاندا، ئامادەگیی ١٣ مرۆڤ بە فیداکردنی گیانیان لەپێناو خۆشترکردنی ژیانی نەوەکانی داهاتوودا بە دروشمی "مردن لەپێناو ژیان"دا ، وەلانانی دیدو بۆچونی ١٣ مرۆڤی مانگرتوو و یەکئیرادەیی ویەکخستنی خاڵی هاوبەشیان لەپێناو ئامانج و بەرژەوەندییە گشتییەکان ومانەوەیان بە سەربەخۆیی ونەچوونە ژێررکێفی هیچ لایەن وحزبێکی سیاسییەوە، نیشاندانی هێزی تۆکمە وکۆدەنگیی وئیرادەی یەکگرتوویی رێکخراوە مەدەنییەکان وسەرجەم چین وتوێژە جیاوازەکانی خەڵک لە بەرامبەر چەسپاندنی دادپەروەری، پاراستنی کەرامەت وشکۆی مرۆڤەکان وچەسپاندنی سستم و، بەگژاچونەوەی ستەم ونادادی وگەندەڵی و بێباکی حکومەت، یەکخستنی تواناکانی ژن و پیاو بێ جیاوازی، نیشاندانی یەکهەڵوێستی لەڕێی خەباتی مەدەنی وجەماوەری و ئاشتی ودیموکراسییەوە، وهەروەها خزمەتکردن بە بزوتنەوەی نیشتمانیی ونەتەوەیی وتەنانەت سیاسیش لە هەرێمی کوردستاندا، وێڕای هەموو ئەوانەش گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتی و نادادییەکانی حوکمڕانانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێوەدەوڵەتیدا، ئەمانەو چەندینی تر دەرخەری لایەنە ئەرێنییەکانی خەباتی  مانگرتنەکان بوو کە بێگومان گرنگە هەوڵەکان کپ نەبنەوەو لە داهاتوودا درێژەی دەبێت و خودی بڕیاری مانگرتووانیش کە لە ووشەی هەڵپەساردنی مانگرتنەکەدا خۆیبینییەوە بە بڕوای من دەرخەری ئەو راستیەیە کە خەبات بەردەوام دەبێت لەپێناو گەیشتن بە ماف و داخوازییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان تا مووچەخۆران بەگشتی وخەڵکی کوردستان بەتایبەتی ونەوەکانی داهاتوو بتوانن بە کەرامەتەوە ولەژێر ئاڵای نیشتماندا بەردەوامی بە ژیانیان بدەن؛ نەک لەژێر رەحمەتی پارتە سیاسییەکان و لەژێر سایەی لایەن وهێزێکی دیاریکراودا.

AM:02:58:13/02/2025