ئاماری‌ پێشێلكارییه‌كانی‌ 2019 به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نووسان و ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندن




میترۆ


ده‌قی‌ ئاماره‌كه‌:


به‌پێی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری مامه‌ڵه‌ له‌ كه‌یسی رۆژنامه‌نوسان ناكرێت
له‌ سێ لاوه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری ده‌كرێت
رۆژنامه‌نوسانی كوردستان له‌هه‌موو كات زیاتر پێویستیان به‌ڕه‌خساندنی ژینگه‌یه‌كی ئارام و هانده‌ر بۆ كاره‌كانیان هه‌یه‌، ژینگه‌یه‌ك زامنی ئازادی راده‌ربڕین و گه‌یشتن به‌ سه‌رچاوه‌كانی زانیاری بكات، تا بتوانن زانیاری بۆ خه‌ڵك بگوازنه‌وه‌ و ببنه‌ هاوبه‌ش له‌ پرۆسه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی.
 ژینگه‌یه‌ك به‌پێی پێوه‌ره‌نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، میدیا سه‌ربه‌خۆ و فره‌ ره‌نگ بێت. ئازادی راده‌ربڕین له‌هۆكاره‌كانی میدیای بینراو، بیستراو، نوسراو، ئه‌لیكترۆنی، پارێزراو بێت.كاری جدی بكرێت بۆكۆتایهێنان به‌دیارده‌ی ده‌ربازبوون له‌سزا، له‌و تاوانانه‌ی به‌رامبه‌ر میدیاكاران ئه‌نجام ده‌درێت. یاسای رۆژنامه‌گه‌ری و زانیاری، به‌شێوه‌یه‌ك كارا بێت كه‌ زامنی به‌شداریان بكات له‌ چه‌سپاندنی پره‌نسیپه‌كانی شه‌فافیه‌ت و لێپرسینه‌وه‌.
توندوتیژی له‌سه‌ر بنه‌مای جێنده‌ر
هه‌رچه‌نده‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ ده‌رباره‌ی بێزاركردن، توندوتیژی له‌دژی ئافره‌تان و كچان له‌ڕێگه‌ی میدیا،تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان،هه‌ڵمه‌ته‌كانی ته‌ندروستی گشتی و لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی زیادیكردووه‌، به‌لاَم جارێ پاراستنی كچان و ژنانی رۆژنامه‌نوسان له‌ناو دامه‌زراوه‌كانی میدیا، ئاڵنگارییه‌كی گه‌وره‌یه‌ كه‌ رووبه‌ڕووی ده‌زگاكانی میدیا و رێكخراوه‌كانی داكۆكیكار ده‌بێته‌وه‌. 
به‌ هۆی هه‌ستیاری بابه‌ته‌كه‌ كه‌یسه‌كانی هه‌راسانكردنی ژنان و كچانی میدیاكار، بێده‌نگی لێكراوه‌، به‌لاَم هه‌وڵی گرنگ هه‌یه‌ بۆ شكاندنی ئه‌و بێده‌نگییه‌، گفتوگۆی به‌رده‌وام هه‌یه‌ بۆ په‌رده‌لادان له‌سه‌ر ئه‌م جۆره‌ له‌پێشێلكاری، له‌سه‌ر بنه‌مای سێكسی و جێنده‌ری به‌رامبه‌ر میدیاكاران و هه‌ڵسه‌نگاندنی مه‌ترسییه‌كان و هاوكاریكردنی قوربانیان. گرنگترین راپۆرتی بنكۆڵكاری له‌م بواره‌دا رۆژنامه‌نوس (كۆڕاڵ نوری) بۆ تۆڕی ڕۆژنامه‌نوسانی عێڕاقی بۆ ڕۆژنامه‌گه‌ری بنكۆڵكاری، ئاماده‌یكردووه‌، ده‌ڵێت: له‌ كۆی 600 رۆژنامه‌نوسی ژن كه‌ به‌شداری راپرسییه‌كه‌یان كردوه‌ (127) یان، ئاماده‌ نه‌بوون وه‌لاَم بده‌نه‌وه‌.
مایه‌ی نیگه‌رانییه‌ كه‌ سه‌رباری بوونی كچان و ژنانی رۆژنامه‌نوسی به‌توانا، له‌ زۆربه‌ی دامه‌زراوه‌كانی میدیا، له‌ ده‌سته‌كانی سه‌ركردایه‌تیكردن و بڕیار، به‌ڵام سود له‌ تواناكانیان وه‌رناگرن و به‌ ئه‌نقه‌ست رۆڵیان فه‌رامۆشكراوه‌، هاوسه‌نگی جێنده‌ری له‌ناو ئه‌و دامه‌زراوانه‌ لاوازه‌، بێزاركراون و  هه‌راسانكردنیش له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌لاَیه‌تییه‌كانیش له‌ولاوه‌ بوه‌ستێت.
ئێمه‌ وه‌ك سه‌نته‌ری میتروَ له‌به‌رنامه‌ی كاركردنماندا به‌ هاوكاری رێكخراوی (IMS)ی دانیماركی و (Internews)ی ئه‌مریكی ده‌رباره‌ی لایه‌نی یه‌كسانی جێنده‌ری، كارمان كردووه‌ بوَ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی هه‌راسانكردن له‌سه‌ر بنه‌مای جێنده‌ر، تا له‌ به‌رنامه‌و په‌یڕه‌وی ناوخۆماندا ره‌نگبده‌نه‌وه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی په‌یامی ژنان و پیاوانی میدیاكار، به‌جیاوازی جێنده‌ری گۆڕانكاریان به‌سه‌ردا نایه‌ن و یه‌ك په‌یامی میدیایین و ئامانجیش گواستنه‌وه‌ی راستیه‌كانه‌ بۆ رای گشتی، به‌لاَم له‌  زۆر حاڵه‌تدا، له‌ دابه‌شكردنی به‌رنامه‌كانی میدیا ژنانی رۆژنامه‌نوس له‌ به‌شی  هه‌مه‌ره‌نگدا ئه‌ركیان پێده‌سپێردرێت، به‌رنامه‌ سیاسییه‌كانیش بۆ رۆژنامه‌نوسی پیاو، به‌ بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌مان له‌یاد بچێت كه‌ له‌ هه‌ندێ كه‌ناڵی میدیا، ژنان هه‌م له‌ پۆستی بالاَو هه‌م له‌ به‌رنامه‌ی سیاسیدا دیارن و ئه‌و كه‌نالاَنه‌ هه‌لیان بۆ ره‌خساندوون، به‌لاَم وه‌ك پێویست ره‌چاوی یه‌كسانی جێنده‌ری تیا نه‌كراوه‌.
