سێ کوچکەی تاریکی؛ پۆپۆلیزم و دەسەڵاتخوازی و زانیاری ساختە
سلێمان مستەفا حەسەن
لە دەیان ساڵی ڕابردوودا، جیهان شاهیدی زیادبوونی تەوژمی پۆپۆلیستی جۆراوجۆر بووە، کە نیگەرانی وکاریگەریان، لەسەر داهاتووی دیموکراسی. سەقامگیریی سیاسی دروستکردووە، لە ئێستاش دا ،لەسایەی ژیری دەستکرد، تەوژمی تۆرە کۆمەڵایەتیەکان، هەڵڕشتنی هەواڵ و زانیاری ساختە و دەسەڵاتخوازی بێ سنور، پەرەیان بە شەپۆلی ترسناکی پۆپۆلیزم داوە. 

مەترسیەکانی داهاتووی دیکتاتۆرییەتی داتا، دەسەڵاتخوازی کۆمپانیاکان، هەواڵ و زانیاری ساختە هەڕەشەیەکی جدی تر دروست دەکەن، ئازادییە بنچینەییەکان و دامەزراوە دیموکراسیەکان دادەخورێنن و لاوازیان دەکەن. دەتوانین بە سێ کوچکەی تاریکی پر مەترسی و هەرەشە ناویان بنێن. 

 

مەترسی پۆپۆلیزم لەڕۆژگاری ئەمرۆدا ؛
 

پۆپۆلیزم؛ بۆچونێکی سیاسییە، کە لەسەر بنەمای چەوساندنەوەی هەستی جەماوەر لە ڕێگەی پێشکەشکردنی چارەسەری ئاسان، بۆ کێشە ئاڵۆزەکان وێناکردن وپشاندانی نوخبەی سیاسی و ئابووری بەگەندەڵ، کە ناتوانن نوێنەرایەتی خەڵک بکەن. فەیلەسوفی ئیسرائیلی (یۆڤال نوح هەراری) لەبارەی  پۆپۆلیزم دەڵێت چەمکی پۆپۆلیزم لە وشەی لاتینی (populus) بۆ گەل هاتووە.  

 لەدیموکراسی دا، هەموو دەسەڵاتەکان لەگەلەوە سەرچاوەیان گرتووە، تەنها نوێنەرانی گەل دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی جەنگ، دەرکردنی یاسا و وەرگرتنی باجی هەیە. بۆیە پۆپۆلیستەکان بەڕوالەت دژی دیموکراسی نین، بەڵام لەبەر هۆکاری نادیار پێیان وایە، یەک پارت یەک سیاسەتمەدار دەسەڵات وەربگرێت. پۆپۆلیستەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن، تەنها ئەوان نوێنەرایەتی گەل دەکەن، بۆیە پێیان وایە دەبێت تەنها دەنگ بەوان بدرێت، گەر ئەوانیش براوە نەبن و دەنگ نەهێنن، دەڵێن دەنگ و هەڵبژاردن دزراوە. نمونە (دۆناڵد ترامپ) سەرۆکی ئەمریکا؛ کاتێک لەخولی پێشووی سەرۆکایەتی دەرنەچوو وتی هەڵبژاردن دزراوە ولایەنگرانی هەڵیان کوتایە سەر کۆشکی سپی، هەروەها سەرۆکی فەنزوێلا چاڤێز؛ دەیوت چاڤێز گەلە، سەرۆکی ئاک پارتیش ؛ لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن بە ڕکابەرکانی دەوت ئیمە گەلین ئێوە کێن. هەر لەمەڕ ئەم پرسە (ڤێنەر مولەر )فەیلەسوفی ئەڵمانی دەڵیت ئەوە پۆپۆلیستەکانن کە تەنها ئەوان خۆیان بەنوێنەری گەل دادەنێن.

