ساڵی پار دکتۆرێکی گەنج لە میسر هاوڕێ وهاوکارێکی خۆی ( بەتەماعی بردنی پارەکانی ) کە ئەویش هەر دکتۆر بوو بە هاوکاری خانمێکی پارێزەر زۆر بە دڕندانە دەکوژێت ولە ناو کلینیکەکەی خۆی هەر بەجلەکانەوە دەینێژێت وکاشیەکان دەدەنەوە بەسەردا ئەو دکتۆرە تاوانبارە بە(طبیب الساحل) ناوبانگی دەرکرد ، ئەو تاوانە کۆمەڵگای میسری هەژاند ، ساڵانێکی لەوەوبەر دکتۆرێکی دان لە مەغریب دوای ئەوەی کە نەخۆشە ژنەکان بێهۆش دەکات دەستدرێژی سێکسی دەکاتە سەریان و وێنەشیان دەگرێت ، ئەو تۆڕە ترسناکەی بازرگانیکردن بە جەستەی مرۆڤەوە دەکەن وسەنتەرەکەی وولاتی تورکیایە ، بێگومان بەشێک لەو تۆڕە مافیا ترسناکە بریتین لەو دکتۆرە نەشتەرگەرانەی کە پڕۆسەی دەرهێنانی ئەندامەکانی جەستە ئەنجام دەدەن (زۆرجار بەبێ ئاگایی نەخۆشەکە خۆی و دۆخی هەژاری وبێئاگایی ومەینەتی ئەو مرۆڤە ئیستغلال دەکەن بۆ دزینی ئەندامەکانی جەستەی وفرۆشتنەوەی) ئەم بازرگانیە نامرۆڤانە وترسناکە ناکرێت ئەنجام بدرێت بێ هاوکاری و بەشداری ئەکتیڤانەی دکتۆرانی پسپۆڕ!!!
دکتۆرەکان ، حەکیمەکان ،بەدرێژایی مێژوو پێگەیەکی باڵا وڕێزلێگیراوی کۆمەڵایەتیان هەیە وهەبوە ، دکتۆر /پزیشک لە بیرکردنەوەی گشتیدا و لە پێناسەکردنێکی ئەبستراکت وبێلایەندا فیگەرێکی زانستی و کەسایەتیەکی زرنگ و هەڵگری زانستێکی باڵایە کە پەیوەستە بە لەشولاری مرۆڤ ، مرۆڤ وەکو باڵاترین بونەوەری خودا، پزیشک فیگەرێکە کە ڕاستەوخۆ و بواری کارکردنی پەیوەستە بە تەندروستی و ووردەکاری جەستەی مرۆڤ و چارەکردنی دەردو ئازارەکانی ، پزیشک بۆیە فیگەرێکی بەڕێز وبەویقار و پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەرز ورێزلێگیراوی هەیە چونکە تەنها پیشەیە کە پەیوەستە بە نزیکترین وبەنرخترین سەرمایەی مرۆڤەوە کە جەستەیەتی ، پزیشک دەچێتە ووردەکاری ژیانی نەخۆشەکانیەوە ، دەست دەدات لە تەواوی پارچەکانی جەستەوە لەبەردەم پزیشکەکاندا مرۆڤ(نەخۆش ) هیچ سنورێکی ئایینی و ئەخلاقی وکۆمەڵایەتی نامێنێت بۆ نمایش کردنی هەم ئازارەکانی ، هەم جەستەش ، دکتۆرەکان تاکە مەخلوقن کە پیشەکەیان مەشروعیەتی ئەوەیان پێدەدات کە نەخۆشەکانیان لەبەردەمیاندا ڕوتوقوت ببنەوە وەکو ئەو چرکەیەی کە دێنە ژیانەوە ، بۆیان هەیە بچنە ناو هەمو دیتایڵی نەخۆشەکان ودەست بدەن لە هەموو بەشێکی جەستەی ، لەبەردەم دکتۆرەکاندا سنگ و سک ودڵ وکەللەی سەر وهەموو پارچەیەکی جەستە قابیلی هەڵدڕین ودورینەوە ونەشتەرگەری و لێبڕین و هەڵدانەوە ودەسکاریکردنە ، ئەو چرکەیەی کە لەبەردەستی دکتۆرێکدا هەستیارترین شوێنی