میترۆ بۆ ساڵی 2020 به‌ هاوكاری IMS له‌ راپۆرتی سالاَنه‌یدا تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی كه‌ به‌ هۆی جیاوازی ره‌گه‌زییه‌وه‌، به‌رامبه‌ر به‌ میدیاكارانی ژن ئه‌نجام ده‌درێن، له‌گه‌ڵ ده‌زگاكانی میدیا هه‌وڵی جدی ده‌دات به‌ ئامانجی ره‌خساندنی هه‌لی راسته‌قینه‌ بۆ ژنانی رۆژنامه‌نوس و ئاشكراكردنی گرفت و پێشێلكارییه‌كان.
هه‌ره‌شه‌ له‌ كچانی رۆژنامه‌نوس
ئاڤان جاف، سه‌رنوسه‌ر گۆڤاری ژن، یه‌ك له‌دیدارترین ئه‌و كچه‌ رۆژنامه‌نوسانه‌ن كه‌ به‌هۆی بلاَوكردنه‌وه‌ی راوبۆچونه‌كانی ئه‌مساڵ توشی سوكایه‌تی و ناوزڕاندن بووه‌وه‌، هه‌ڕه‌شه‌ی لێكرا.
ئاڤان ده‌ڵێت كه‌ به‌ هۆی ده‌مارگیری حزبیی، رۆژانه‌ سه‌دان پۆست ده‌بینی كه‌ پڕن له‌ سوكایه‌تی و گوتاری رق و كینه‌ به‌رامبه‌ر یه‌كتر و رای جیاواز و ژنانی رۆژنامه‌نوس به‌ تایبه‌تی وتی "پاش بلاَوكردنه‌وه‌ی پۆستێكم نامه‌ی هه‌ڕه‌شه‌م بۆ هات " (نامه‌كان پارێزراون له‌ METRO).
ئاڤان هۆكاری ئه‌م دیارده‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌ جارێ فه‌رهه‌نگی پیاو سالاری زاڵه‌ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای كوردستان و ده‌ركه‌وتنی ژنان و كچانی رۆژنامه‌نوس یان چالاكوان و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ به‌سه‌ر ئه‌و سیسته‌مه‌ پیاو سالارییه‌ ده‌زانن.
ئاڤان چه‌ند ساڵێكه‌ كه‌مپه‌ینێكی له‌ تۆڕی كۆمه‌لاَیه‌تی هه‌یه‌ به‌ ناوی "ده‌ستخۆش" ئه‌م كه‌مپه‌ینه‌ هانی ئه‌و كچ و ژنانه‌ ده‌دات كه‌ سه‌ركه‌وتوون له‌ بواره‌كانی كاركردنیاندا.  
هه‌ردوو رۆژنامه‌نوس په‌رچه‌م قه‌ره‌داغی، سۆلین عه‌لی، كه‌ پێشتر كاریان بۆ سایتی خه‌ندان و رادیۆ نه‌وا ده‌كرد، ئێستا فریلانسن، به‌ دواداچوون بۆ كه‌یسی كوشتنی سێوان قادر ده‌كه‌ن كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی تشرینی دووه‌می 2018 ، له‌ قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ خۆی و سێ منداڵه‌كه‌ی له‌ ماڵه‌كه‌‌ی خۆیان سوتان و ده‌ستبه‌جێ هه‌رسێ منداڵه‌كه‌ی گیانیان له‌ده‌ست دا و دوای یه‌ك هه‌فته‌ مانه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌، سێوانیش گیانی له‌ده‌ست دا و پێش مردنی ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد كه‌ "مێرده‌كه‌ی ئه‌و كاره‌ی كردووه‌."
په‌رچه‌م ده‌ڵێت ئه‌وان به‌ هۆی به‌دواچوونیان بۆ كه‌یسه‌كه‌ توشی هه‌ره‌شه‌ بوون و چاودێریشیان كردوون، وتیشی‌" به‌ ماسنجه‌ر هه‌ره‌شه‌مان لێده‌كه‌ن و نامه‌یان فڕێداوه‌ته‌ حه‌وشه‌ی ماڵه‌وه‌مان هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ژیانمان ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر بێتوو ده‌ست هه‌ڵنه‌گرین له‌و كه‌یسه‌".
ده‌ستبه‌سه‌ركردن وه‌ك تۆڵه‌ به‌كاردێت 
سه‌نته‌ری میترۆ له‌ماوه‌ی رابردوودا به‌دواداچوونی بۆ چه‌ند كه‌یسێكی رۆژنامه‌گه‌ری كردووه‌، سه‌رنجی داوه‌ هه‌ندێ له‌ كه‌یسه‌كانی تایبه‌ت به‌ بلاَوكردنه‌وه‌ له‌ بنكه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، به‌ ته‌واوه‌تی یاسای كاری رۆژنامه‌نوسی فه‌رامۆش ده‌كه‌ن و به‌یاسایه‌كی تر لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووس ده‌كرێت و (ده‌ستبه‌سه‌ركردن) له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری، وه‌ك تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌ رۆژنامه‌نوسان، به‌كاردێنن. 
له‌12ی تشرینی دووهه‌م، ئامانج ئه‌حمه‌د، په‌یامنێری سایتی (سبه‌ی)  له‌سۆران و باڵه‌كایه‌تی  به‌مه‌به‌ستی كارێكی رۆژنامه‌وانی ده‌چێته‌ ناوچه‌ی برادۆست و له‌ بنكه‌ی ئاسایشی ناوچه‌كه‌ و به‌ پاساوی "وه‌رنه‌گرتنی مۆڵه‌ت" راده‌گیرێت.
رۆژی 10ی تشریینی دووهه‌م به‌ هۆی بلاَوكردنه‌وه‌ی راپۆرتێك له‌كه‌ناڵی NRT دادوه‌رێك  سكالاَی یاسای له‌سه‌ر به‌رێوه‌به‌ری ئه‌و كه‌ناڵه‌، شوان عادل و په‌یامنێره‌كه‌یان، ئیحسان سابیر، تۆماركرد. له‌به‌رده‌م دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی كه‌لار وته‌یان لێوه‌رگیرا و بریاردرا 20 رۆژ  ده‌ستبه‌سه‌ربكرێن، به‌لاَم هه‌مان رۆژ كه‌فاله‌تیان بۆ كرا .
پێشتریش هه‌ریه‌ك له‌(محه‌مه‌د ره‌ئوف، فازل حه‌مه‌ ره‌فعه‌ت، نامیق ره‌سوڵ، نیاز عه‌بدوڵا) سه‌رنوسه‌رو ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی نوسه‌رانی (دره‌و میدیا) و رۆژنامه‌نوسان، هێمن مامه‌ند، رزگار كۆچه‌ر، كارۆخ عومه‌ر سه‌نوسه‌ری سنور میدیا، به‌ پێی (یاسای ژماره‌ 6ی ساڵی 2008 یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیكردن له‌هه‌رێمی كوردستان) بانگ كران بۆ به‌رده‌م دادگا.