 

مەترسیەکانی ژیری دەستکرد؛ برەودان بە شەپۆلی پۆپۆلیزم ؛
 

لەسەردەمی ژیری دەست کرد، جیهان رووبەرووی ئاڵنگارەیەکی تر بۆتەوە بەدەست تەوژمی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، هەڵرشتنی هەوڵ و زانیاری ساختە، کە ناتوانرێت هەوڵی ڕاست و ناڕاست لێکجیا بکرێتەوە ، ئەگەر بێت و ڕێگا لە هەوڵ و زانیاری ساختە نەگیرێت و بەیاسا ئەم پرسە گرنگ و هەستیارە لەسەر ئاستی جیهان رێک نەخرێت و یاسایەکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ دانەنرێت، جیهان و مرۆڤایەتی بەرەو چارەنوسێکی نادیار پەلکێش دەکات. هەراری : لە بارەی قەدەغە کردنی هەواڵ و زانیاری ساختە، دەڵێت لەبەرامبەر ئەو هەڕەشانەی ئەلگۆریتمەکان بۆ سەر گوتاری دیموکراسی دروستی دەکەن، دیموکراسیەکان بە هیچ جۆرێ بێ دەسەلات نین، ئەوان دەتوانن و پێویستە ڕێوشوێنی گونجاو بگرنەبەر، بۆ ڕێکخستنی زیرەکی دەسکرد و ڕێگرتن لەوەی کە بواری زانیاریمان بە هەواڵ وزانیاری ساختە و کەسانی ساختە پیس بکات. هەروەها  فەیلەسوفی ئەمریکی دانیاڵ دینێت: پێشنیاری کردوە سود لە ڕێگای نەرێتی وەربگرین بۆ ڕیگا گرتن لە (بۆتەکان) نمونە یاسای سزادان دژی ساختەکردنی پارە (دراوی کاغەز) واتە یاسای سزادانی بۆ دابنرێت، هەروەها ڕێوشوێنی گرنگتر کە دیموکراسیەکان دەتوانن بیگرنەبەر بۆ قەدەغەکردنی ئەو ئەلگۆریتمانەیە کە بەبێ چاودێری گفتوگۆ گرنگەکان کۆنترۆل دەکەن ، دەرکردنی یاسای ناوخۆیی و جیهانیە.

 

مەترسی دەسەڵاتخوازی و ستەمکاری شێوە مۆدێرنەکانی ؛
دەسەڵاتخوازی: سیستەمێکی حوکمڕانییە، بە چڕکردنەوەی دەسەڵات لە دەستی یەک کەس یان گروپێکی بچووکدا دەناسرێتەوە، هاوکات ڕۆڵی دامەزراوە دیموکراتییەکان وبنەماکانی دیموکراسی کەم دەکاتەوە، و ئازادی تاکەکان سەرکوت دەکات.

 لە سەردەمی مۆدێرندا، دیکتاتۆرییەت چیتر سنووردار نییە بە ڕژێمە سەربازییە تەقلیدییەکانەوە، بەڵکو شێوەی نوێی وەرگرتووە وەک دەسەڵاتخوازی هەڵبژاردن،  کە هەڵبژاردنی ناوخۆیی بۆ پاراستنی ڕواڵەتی دیموکراتی رێکدەخرێت، لە کاتێکدا ئەنجامەکان ناڕاستەوخۆ کۆنتڕۆڵ دەکرێن، هەوەک کۆنتڕۆڵکردنی میدیا بە سنووردارکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری، کۆنترۆڵکردنی پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، دەست گرتن بەسەر داتاکان بەرەو دکتاتۆریەتی داتا و ئیمپراتۆریەتی داتا هەنگاو دەنێن، سەرۆک وەزیرانی پێشووی هیند وتەیەکی جوانی هەیە لەم بارەیەوە دەڵیت ئەوەی دەست بەسەر زانیارییەکان دا بگرێت دەست بەسەر جیهاندا دەگرێت، دەکرێت بڵێن کۆمپانیاکنیش هەرەشەن، بە تایبەتی گەر بگەڕینەوە بۆ سەردەمی کۆمپانیای ( ڤۆکی هۆڵندی،  میسی سپی، و کۆمپانیای هیندی  بۆ خۆر‌هەڵاتی ناوەراست، کەکۆمپانیایەکی بەریتانی بوو.  بەراورد کردنی ئەم کۆپپانیایەنە بە کۆمپانیاکانی بواری داتا، و پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا لەوانە کۆمپانیای(میکرۆسۆفت،  گوگل، ئەمازۆن،  ئۆپن ئەی ئای (چات جی پیتی)، مێتا،تۆرەکانی سۆشیال میدیا و هتددد). گومانی تیا نییە ئەو تەوژمە پۆپۆلیستیە لە ئێستادا کاریگەرترە، کەرستە و ئامرازەکانی هەرزان تری بەردەستن، گەر لێرەدا باس لە کۆتا وتاری ماڵ ئاوایی جۆبایدن ( 46)مین سەرۆک ئەمریکا بکەین، سێ پرسی زۆر گرنگی کرد جێگای ڕامان ووردبونەوە، (وتی خەریکە حوکمی کەمینە لە ئەمریکا سەرهەڵدەدات، پرسی گۆرانی کەش و هەوا و پەرەپێدانی ژێری دەستکرد) ئەم سی پرسە کرۆکی وتارەکەی بوون، بەڵام ئەوەی مەبەستی ئێمەیە سەبارەت بە ژیری دەستکردە کە جەختی کردەوە لەوەی دەبێت پێشەنگ بین لە پەرەپێدانی ژیری دەستکرد لەسەر ئاستی جیهان، لەهەمان کاتدا جەختی کردەوە، دەبێت هاوسەنگی لە نێوان داهێنان و بەرپرسیاریەتی بپارێزین ودەبێت ژێری دەستکرد بەشێوەی (ئیتیکی) بەریوەبرێت،  هەروەها وتی دەبێت ژیری دەستکرد بە ڕێسای ڕوون ئاراستە بکرێن، کە ببێتە هۆی پاراستنی هاوڵاتیانمان، کارەکانمان و بەهاکانمان، بۆیە دەبێت پەلە بکرێت لە دەرکردنی یاسای ژیری دەستکرد لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جیهان دا.

