میدیای مێگەل چییە؟
‌شەماڵ محەمەد

کۆمەڵێک مەکینەی بێویژدانی دەوڵەمەندن ، زۆرترین پارەیان تێدا خەرج دەکرێ ، کاریان ئاوەژوکردنی ڕاستییەکان و بەنجکردنی خەڵکە بە ئامانجی هێشتنەوەی خەڵک لە تاریکی و پاکانەکردن بۆ کاری قێزەوەن و گەندەڵی.

گرنگترین جیاکەرەوەکانی میدیای مێگەل

 ١- کار لەسەر لۆجیک ناکەن، بەڵکو کار لەسەر خنکاندنی لۆجیک دەکەن بە جوڵاندنی سۆز و عاتیفەی زۆرینەیەکی ناهۆشیار، بۆیە هەرگیز بیرمەندی ژیر و خەڵکی حەقبێژ لەو جۆرە میدیایانە نابینرێن.

٢- هێنانەپێشەوەی خەڵکێکی بەناوبانگ یا سەرنجڕاکێش بەڵام بێ هەڵوێست یا کەسایەتی لاواز وەک هونەرمەندی پارەپەرست، شاعیری دەربار، بانگخوازی ئاینفرۆش، کچی سەرنجراکێشی ناوەرۆک بەتاڵ ... هتد ، بۆ مسۆگەرکردنی زۆرترین بینەر و دروستکردنی باشترین کاریگەری.

٢- گرنگیدان بە بابەتی لاوەکی و شاردنەوەی پرسە گرنگەکان، بۆ نمونە لایەکی وڵات ئاو دەیبات ئەوان باسی سودەکانی باینجان دەکەن، نیوەی وڵات خۆپیشادان دەکات ئەوان باسی ڕزگارکردنی مراوییەک دەکەن لە نیوزلاند !

میدیای مێگەل چ بەکاردەهێنێ بۆ بەنجکردنی خەڵک؟

١- هەستی نیشتیمانپەروەری : لەڕێگەی پیشاندانی ئاڵا و سەرۆک و وێنەی جوانی نیشتیمان و سەرکەوتنی درۆزنانە و گەورەکردنی بچوکترین دەسکەوت و ڕازاندنەوەیان بە وێنە و ڤیدیۆی سەرنجڕاکێش و زۆرکردنی ژمارەی بینین بە پارە و ساختە و فێڵی جۆراوجۆر.

٢- هەستی ئاینی: لە ڕێگەی ختوکەدانی سۆزی خەڵکی بە دەقی موقەدەس بەڵام شێوێندراو، بۆ نمونە گۆرانی و مەولود و چیرۆکی بێمانا لەجیاتی کرۆکی ئاین و بەندبێژ و مرۆی نەزان لەجیاتی بیرمەند و زانایان دەکرێن بە بابەتی میدیاکان. بەمەش ئاینێکی تەواو لە خزمەت خۆیان پێشکەشی خەڵکی دەکەن.

بۆچی میدیا چەواشەکارەکان کاریگەرن؟

زۆریی ژمارەی بینەری  کەناڵە چەواشەکارەکان بەڵگەیە لەسەر نزمیی ئاستی هۆشیاریی خەڵک نەک باشیی ئەو کەناڵانە، میللەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چونکە ناخوێننەوە زۆر بە ئاسانی دەکەونە هەمو داوێکەوە و هەمو درۆ و چەواشەیەکیان بەسەردا تێدەپەڕێ، ئاخر زۆرینەی خەڵک قوڵ بیرناکاتەوە، یا هەر بیرناکاتەوە بەڵکو بیرکردنەوەی سپاردوە بە کەسێکی دیاریکراو (نیشتیمانی یا ئاینی)بۆیە بڕیارەکان سەرچاوەیان سۆز و عاتیفە دەبێ نەک لۆجیک و بیرکردنەوەی قوڵ، میللەتی ناهۆشیار ئەقڵی لە چاویەتی.

تا فێرنەبین بیربکەینەوە هەمیشە نێچیرێکی داماو و زەلیلی دەستی میدیا بێویژدانەکان دەبین و هەرگیز ناتوانین دروست بڕیاربدەین و چارەنوسیشمان لە ئێستامان باشتر نابێت.

AM:02:03:26/03/2024