سه‌نته‌ری میترۆ رایده‌گه‌یه‌نێت هه‌موو پابه‌ندین به‌ یاسای گشتی ، به‌لاَم كه‌ یاسای تایبه‌ت هه‌بوو بۆ توێژێكی دیاریكراو ئه‌و كات دادگان په‌نا بۆ یاسا تایبه‌ته‌كه‌ ده‌به‌ن بۆیه‌ وتراوه‌ " الخاص یقید العام".
 له‌ یاسای كاری رۆژنامه‌گه‌ریدا، باس له‌ده‌ستبه‌سه‌ركردن و حوكمی زیندان نه‌كراوه‌، جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌ "ده‌بێت به‌ بڕگه‌كانی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نوسان بكرێت، ده‌ستبه‌سه‌ركردن و راگرتنی رۆژنامه‌نوسان له‌ بنكه‌كانی پۆلیس و ئاسایش تۆڵه‌كردنه‌وه‌یه‌ له‌میدیاكاران و ئێمه‌ ره‌تیده‌كه‌ینه‌وه‌".
یاسای رۆژنامه‌گه‌ری جه‌ختده‌كاته‌وه‌ "نابێت ئه‌و راوبۆچوونه‌ی له‌ لای رۆژنامه‌نوس ده‌رده‌چێ، یان ئه‌و زانیاریانه‌ی كه‌ بلاَویان ده‌كاته‌وه‌ ببنه‌ هۆی تێكدانی باری ژیانی، یان زیان به‌ خۆی و مافه‌كانی بگه‌یه‌نێت".
به‌ڕێوه‌به‌ری رادیۆی ده‌نگ حوكمدرا
له‌ 18ی تشرینی دووهه‌م به‌هۆی سكاڵایه‌ك له‌سه‌ر رادیۆی ده‌نگ، دادگای كه‌تنی كه‌لار، ئازاد عوسمان به‌ڕێوه‌به‌ری رادیۆكه‌ی به‌ سێ مانگ به‌ندكردن له‌گه‌ڵ راگرتنی جێبه‌جێكردن و پێبژاردنی 225 هه‌زار دینار سزادا.
هه‌رچه‌نده‌ بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ بلاَوكردنه‌وه‌وه‌ هه‌بوو، به‌لاَم بڕیاره‌كه‌ی دادگا به‌ پێی مادده‌ی 433 له‌ یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری حوكمه‌كه‌ی ده‌ركرد.
 ئازاد عوسمان، به‌ڕێوه‌به‌ری رادیۆكه‌ی به‌سێ مانگ به‌ندكردن له‌گه‌ڵ راگرتنی جێبه‌جێكردن و پێبژاردنی 225 هه‌زار دینار حوكم داوه‌.
له‌ 8ی كانوونی یه‌كه‌م، شوان عادل به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی كه‌ناڵی NRT به‌ فه‌رمانی دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی سلێمانی له‌سه‌ر داوایه‌كی سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی ده‌سبه‌سه‌ركرا، فه‌رمانه‌كه‌ بۆ 7 رۆژ بوو، به‌لاَم پاش مانه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی یه‌ك شه‌و له‌ زیندان  له‌ 9 ی كانوونی یه‌كه‌م به‌ كه‌فاله‌ت ئازادكرا.
سه‌نته‌ری میترۆ بڕوای ته‌واوی هه‌یه‌ كه‌ پیشه‌ی رۆژنامه‌نوسی‌، وه‌ك هه‌ر پیشه‌یه‌كی تر قابیلی ئه‌وه‌یه‌ رۆژنامه‌نوس هه‌ڵه‌ بكات، ره‌نگه‌ به‌ هۆی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی بلاَویده‌كاته‌وه‌، خه‌ڵكێك زه‌ره‌رمه‌ند بن و ببێته‌ هۆی له‌كه‌داركردنی كه‌سایه‌تییان، بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ین به‌ پێی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری مامه‌ڵه‌ له‌كه‌یسه‌كانی نوسین و بلاَوكردنه‌وه‌ بكرێت كه‌ یاساكه‌ سزای غه‌رامه‌كردنی داناوه‌. به‌لاَم ئه‌م كه‌یسانه‌ی كه‌ له‌ میترۆ تۆمار ده‌كرێن له‌وه‌ ناچن به‌ پێی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری بن. 
په‌یامنێر و وێنه‌گری KNN له‌ چه‌مچه‌ماڵ  ئاری لوقمان و هێمن ئه‌حمه‌د، به‌ر له‌ 9 ساڵ له‌سه‌ر شكاندنی كامێراكه‌ی داوا له‌سه‌ر چه‌ند ئه‌فسه‌رێك تۆمار ده‌كات ، كه‌چی  له‌ 16ی ئایاری 2019،  خۆی بانگ ده‌كه‌ن بۆ بنكه‌ی پۆلیس پاش ده‌ستبه‌سه‌ركردنیان بۆ ماوه‌ی 24 كاتژمێر ئازاد ده‌كرێن. 
هه‌ردوو رۆژنامه‌نووسی‌ ‌ رۆژنیوز (زوبێر برادۆستی‌) كه‌ له‌ 21ی‌ حوزه‌یران و (بڕیار محمه‌د) له‌ 21ی‌ ئاب له‌ هه‌ولێر به‌ جیا ده‌ستبه‌سه‌ركران، یه‌كه‌میان زیاتر پێنج مانگ، دووهه‌میان زیاتر له‌ 10 رۆژ، له‌ حجز مانه‌وه‌، پاشان ئازاد كران.
له‌ 12ی تشرینی دووهه‌م، ئامانج ئه‌حمه‌د، په‌یامنێری سایتی (سبه‌ی)  له‌ سۆران و باڵه‌كایه‌تی  به‌مه‌به‌ستی كارێكی رۆژنامه‌وانی ده‌چێته‌ ناوچه‌ی برادۆست و له‌ بنكه‌ی ئاسایشی ناوچه‌كه‌ و به‌ پاساوی "وه‌رنه‌گرتنی مۆڵه‌ت" راده‌گیرێت.