لەبەرامبەردا سەرۆکی نوێی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ: لەوتاری دەست پێکی ئەم خولەیدا ووتی، من ئەمریکا دەخەمە پێشەوە، خوا ڕزگاری کردم تا ئەمریکا بکەم نەتەوەیەکی گەورە،  خەونی ئەمریکا دەگەرێتەوە، لە ئیدارەکەم بەشێک بەناوی بەشی کارایی حکومەت دروست دەکەم، ئێمە لە لێواری گەورەترین ساڵەکانی مێژووی ئەمریکا داین، لە پەیڤێکی پر مەترسی و شۆک هێنەردا ووتی: هیچ شتێک نیە کە نەتوانین نەیکەین، هیچ خەونێک نییە کە نەتوانین بەدەستی بهێنین. 

وەلەئێستادا، سەرۆک ترامپ: (٥٠٠) ملیار دۆلاری بۆ وەبەرهێنان لە ژیری دەست کرد (پرۆژەی ستار گەیت ) تەرخان کردوە، وتەکانی سەرۆک ترامپ، پێمان دەڵێت، وەمن وای دەبینم کە ئەوان دەوڵەتانی جیهان بە لقێکی کۆمپانیای پان ئەمریکان دادەنێن، پاسا و ئەرگۆمێنتی ئێمە بۆ ئەو باوەڕەمان دەگەڕێتەوە بۆ وتاری جێگری سەرۆکی ئەمریکا (جەی دی ڤانس) لە کۆنگرەی ئاسایشی میونشنی ئەم ساڵ دەرفەتی قۆستەوە لەکاتی وتارەکەیدا ڕەخنەی لە ئەوروپا گرت، بەهۆی سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین، ئەمەش (کریستۆف هیۆسکن ) سەرۆکی کۆنگرەی ئاسایشی میونشنی هێنایە گریان، لە میانەی وتاری کۆتایی کۆنفرانسەکەدا ڕایگەیاند، پرەنسیپە هاوبەشەکان ئەوەندە باو نین کە وەک جاران بیری لێدەکرایەوە، هیوسگن وتی: دوای وتارەکەی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی هەینی، دەبێت هۆشداری بدەین لەوەی کە بنەمای هاوبەشی پرەنسیپەکان (لە نێوان وڵاتانی ڕۆژئاوایی) باو نییە. هەروەها گفتوگۆی سەرۆک ترامپ و جێگرەکەی لەکاتی پێشوازی کردنیان لەسەرۆک زیلنسکی: ئاماژەی ڕوونن بۆ بارودۆخێکی پێشبینی نەکراو، تەنانەت ڕای (دکتۆر ئاڵان دۆنۆی) نوسەری کتێبی سەردەمی هیچ و پوچیشی تێپەراندوە.

