یەکێک لە رۆژنامەنووسە فەرەنسییە بریندارەکانی دوێنێی موسڵ گیانی لەدەستدا




میترۆ
یەکێک لەو رۆژنامەنووسە فەرەنسیانەی کە دوێنی لە تەقینەوەی بۆمبێکدا لە شاری موسڵ برینداربوو، گیانی لەدەستدا و لە ئێستاشدا ئامادەکاری دەکرێت بۆ گەڕاندنەوەی تەرمەکەی بۆ فەرەنسا.

دوێنی لە ئەنجامی تەقینەوەیەکدا لە گەڕەکی موسڵی کۆنی شاری موسڵ، رۆژنامەنووسێکی کورد شەهید بوو، سێ رۆژنامەنووسی فەرەنسیش برینداربوون، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک لەمانەوەی یەکێک لە رۆژنامەنوسە بریندارەکان بە ناوی ستێفان ڤیلینیەڤ گیانی لەدەستدا.

به‌پێی زانیارییه‌كان لە ئێستادا تەرمی ئەو رۆژنامەنووسە و دوو رۆژنامەنووسە بریندارەکەی دیکە لە نەخۆشخانەیەکی سەربازی ئەمریکین لە گەیارە و ئامادەکاری دەکرێت بەمەبەستی گەڕاندنەوەی تەرمی رۆژنامەنووسە فەرەنسیەکە و دوو رۆژنامەنووسە بریندارەکەی دیکە بۆ وڵاتەکەیان.

پێشتریش کۆمەڵەی بەرگری کردن لە ئازادییە رۆژنامەوانییەکان لە عیراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، بەختیار حەداد پەیامنێری رۆژنامەی لۆفیگارۆی فەڕەنسا بووە و دوای تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو پێیدا شەهید بووە.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی له‌ مافی رۆژنامه‌نووسان به‌یاننامه‌یه‌كی له‌سه‌ر شه‌هیدبوونی به‌ختیار عه‌بدوڵا حه‌داد، بڵاوكرده‌وه‌، هاوكات له‌ زاری هاوڕێیه‌كی به‌ختیاره‌وه‌ به‌ناوی ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر جاف بڵاویكرده‌وه‌: "بەداخەوە هیچ لایەنێك هاوكاری ورێنشاندەرو چاوساغی رۆژنامەنووسان ناكات و ئاگاداریان ناكاتەوە لە مەترسی ناوچەكان لە هەبوونی بۆمبی چێنراو یان هەر مەترسیەكی دیكە. 

وتیشی:" كارەكان بەشێوەیەكی هەرەمەكی بەرێوەدەچێت هیچ هاوكاری و كارئاسانی بۆرۆژنامەنووسان ناكرێت.
باسی لەوەشكرد "شانەی راگەیاندنی جەنگی هەیە بەڵام هەركەس و بۆ خۆی كاردەكات".

بەپێی ئاماری روانگەی ئازادی رۆژنامەنوسی (JFO) كە بە شەراكەت لەگەڵ سەنتەری (METRO)دا كار دەكات، تەنها لە نێوان 3ی ئایاری 2016 بۆ 3ی ئایاری 2017، 20 رۆژنامەنوس لە عێراقدا كوژراون .

سەنتەری میترۆ بەردەوام لە رێگەی دیدارو بەیاننامەكانی داوای لە دەزگاكانی راگەیاندن كردە مەرجەكانی سەلامەتی بۆ رۆژنامەنوسان ئامادەبكەن بەر لە ناردنیان بۆ بەرەكانی جەنگ، لە پێش هەموو مەرجەكانیش وەرگرتنی راهێنان بێت بۆ پەیامنێرانی جەنگ.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.

بەرەبەیانی‌ یەکشەممە 18ی‌ حوزەیران هێزه‌ عیراقیەکان دواین ئۆپراسیۆنی‌ کۆنترۆڵکردنەوەی‌ گه‌ڕه‌كی موسڵی كۆنیان له‌ بەری‌ رۆژئاوای موسڵ دەستپێکرد و عه‌بدولئه‌میر یاره‌ڵا فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ نەینەوا رایگەیاند، هێزه‌كانی سوپا و دژه‌ تیرۆر و پۆلیسی فیدراڵی، لە سێ قۆڵەوە چونەتە نێو گه‌ڕه‌كی مووسڵی كۆنەوە.

لە 19ی‌ شوباتی‌ رابردوودا ئۆپراسیۆنی‌ کۆنتڕۆڵکردنەوەی‌ بەری‌ رۆژئاوای‌ موسڵ دەستی‌ پێکردووە و بەپێی ئامارەکان لە چوار مانگی‌ رابردوودا زیاتر لە 800 هەزار کەس ئاوارە و دەربەدەربوون.


وێستگه‌ نیوز


AM:11:05:20/06/2017




ئه‌م بابه‌ته 1512 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