هه‌موو ئه‌و رێوشوێنانه‌ی دادوه‌رانی لێكۆلێنه‌وه‌ په‌یڕه‌ویان كردوه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌یاسای كاری رۆژنامه‌گه‌ریدا باس له‌ ده‌ستبه‌سه‌ركردن و حوكمی زیندان نه‌كراوه‌، كه‌ ده‌بوو به‌ بڕگه‌كانی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌یسانه‌ بكرێن و له‌كاتی خۆیدا به‌ كه‌فاله‌ت ئازاد بكرێن، نه‌ك له‌ ده‌ستبه‌سه‌ركردن، بمێننه‌وه‌.
حكومه‌ت هاته‌ ده‌نگ
به‌ هۆی جێبه‌جێنه‌كردنی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری له‌كه‌یسه‌كانی تایبه‌ت به‌ رۆژنامه‌نوسان و ده‌ستبه‌سه‌ركردن و حكومدان له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسانه‌، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی‌ كوردستان (قوباد تاڵه‌بانی)، هاته‌ ده‌نگ و له‌پۆستێكدا له‌په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك رایگه‌یاند "زیندان شوێنی رۆژنامه‌نووس و ره‌خنه‌گران نییه‌، به‌ڵكو شوێنی دز و پیاوكوژانه‌. نووسین به‌ نووسین وه‌ڵام ده‌درێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌نووسێكیش هه‌ڵه‌یه‌كی كرد و بێ به‌ڵگه‌ كه‌سێك و لایه‌نێكی تۆمه‌تبار كرد ئه‌وا یاسای كاری رۆژنامه‌گه‌ریمان هه‌یه‌ و ده‌بێت به‌پێی یاسا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت، نه‌ك په‌نا ببرێت بۆ ده‌ستگیركردن و هه‌ڕه‌شه‌ و توندوتیژی."
جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی‌ كوردستان، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا"له‌ماوه‌ی داهاتوودا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و رۆژنامه‌نوسان رێكده‌خه‌م بۆ ئه‌وه‌ی رێوشوێنێك بدۆزینه‌وه‌ بۆ چۆنیه‌تی كۆتاییهێنان به‌م جۆره‌ مامه‌ڵه‌كردنانه‌ كه‌ دواهه‌مینیان ده‌ستگیركردنی رۆژنامه‌نوس ئازاد عوسمانه‌".
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌دا له‌ 15ی كانونی یه‌كه‌م جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران قوباد تاڵه‌بانی سه‌په‌رشتی كۆبونه‌وه‌یه‌كی كرد.
 كۆبونه‌وه‌كه‌ به‌ ئاماده‌بونی مه‌حه‌مه‌د مه‌حه‌مه‌د سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری، نوێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، داواكاری گشتی، سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان و سه‌نته‌ری میترۆ، د. سامان فه‌وزی وه‌ك پسپۆری بواره‌كه‌، مه‌جید صالح راوێژكاری په‌رله‌مان، ئازاد عوسمان،به‌رێوه‌به‌ری رادیۆی ده‌نگ به‌ڕێوه‌چوو.
كۆبوه‌نه‌وه‌كه‌ به‌لای ئێمه‌وه‌ گرنگ بوو، چونكه‌ هه‌مووان په‌رۆشییان نواند بۆ سه‌روه‌ری یاسا، به‌تایبه‌تیش جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت كه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌یسه‌كانی رۆژنامه‌نوسان و كێشه‌كانیان ده‌بێت مامه‌ڵه‌یه‌كی جیاوازیان له‌گه‌ڵدا بكرێت و "زیندان شوێنی رۆژنامه‌نوس نییه‌، باشتره‌ په‌نا بۆ وه‌لاَمدانه‌وه‌ ببرێت و نه‌رمونیان بین له‌گه‌ڵ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كه‌یسه‌كانی بیرورا له‌ دادگاكاندا." هه‌روه‌ها باسی گرنگی كاراكردنی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری و مافی زانیاری به‌ تایبه‌تیش داوایكرد له‌ كه‌یسه‌كانی تایبه‌ت به‌بلاَوكردنه‌وه‌ و نوسیندا یاسای رۆژنامه‌گه‌ری ئه‌و پرسانه‌ رێكبخات.




په‌رله‌مان پشتیوانه‌
سه‌نته‌ری میترۆ له‌ دیدارو چالاكی و هه‌ڵوێسته‌كانیدا، له‌ هه‌وڵدابووه‌ به‌ ئامانجی سه‌روه‌ری یاساو فراوانكردنی هاوپه‌یمانی رۆژنامه‌نوسان و چالاكوانی مه‌ده‌نی و دامه‌زراوه‌ ره‌سمییه‌كان به‌ ئامانجی رێزگرتن له‌ یاسای رۆژنامه‌گه‌ری. له‌ سه‌ردانی سه‌نته‌ری میترۆ بۆ لای سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، رێواز فایه‌ق داوامان كرد له‌كه‌یسه‌كانی تایبه‌ت به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ ده‌بێت په‌نا بۆ یاسای گشتی نه‌برێت و به‌بڕگه‌كانی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ له‌كه‌یسه‌كانی رۆژنامه‌نوسان بكرێت.
وه‌فدی‌ میترۆ باسیانله‌ به‌دواداچوونی خۆیان بۆ چه‌ند كه‌یسێكی رۆژنامه‌گه‌ری كرد، كه‌ تایبه‌تن به‌ بڵاوكردنه‌وه‌، به‌ڵام له‌ بنكه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ به‌ ته‌واوه‌تی یاسای كاری رۆژنامه‌نوسی فه‌رامۆش ده‌كرێت. به‌ یاسایه‌كی تر لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نوس ده‌كرێت و بڕیاری (ده‌ستبه‌سه‌ركردن) یان بۆ ده‌رده‌چێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری.
هه‌روه‌ها باسله‌گرنگی كاراكردنه‌وه‌ی یاسای مافی ده‌سكه‌وتنی زانیاری كرا وه‌ك چه‌كێكی گرنگ له‌ شه‌ڕی دژه‌ گه‌نده‌ڵی.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پشتیوانی له‌ داخوازی سه‌نته‌ری میترۆ و رۆژنامه‌نوسانكرد، جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ "كه‌یسه‌كانی تایبه‌ت به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ ده‌بێت په‌نا بۆ یاسای گشتی نه‌برێت و به‌بڕگه‌كانی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ له‌كه‌یسه‌كانی رۆژنامه‌نوسان بكرێت".
ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم
له‌ ناوچه‌كانی ماده‌ی 140 ی ده‌ستور، رۆژنامه‌نوسان مامه‌ڵه‌یه‌كی خراپیان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت و له‌ ژینگه‌یه‌كی دوژمنكارانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ پیشه‌كه‌یان كاری رۆژانه‌ی خۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
به‌ هۆی ده‌ستبه‌سه‌ر كردن و توندوتیژی و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر كه‌لوپه‌لی رۆژنامه‌وانی، رێگری له‌روماڵی روداوه‌كان، پێنه‌دانی زانیاری، سوكایه‌تی، تا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی له‌ ناو سنوری یه‌ك پارێزگادا به‌ماده‌ی  به‌زاندنی سنور (تجاوز حدود) رۆژنامه‌نوسان دادگایی بكرێن.