بە بڕوای شارەزیانی بورای سیاسەت، مێژوو وسۆسۆلۆجیا، گەشەی پۆپۆلیزم لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی چەند هۆکارێکەوە گەشەی سەندووە، لەوانە قەیرانی ئابووری، نایەکسانی، نەمانی متمانەی هاوڵاتیان بەحکومەت، شۆڕشی تۆرە کۆمەڵایەتیەکان، هەواڵی ساختە. پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یارمەتی زۆری سەرکردە پۆپۆلیستەکانی داوە لەم قۆناغە، بەبێ ئەوەی پێویستیان بە داهات و سەرجاوەی مرۆی ومیدیای تەقلیدی هەبێت، هەرەها هەندێک گروپ هەست بە پەراوێزخستنی سیاسی دەکەن و پێیان وایە ڕژێمەکانی ئێستا نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانیان ناکەن. بۆیە لە ئێستادا مەترسییەکانی پۆپۆلیزم، دەسەڵات خوازی و دەوری (هەڵرشتنی هەواڵ و زانیاری ساختە) زادەی لەدایکبونی جیهانی ئینتەرنێت و ژیری دەس کردن کە هەرەشەی جدین  بۆسەر دیموکراسی .

 

کەواتە چۆن ڕووبەڕووی مەترسییەکانی پۆپۆلیزم و دەسەڵاتخوازی و هەواڵ وزانیاری ساختە ببینەوە ؟ 
 

ئەوە ئەو پرسیارەیە کە دەبێت عەوداڵی بین و بەدوای دا بگەڕین،  ئەمە مەترسی و هەرەشیە بۆ سەر تەواوی مرۆڤایەتی و سیستەمی هاوبەشی جیهانی، هەندێ لە شارەزایان ڕایان وایە؛

بەهێزکردنی دامەزراوە دیموکراسیەکان، بڵاوکردنەوەی هۆشیاری سیاسی، بەهێزکردنی هاوکاری نێودەوڵەتی بەکەڵکن، بۆ ڕێگا گرتن لە تەشەنەکردنی مەترسی ئەم سێ کوچکە تاریکە .

هەراری: لەسەر ئەم پرسە دەڵێت (ناڕوونی زیادبونی تۆڕی زانیاری، یەکێکە لە هۆکارەکانی شەپۆلی داوی پارتە  پۆپۆلیستەکان، ڕابەر و کاریزماتیکەکان،  کاتێک خەلک چیتر ناتوانێت مانایەک بۆ جیهان بدۆزیتەوە،  لێرەدا هەست بە بێ توانایی دەکەن، بەرامبەر ئەو زانیاریە زۆرانە کە ناتوانی هەزمی بکات،  هەروەها پێشنیار دەکات،  جیهان پابەندی دوو بنەمای سەرەکی بێت، بۆ ڕێگاگرتن لە دەسەڵاتی ڕەهای ئەلگۆریتمەکان، ئەوانیش: پابەندبوونی نیودەوڵەتی و جیهانی بە چەند یاسایەکی جیهانگیری، لەگەڵ ڕەچاوکردن و سەرخستنی بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی مرۆڤایەتی بەسەر بەرژەوەندی کەمینەیەک .

 

دەتوانین لە کۆتایی دا بڵێین ؛ 
 

پۆپۆلیزم، دەسەڵاتخوازی، وهەواڵ و زانیاری ساختە،  هەڕەشەی جدین بۆ سەر دیموکراسی و سیستەمی هاوبەشی نێودەوڵەتی. بۆ پاراستنی ئازادی و داهاتووی سیاسی، پێویستە حکومەتە دیموکراتییەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و خودی هاولاتیانیش بەرپرسیارێتیی خۆیان بگرنەدەست، و چارەسەرەکانی زانستی و یاسایی بگرنە بەر، چونکە پاراستنی دیموکراسی کارێکی ئاسان نییە، بەڵام پێویستە بۆ دابینکردنی ئایندەیەکی سیاسی سەقامگیرتر و دادپەروەرانەتر. کەواتە پۆپۆلیزم، یان میللەتگەرایی، یان میللەت خەلەتێنەران، ڕایان وایە ئەوەی لەگەڵ ئەوان نەبێت ، بەهاوڵاتی و خەلکی دانانێن. دەرنجام پۆپۆلیزم بە بەکار‌هێنانی دەسەڵاتخوازی و پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیاو هەواڵ وزانیاری ساختە دەتوانێت بگاتە ئەنارشیزم وەک چۆن دەتوانێت بگاتە تۆتالیتاریزم ئەوەش کاتی باوەڕی بە دکتاتۆریش نامێنێت.


PM:11:26:03/03/2025