میترۆ
بۆ ڕووماڵی سوێندخواردنی مەسرور بارزانی و وەزیرەکانی کابینەکەی ڕێگریی لە ڕۆژنیوز دەکرێت.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە دانیشتنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت و تیایدا متمانە بە کابینەی نۆیەم بدرێت، کە مەسرور بارزانی سەرۆکایەتیی دەکات و هەریەک لە مەسرور بارزانی و جێگرەکەی(قوباد تاڵەبانی) و ٢١ وەزیر سوێندی یاسایی بخۆن و بۆ ئەو مەبەستەش زۆرینەی کەناڵە کوردی و عیراقییەکان چونەتە پەرلەمانی کوردستان بۆ روماڵکردنی ئەو پڕۆسەی سوێندخواردنە.
بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئاژانسی ڕۆژنیوز ڕێگری لێکراوە بچێتە پەرلەمانی کوردستان و هەرچەندە تەواوی ڕاگەیاندنەکان لەلایەن بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانەوە بانگهێشتکراون و ڕێگاپێدراون بۆ ڕووماڵکردنی دانیشتنەکە بەڵام رێگە بەو کەناڵە میدیایە نەدراوە.
ئاژانسی رۆژ نیوز رایگەیاندوە "دەزگاکەمان هەموو بەڵگەکانی پێشکەش بە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کردووە و ڕووماڵی هەموو دانیشتنە ئاساییەکانی کردووە لە ڕابردوودا، جگە لە دانیشتنی ڕۆژی ١٠/٦/٢٠١٩ کە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوێندی یاسایی خوارد کە لەو دانیشتنەدا مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئامادەبوو، بەڵام لەم دانیشتەنەدا رێگریان لێکردون".