 میترۆ له‌ ناوه‌ڕاستی ئایاری 2019 داوای له‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی عێراق كرد، لێكۆڵینه‌وه‌ی جدی له‌و پێشێلكارییانه‌ بكه‌ن.
تیمێكی كه‌ناڵی KNN له‌لایه‌ن پۆلیسی فیدراڵی و پۆلیسی فیدراڵی و هێزێكی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ له‌ كاتی ئاماده‌كاریی بۆ تۆماركردنی به‌رنامه‌یه‌كدا له‌ خانه‌قین، ده‌ستگیر ده‌كرێن ‌و دواتر راده‌ستی پۆلیسی ئه‌و شاره‌ ده‌كرێن.
سه‌رله‌به‌یانی 2ی ئازار  تیمێكی كه‌ناڵی KNN كه‌ پێكهاتبوون له‌ ( عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌بوبه‌كر، ئاماده‌كار و پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌ی دێ‌ به‌دێ‌ و هه‌ریه‌ك له‌ كامێرامانان ره‌وا ئه‌حمه‌د و سه‌ركه‌وت كه‌ریم و شۆفێره‌كه‌یان هه‌ردی عه‌تا) بۆ تۆماركردنی به‌رنامه‌ی "دێ‌ به‌دێ‌" چووبوونه‌ قه‌زای خانه‌قین، له‌لایه‌ن پۆلیسی فیدراڵی و هێزێكی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌، ده‌ستگیركران و پاش راده‌ستكردنیان به‌ پۆلیسی شاره‌كه‌ و دوای‌ 24 كاتژمێر ئازادكران.
له‌ كاتی‌ روماڵی‌ راسته‌وخۆدا له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوكه‌وه‌، رێگری‌ له‌ تیمی‌ رۆژنامه‌وانی‌ كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ كوردستان 24 ده‌كرێت و رێگه‌یان پێناده‌ن روماڵ بكه‌ن.
كاروان ستار، (په‌یامنێری كه‌ركوك ناو) به‌ میترۆی راگه‌یاند: له‌نزیك گونده‌كه‌ پاش ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن هێزێكه‌وه‌ ئیزندراین پاشان هێزێكی تر هاتن وتیان كارتان چییه‌ لێره‌ هه‌ر به‌سه‌یاره‌ی خۆمان له‌ گه‌ڵ تیمێكی NRT براین بۆ باره‌گای فه‌وج  ووتی" له‌ناوه‌راستی رێ ئه‌فسه‌رێكی ئیستخبارات دیسان لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كردین" جه‌ختیكرده‌وه‌ " به‌ زلله‌ لێیدام".
هه‌روه‌ها تیمی NRT كه‌ پێكهاتبوون له‌ په‌یامنێری كه‌ناڵه‌كه‌ ئاسۆ ئه‌حمه‌د و هاوتا به‌هرۆزی كامێرامان، له‌ نزیك گوندی په‌لكانه‌ی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان له‌ پارێزگای كه‌ركوك بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ هه‌شت كاتژمێر ده‌سبه‌سه‌ركران، پاشان به‌ كه‌فاله‌ت ئازاد كراون. ئاسۆ ئه‌حمه‌د په‌یامنێری ئێن ئاڕ تی رایگه‌یاند "له‌كاتی ده‌ستبه‌سه‌ركردنیان له‌لایه‌ن هیزه‌ئه‌منییه‌كانی عێراقه‌وه‌ ئه‌شكه‌نجه‌دراون و سوكایه‌تییان پێكراوه‌" ئه‌و میدیاكارانه‌ به‌پاساوی نه‌بوونی مۆڵه‌تی رووماڵكردن، ده‌ستبه‌سه‌ركران، پاش 8 كاتژمێر به‌ كه‌فاله‌ت ئازادكراون.


قه‌ده‌غه‌كردنی لێدوان به‌ رۆژنامه‌نوسان
ده‌یان رۆژنامه‌نووس و راگه‌یاندنكاری كه‌ركوك یاداشتێكیان ئاڕاسته‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق كرد، داوایانكرد رێگریی بكرێت له‌و پێشێلكارییانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نوسانی كورد ده‌كرێن له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌ عێراقییه‌كانی شاره‌كه‌وه‌.
له‌ 20ی تشرینی دووه‌م، لقی كه‌ركوكی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا،بارودۆخی رۆژنامه‌نوسانی له‌ سنوره‌كه‌دا به‌خراپ وه‌سفكرد و جۆری رێگرییه‌كانیشی ئاشكراكرد.
رایگه‌یاند "به‌رێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌كان، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هاوكارنین له‌پێدانی زانیاری به‌رۆژنامه‌نوسان، به‌شێوه‌ك رۆژنامه‌نوس هه‌بووه‌ به‌ هه‌فته‌یه‌ك نه‌یتوانیوه‌ راپۆرتێكی رۆژنامه‌وانی ئاماده‌ بكات، چونكه‌ كه‌س نه‌بووه‌ قسه‌ی بۆ بكات و زانیاری پێبدات".
به‌ بڕیاری راكان سه‌عید جبوری پارێزگاری‌ كه‌ركووك به‌وه‌كاله‌ت، كه‌ له‌ 5ی ئه‌یلوله‌وه‌ چۆته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، لێدوانی رۆژنامه‌وانی و پێدانی زانیاری له‌ ته‌واوی فه‌رمانگه‌ و یه‌ك ئیدارییه‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌ قه‌ده‌غه‌ كراوه‌، ته‌نیا له‌یه‌ك حاڵه‌تدا نه‌بێت، ئه‌ویش "وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی خۆی یان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كان" بێت. فه‌رمانه‌كه‌ی پارێزگار، ته‌نیا ئه‌و فه‌رمانگه‌ و یه‌كه‌ ئیدارییانه‌ ده‌توانن زانیاریی بده‌ن كه‌ ره‌زامه‌ندی پارێزگاری كه‌ركوك یان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كانیان هه‌یه‌.


ئه‌نجومه‌نی بالاَی میدیا
له‌چه‌ند شوێنێكه‌وه‌، له‌وانه‌ش سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان، یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان، چه‌ند مامۆستایه‌كی زانكۆ، كۆڕوكۆبونه‌وه‌ به‌ دامه‌زراوه‌كانی میدیا و رۆژنامه‌نوسان ده‌كه‌ن به‌ئامانجی گفتوگۆ له‌باره‌ی پرۆژه‌ یاسای ئه‌نجومه‌نی باڵای میدیا له‌ هه‌رێمی كوردستان.
سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان له‌كۆبونه‌وه‌ی ناوخۆیی له‌ ژێر ناوی (كۆنفرانسی ئاماده‌كاری بۆ كۆنگره‌ی چواره‌م)، بڕیاریداوه‌ یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌كانی كۆنگره‌ی داهاتوویان جه‌ختیان كردۆته‌وه‌ كه‌ "كاربكه‌ن له‌سه‌ر رێكخستنی بواری میدیا له‌كوردستان، له‌ رێگه‌ی پرۆژه‌ یاساكانی ئه‌نجومه‌نی باڵای میدیا و یاسای بینراو بیستراو"، تا ئێستا پرۆژه‌ یاساكانیان بۆ رای گشتی بڵانه‌كراوه‌ته‌وه‌.
له‌ 23ی تشرینی دوهه‌می 2019 METRO داوای له‌ دامه‌زراوه‌كانی میدیا و رۆژنامه‌نوسانی كوردستان كرد، په‌له‌نه‌كه‌ن له‌ پشتیوانی پرۆژه‌ یاسای دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی باڵای میدیا، له‌م قۆناغه‌دا داوای جێبه‌جێكردنی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری بكه‌ن.
له‌م چواچێوه‌دا سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان، له‌ كۆنفرانسێكیاندا به‌ ناوی "دیداری نێوده‌وڵه‌تی رۆژنامه‌نووسان" 16 و17كانونی یه‌كه‌م 2019 به‌ ‌به‌شداری كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌نووس، به‌شێك له‌ سه‌ندیكای وڵاتانی ئه‌وروپا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست، به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌مینداری گشتی فیدراسیۆنی رۆژنامه‌نووسانی نێوده‌وڵه‌تی، له‌ هه‌ولێر چالاكییه‌كی رێكخست.
 له‌ رۆژی دووهه‌می دیداره‌كه‌یان پانێلێك به‌رێوه‌چوو كه‌ تێیدا باسی دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی باڵای میدیا له‌ وڵاتان و كوردستان كرا.
له‌م دیداره‌دا، سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان دوو ره‌شنوسی پرۆژه‌ یاسای خسته‌ڕوو وه‌ك خۆی ده‌ینوسین:
1. ره‌شنوسی پرۆژه‌ یاسای ئه‌نجومه‌نی بالاَی میدیا بۆ (رێكخستنی بواری راگه‌یاندن و میدیا).
2. ره‌شنوسی یه‌كه‌می پرۆژه‌ یاسای دامه‌زراوه‌ی میدیایی بینراو و بیستراو و سۆشیال میدیا له‌ هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵی 1992وه‌، (6) یاسای له‌ بواری چاپه‌مه‌نی و رۆژنامه‌گه‌ری و زانیاری ده‌ركردووه‌ كه‌ بریتین له‌ یاسای چاپه‌مه‌نی هه‌رێمی كوردستانی عێراق، ژماره‌ (10) ی ساڵی 1993، یاسای سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستانی عێراق، ژماره‌ (4) ی ساڵی 1998، یاسای بڵاوكردنه‌وه‌ له‌ رۆژنامه‌ی ره‌سمیدا (وه‌قایعی كوردستان) ژماره‌ (4)ی ساڵی 1999 ، یاسای سندوقی خانه‌نشینی رۆژنامه‌وانی كوردستان ژماره‌ (13)ی ساڵی 2001 ، یاسای رۆژنامه‌گه‌ری له‌ كوردستان ،ژماره‌ (35) ی ساڵی 2007، یاسای ژماره‌ (11)ی ساڵی 2013 یاسای مافی ده‌سكه‌وتنی زانیاری له‌هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق.
له‌ پاڵ ئه‌م یاسایانه‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری رێنمایی ژماره‌ (1)ی ساڵی 2014، رێنمایی رێكخستنی فریكوانسی سپه‌یس له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ده‌ریكردووه‌ (سه‌رباری سه‌رنجمان له‌سه‌ر ئه‌و رێنماییانه‌).
بۆچونی ئێمه‌  ئه‌وه‌بوو كه‌ "یاساكانمان زۆرن بۆشاییه‌كی ئه‌وه‌نه‌ گه‌وره‌ دروست نه‌بووه‌ تا ئه‌نجومه‌نێكی باڵای میدیا قوت بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵكو گرنگ جێبه‌جێكردنی یاساكانی پێشووه‌".
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌ دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نێكی له‌و شێوه‌یه‌ زامنی ره‌وشتی پیشه‌یی بكات و كاری میدیا رێكبخات، ئه‌وه‌ یاسای رۆژنامه‌گه‌ری له‌ كوردستان ،ژماره‌ (35) ی ساڵی 2007 و پاشان به‌ڵێنامه‌ی شه‌ره‌فی فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی رۆژنامه‌نووسان وه‌ك پێوه‌رێك بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركی پیشه‌یی، ده‌توانن له‌م قۆناغه‌دا پشتیان پێ ببه‌سترێت و په‌نا بۆ ده‌ركردنی یاسای تر نه‌برێت.
سه‌رله‌نوێ داوا له‌ دامه‌زراوه‌كانی میدیا و رۆژنامه‌نوسانی كوردستان ده‌كه‌ین، په‌له‌نه‌كه‌ن له‌پشتیوانیكردنی دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی باڵای میدیا، له‌بری ئه‌وه‌ با كۆششی ده‌سته‌جه‌معی هه‌بن بۆ پشتیوانی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری و هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوی یاساكه‌ نه‌خرێته‌ ناو ژوری ئه‌رشیفی دادگاكان.
ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نێك بۆ رێكخستنی كاری میدیای هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ له‌ هه‌ندێ سیستمی دیموكراسیدا ئه‌م ئه‌زموونه‌ پیاده‌كراوه‌، به‌ڵام له‌هه‌ر وڵاتێكدا كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی جیا نه‌كرابنه‌وه‌، ده‌زگا سه‌ربه‌خۆكانی به‌ "به‌شبه‌شكاری" حزبه‌كان دابنرێت، هیچ زه‌مانه‌تێك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌می ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ فراوانكردنی ئازادی كاری رۆژنامه‌نوسی بێت.


گرێبه‌سته‌كانی چه‌وسانه‌وه‌ی رۆژنامه‌نوسان
كاروان ئه‌نوه‌ر، سكرتێری لقی سلێمانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان، له‌ دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ سایتی (سبه‌ی) ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی كه‌ له‌ نێوان رۆژنامه‌نوسان و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ئیمزا ده‌كرێت، به‌ "گرێبه‌ستی چه‌وسانه‌وه‌" وه‌سفكرد. 