جەستەمان دەبینرێت ئەو چرکەیە کە دکتۆر دەکاتە مەخلوقێکی هەم ئەخلاقی وهەم ڕێزلێگیراو وهەم مرۆڤێک کە متمانەی شکانی ئازار و نەخۆشیەکانی خۆمان دەخەینە دەستی ئەوەوە ، هەربۆیە دکتۆرەکان لە یادەوەری جەمعی ئێمەدا کەسانێکن پێگەیەکی بەرز وڕێزلێگیراویان هەیە ، چینێکن ئەمین بەسەر تەندروستی کۆمەڵگا ونهێنی نەخۆشەکانەوە ، ئەو ڕەهەندە پیشەیی وزانستیە کە وای کردوە دکتۆرەکان بونەوەرێکی تایبەت و پێگەیەکی زانستی وکۆمەڵایەتی باڵایان هەبێت لە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا ، پزیشک جیاواز لەهەر پیشەیەکی تر ڕاستەوخۆ سەروکاری لەگەڵ جەستەی مرۆڤدایە ،کە هەستیارترین و گرنگترین سەرمایەی مرۆڤە ، بەرپرسیارە لە ژیان و جەستە و چاکبونەوەی جەستەیەکی بیمار ، دەرونێکی نەخۆش ، هەر بۆیە پێگەو پیشەکەیان پیشەیەکی باڵا و بەنرخ وپیرۆزە،، زانست وفێربون ودیققەت وبەرپرسیاری زۆریان لەسەر شانە ، ........ بەڵام
پزیشکیش وەکو هەر مرۆڤێکی دی دەشێت هەڵگری دەیان سروشت وخەسڵەتی خراپ بن ، دەشێت بەڕێکەوت یان بە تەماعی پەیداکردنی پارە وکۆکردنەوەی سەرمایە و دەوڵەمەند بون ئەو پیشەیەی هەڵبژاردبێت ، دەشێت کەسایەتیەکی نارسیس وخۆپەرست و بێویژدان بێت ، دەشێت بە ڕێکەوت بوبوێت بە پزیشک ، دەسێت کەسێک بێت دوور لە هەموو ئەخلاقی پیشەکەی ، دەشێت کەسێک بێت بۆ پرەستیج و خۆبادان وپێگەی کۆمەڵایەتی ڕوی لەو پیشەیە کردبێت ، ئەمڕۆ لە کوردستاندا کە هیچ سنور ویاسایەکی ئەخلاقی ویاسایی ، هیچ سنورێکی یاسایی و پیشەیی نیە لەسەر هیچ بوارێکی کارکردن و هیچ ڕێسا وپڕۆتۆکۆل ورێککەوتنێکی یاسایی ونیقابی نیە بۆ شێوازی کارکردن لەهیچ بوارێکدا یەکێک لەوانە بواری دەرمانسازی وپزیشکەکانە ، ئەم بوارە پیرۆزە ، ئەو پیشە بالایە بۆتە پانتاییەکی گومانلێکراو و ترسناک ، بوارێکی بێ لێپرسینەوە و بێسنور ، پانتاییەک بۆ بازرگانیەکی سەرنجڕاکێش وقازانجی مسۆگەر ، لەسەر حیسابی هەم تەندروستی خەڵک ، هەم لەسەر حیسابی متمانە بەو پیشە پیرۆزە و دکتۆریش وەکو فیگەر ، وەکو پیشە ڕێز وبەها ومتمانەی خۆی لەدەست دەدات.
دکتۆریش مرۆڤێکە دەشێت تاوانبار و دەمپیس وجنێو فرۆش بێت ، دەشێت مرۆڤی بێویژدان وئیستغلالی و خۆپەرست بێت ، دەشێت کۆنەپەرست و توندڕەو و تاوانباریش بێت ، دەشێت کەسێک بێت خۆی لەبەرپرسیاری بدزێتەوە ، کەسێک بێت ژن ومناڵەکانی بچەوسێنێتەوە ، دەشێت مرۆڤێک بێت دوور لەهەموو بەهایەکی ئەخلاقی وئینسانی وپیشەیی ، دەشێت کەسێک بێت لە ئاستی پیرۆزی پیشەکەیدا نەبێت وئێمە بەهۆی جوانی وبەهای پیشەکەیەوە خەڵەتانین پێی .