تیکتۆکچییەکان
رۆزا دڵشاد مەریوانی
تیکتۆک بەکارناهێنم و سوپاسگوزاریشم کە نەکەوتوومەتە ژێر کاریگەریی ئەو ئاپەوە، لەو ماوەیەدا ڤیدیۆی کچە هونەرمەندێکیان پیشاندام لە لایڤێکدا جگە لە ئاست نزمیی ئەو بابەتەی باسی دەکرد کە هیچ جۆرە مەعریفەیەکی نوێی فێری بینەران و فۆڵۆوەرەکانی نەدەکرد، لە کاتێکدا ئەگەر تەنیا تیکتۆکچییەک بوایە ئاسایی بوو، چونکە ئەو ئاپە بەوە ناسراوە کە هەموو کەسێک دەتوانێت پەیامەکانی تێدا بڵاوبکاتەوە جا باش بێت یان خراپ، بەڵام بە رای من ئەگەر ئەو کەسە هونەرمەند بێت، پێویستە کەمێک ئاستی لایڤ و ئەو بابەتانەی پێشکەشیان دەکات بەرزتر بێت. هاوکات ئەو کوردییەی قسەی پێدەکرد، تائێستا لە هیچ سەردەمێکدا زمانی کوردییم بەو وێرانییە نەبیستووە، بێگومان لەم جۆرە زۆرە و ئەو کوردییەی پێی دەدوێن بەجۆرێکە ئێمەی نەوەی سەدەی رابردوو بە ئەستەم لێیان تێدەگەین. 

نەوەی ئەم سەدەیە کە داهاتووی وڵاتن، بەهۆی ئەو بابەتە نەشیاوانەی لە  ڤیدیۆی تیکتۆکچییەکانەوە دەیانبینن، تووشی لادانی ئەخلاقی  دەبن
ئەمە نموونەیەکە و زۆر لەوە خراپتر هەیە، وەک هەمیشە لە هاوڕێ و خزم و کەسوکارەوە دەیانبیستم یان پیشانمی دەدەن، ئەو کەس و بابەتانە لەو جۆرەن کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئاکاری کۆمەڵگە تێکدەدەن. خۆشبەختانە لەماوەی رابردوودا هەندێ کەس لەسەر ئەو جۆرە بابەتانە سزا دران، ئەوەی دەمەوێت جەختی لەسەر بکەمەوە ئەوەیە، بەداخەوە نەوەی ئەم سەدەیە کە داهاتووی وڵاتن بەهۆی ئەو بابەتە نەشیاوانەی لە ڤیدیۆی کچ یان کوڕە تیکتۆکچییەکانەوە دەیانبینن، کە نەک تەنیا بەها کۆمەڵایەتییەکان دەبەزێنن، بەڵکو چێژی گشتی تێکدەدەن و گەنجان تووشی لادانی ئەخلاقی دەکەن، لەبری ئەوەی گرنگی بە خۆڕۆشنبیرکردن بدەن، وەک جۆرێک لە ماددەی هۆشبەر ئالوودەی ڤیدیۆ کورتەکانی تیکتۆک بوون، بۆیە دەبینین بەشێکی زۆری ئەم نەوەیە ئاستی رۆشنبیریی کۆمەڵایەتییان نزمە و زۆریان ئەوەی پێی دەوترێت «سۆشیاڵ ئانئێکزایتی»یان هەیە واتا ترس لە تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتیی و حەزنەکردن لە  قەرەباڵغیی. 
رەنگە بوترێت ئەی چارەسەر چییە؟ بێگومان چارەسەر ئەوەیە سانسۆر بخرێتە سەر ئەو جۆرە ئاپانە و ئەوانەی دەزانرێت ئاکاری خراپ بڵاودەکەنەوە، لە رێی داواکاری گشتی و دەسەڵاتی یاساییەوە سزا بدرێن و رێگریی لە ڤیدیۆ و لایڤەکانیان بکرێت،.بۆ دایکان و باوکانیش کارەکە قورسترە و دەبێت هەوڵبدەن جار جار منداڵەکانیان لە کاریگەریی و جادووی ئەو ئاپانە بهێننە دەرەوە و چالاکیی و کاری دیکەیان بۆ بدۆزنەوە، کە وەک خێزان یان لەگەڵ هاوڕێکانیاندا لە دەرەوەی ماڵ، دوور لە دنیای گریمانەکراو بیکەن.

AM:03:49:17/03/2025