گرێبه‌سته‌كان دادپه‌روه‌رانه‌ نین، مۆڵه‌تی هاوسه‌رگیری، مۆڵه‌تی نه‌خۆشی، مه‌ترسی، ده‌رماڵه‌ی منداڵ‌ یان بۆ ژنان و منداڵبوون زامن نه‌كراوه‌. به‌رده‌وام گرێبه‌سته‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خاوه‌نكاردایه‌، كه‌ی خاوه‌نكار ویستی (كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا زوَربه‌ی میدیاكان سه‌ر به‌ پارته‌ سیاسیه‌كانن) گرێبه‌سته‌كه‌ هه‌ڵده‌وشێنێته‌وه‌.
به‌ داخه‌وه‌ له‌كاتێكدا ده‌زگاكانی میدیا له‌ كوردستاندا داوای جێبه‌جێكردنی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری ده‌كه‌ن، خۆیان به‌نده‌كانی جێبه‌جێ ناكه‌ن به‌ تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ ماف و ئیمتیازی رۆژنامه‌نوس.
له‌ خاڵه‌كانی (هه‌شته‌م و نۆیه‌م و ده‌یه‌می)، له‌ به‌شی چواره‌می یاسای رۆژنامه‌گه‌ری كه‌ ماف و ئیمتیازای رۆژنامه‌نوسی له‌ مۆڵه‌تی ئاسایی، توشبوون به‌ نه‌خۆشی، قه‌ره‌بووكردنی رۆژنامه‌نوس  له‌كاتی كاركردنی له‌ رۆژانی پشوو. 
له‌پاڵ یاسای رۆژنامه‌گه‌ری، یاسایه‌كی تر پاڵپشتی رۆژنامه‌نوسان و مافه‌كانیان كه‌ یاسای (ژماره‌ 40ی یاسای رۆژنامه‌نوسانی كوردستانی عێراق) كه‌ له‌ 6ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2004 ده‌رچووه‌.
به‌لاَم تائێستا سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان نه‌یتوانیوه‌ كاری جدی بۆ جێبه‌جێكردنی یاساكه‌ی خۆی بكات، به‌ تایبه‌تیش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ مافه‌كانی رۆژنامه‌نوس و پاراستنیان له‌ چه‌وسانه‌وه‌ی خاوه‌نكار.
له‌ ماده‌ی‌ 19 یه‌م، فه‌سڵی‌ چواره‌مدا هاتووه‌ كه‌ رۆژنامه‌نووس مامه‌ڵه‌ی‌ كارمه‌ندی‌ له‌گه‌ڵدا ده‌كرێ‌ له‌لایه‌نی‌ مۆڵه‌ت پێدانی‌ ئاسایی‌ و نه‌خۆشییه‌وه‌، یان له‌كاتی‌ دامه‌زراندنی‌ له‌هه‌ر فه‌رمانێكدا، ماوه‌ی‌ كاركردنی‌ له‌ رۆژنامه‌نووسیدا بۆ سه‌ر موچه‌ (عه‌لاوه‌ و به‌رزكردنه‌وه‌ و خانه‌نشینی‌) ده‌خرێته‌ سه‌ر ئیشه‌كه‌ی‌. 
هه‌روه‌ها له‌ خاڵی‌ سێیه‌می‌ ئه‌و فه‌سڵه‌دا هاتووه‌ له‌كاتی‌ كاركردنی‌ رۆژنامه‌نووس ئه‌گه‌ر تووشی‌ پێشهاتێك، پێكانێك بوو، پێویسته‌ ئه‌و لایه‌نه‌ی‌ كاری‌ بۆ ده‌كات هاریكاری‌ پێویستی‌ بكات، ئه‌مه‌ش  وه‌ك په‌یوه‌ندی‌ به‌مافی‌ خانه‌نشینیه‌وه‌.
له‌ خۆپیشاندانه‌كان رۆژنامه‌نوس ده‌كرێته‌ ئامانج
رۆژی شه‌ممه‌ 26ی كانونی دووه‌می 2019 به‌شێك له‌ دانیشتوانی ناحیه‌ی شیلادزێ له‌دژی بۆردومانه‌كانی سوپای توركیا خۆپیشاندانیان رێكخست، دواتر چونه‌ سه‌ر بنكه‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ سوپای توركیا له‌ ناحیه‌كه‌ و ده‌ستیان به‌سه‌رداگرت، خۆپیشانده‌ران له‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی‌ سوپای‌ توركیا ژماره‌یه‌ك ئۆتۆمبێل و كه‌لوپه‌لیان سووتاند. 
پاش ئه‌و رووداوه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، چه‌ند چالاكوانێك و رێكخه‌رانی خۆپیشاندانه‌كه‌ی ده‌ستگیركرد، له‌ ناو ئه‌و ده‌ستگیركراوانه‌دا  كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌نوس به‌ تۆمه‌تی "هاندان"ی خه‌ڵك ده‌ستبه‌سه‌ركران: گوهدار زێباری، سه‌گڤان به‌رواری، مێهڤان به‌ره‌شكی، بلبل عبدالله كه‌ناڵی بادینان سات، به‌یار ئامێدی بادینان سات، نێچیرڤان به‌رواری بادینان سات، كاروان سادیق گه‌لی كوردستان، ئامه‌د بریفكانی كه‌ناڵی په‌یام، شێروان شێروانی، سه‌فه‌ر ساجی، ئومێد حاجی، دلۆڤان زێباری، مسته‌فا بامه‌ڕنی، ڕێكان كه‌له‌كچی، محه‌مد مشیر، ئه‌یاز كه‌ره‌م، ده‌شتی نێروه‌یی كه‌نالی په‌یام، چیایی بێلیزانی، تایف گۆران NRT، ئه‌یهان سه‌عید به‌رپرسی سه‌نته‌رێ میترۆ له‌ پارێزگای دهۆك، بڕیار نێره‌وه‌یی NRT، نیهاد ئوره‌ماری NRT ، بێوار حلمی NRT،عادل سه‌بریNRT، عومه‌ر فازلNRT، لوتفی دۆسكی بادینان سات، مسته‌فا سالح سه‌ربه‌خو، شێروان شێروانی سه‌ربه‌خو، سه‌فه‌ر ساجی سه‌ربه‌خو، ئومێد حاجی سه‌ربه‌خو، دلۆڤان زێباری سه‌ربه‌خو، ڕێكان كه‌له‌كچ سه‌ربه‌خو، محه‌مد مشیر سه‌ربه‌خوَ، ئه‌یاز كه‌ره‌م سه‌ربه‌خوَ.
له‌و هه‌ڵمه‌تانه‌دا  نزیكه‌ی 70 چالاكوانی مه‌ده‌نی ده‌ستبه‌سه‌ركران، به‌ فشاری خه‌ڵك و لایه‌نه‌كان به‌شێك له‌و چالاكوان و رۆژنامه‌نوسانه‌ به‌ كه‌فاله‌ت ئازادكراون تا ڕۆژی دادگاییكردنیان، ژماره‌یه‌ك له‌و ده‌سته‌به‌سه‌ركراوانه‌ ئه‌و كات به‌ ماده‌ی 156ی سزادانی عێراقی سكالاَیان له‌ دژ تۆمار كرا،  كه‌ سزاكه‌ی زیندانی هه‌تاهه‌تایی و سێداره‌دانی تێدایه‌، جارێ ئه‌و تۆمه‌تانه‌یان له‌سه‌ر هه‌ڵنه‌گیراوه‌.
سه‌نته‌ری میترۆ له‌ كاتی خۆیدا داوایكرد رۆژنامه‌نوسه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كان به‌ پێی یاسای كاری ڕۆژنامه‌نووسی  ژماره‌ (35) ساڵی  2007 مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت، چالاكوانه‌كانیش به‌ پێی یاسای خۆپێشاندان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت.
ئه‌و چالاكوانانه‌ی خۆپیشاندانیان دژی بوونی سوپای توركیا له‌ خاكی هه‌رێمی كوردستانی عێراق ئه‌نجامداوه‌ تاوانیان نه‌كردوه‌، ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ی روماڵی چالاكییه‌كه‌یان كردوه‌ ئه‌ركی خۆیان جێبه‌جێكردوه‌، فشاری جۆراوجۆرمان كرد بۆ ئازاد كردنیان.
داخستنی NRT
له‌كاتی روداوه‌كه‌ی شیلادێ ، ڕۆژی 27ی كانوونی دووه‌م نووسینگه‌ی كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی له‌شاری دهۆك له‌لایه‌ن هێزێكی ئه‌منییه‌وه‌ داخرا، هه‌رچه‌نده‌ ڕۆژی دواتر له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ بڕیاری كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌كه‌ ده‌ركرا، به‌ڵام  له‌ 24ی شوباتدا دادگایی دهۆك بریاریدا نوسینگه‌ی كه‌ناڵه‌كه‌كه‌ بكرێته‌وه‌.
29 رۆژی داخستنی كه‌ناڵی كه‌ناڵی NRT نمونه‌ی زه‌قی مامه‌ڵه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌كاتی سه‌رهه‌ڵدانی ناره‌زایه‌تی خه‌ڵك و چالاكی جه‌ماروه‌ری دژ به‌ سیاسه‌ته‌كانی حكومه‌ت.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجی بوو له‌بڕیاری داخستنی ئۆفیسی كه‌ناڵی ئین ئارتیدا ئه‌وه‌ بوو كه‌ "ته‌نانه‌ت وه‌زیری ڕۆشنبیریی حكومه‌تی هه‌رێم بێ ئاگایی خۆی له‌ بڕیاری داخستنی نووسینگه‌ی كه‌ناڵه‌كه‌ ده‌ربڕیوه‌"، شوان عادل به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵه‌كه‌ وای ووت.


بڕیاری داخستنی كه‌ناڵی NRT3 منالاَن
به‌لاَم وه‌زاره‌تی رۆشنبیری پاش زیاتر له‌ مانگێك و  له‌ 7ی ئازار بڕیاری راگرتنی په‌خشی كه‌ناڵی NRT3ی مناڵانی ده‌ركرد.
وه‌زاره‌تی رۆشنبیری له‌ رێگه‌ی فشار له‌ كۆمپانییه‌كانی به‌رپرس له‌ په‌خشكردنی كه‌ناڵه‌ ناوخۆییه‌كان كردووه‌ تاكو په‌خشی NRT3 رابگرن، په‌خشی سه‌ره‌كی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ په‌خش ده‌كرێت، رابگرێت كه‌ له‌سه‌ر مانگی ده‌ستكردی نایلساته‌.
نوسراوی راگرتنه‌كه‌ ئاراسته‌ی كۆمپانیای میكس میدیای كراوبوو تیایدا داوای لێكراوه‌ په‌خشی كه‌ناڵی NRT3 ڕابگرن به‌ پاساوی نه‌بوونی مۆڵه‌تی یاسایی.
پێشتریش له‌ 3ی ئازار به‌ نوسراوێك وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان له‌ ڕێی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندن و چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی سێی منداڵانی ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌، به‌هۆی نه‌بوونی مۆڵه‌ته‌وه‌ ده‌بێت له‌ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێردا په‌خشی كه‌ناڵه‌كه‌ ڕابگرن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ لێپرسینه‌وه‌ی یاساییان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ته‌نها ئه‌وكاتانه‌ چاودێری و رێوشوێنه‌كان چالاك ده‌كات، كه‌ ململانێی سیاسی تووند ده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌ركردنی بڕیار ئه‌گه‌ر یاسایش بێت، هه‌ر ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی فشاری سیاسی.
هه‌ندێجاریش به‌ پاساوی كه‌ڵه‌كه‌بوونی قه‌رز له‌سه‌ر كه‌ناڵه‌ ناوخۆییه‌كان،  وه‌زاره‌تی رۆشنبیری یریاری داخستنی كه‌ناڵی ده‌ركردوه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌مانگی ئایرادا، به‌هۆی نه‌گێرانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانیان بریاری داخستنی بۆ  23 كه‌ناڵی  ده‌ركرد، كه‌ كه‌ 12 كه‌ناڵیان له‌ هه‌ولێرن و 5 كه‌ناڵ له‌ سلێمانی و 6 كه‌ناڵی دیكه‌ش له‌ دهۆك.



مه‌ڵێ هه‌موو زانیارییه‌ك نهێنیی حكومه‌ته‌!
له‌ ماده‌ی 19ی جاڕنامه‌ی گه‌ردونی مافی مرۆڤدا هاتووه‌، كه‌ هه‌موو كه‌سێك مافی هه‌یه‌، به‌ ئازادی بیرو رای خۆی ده‌ربڕێت. ئه‌م ماده‌یه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، هه‌موو كه‌سێك به‌ بێ ترس و دڵه‌ڕاوكێ بڕوای تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بێت له‌ به‌ده‌ستهێنانی زانیاری و بڵاوكردنه‌وه‌یان به‌ئازادی. 
یاسای ژماره‌ 11 ساڵی 2013 (یاسای مافی ده‌سكه‌وتنی زانیاری له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق). كه‌ له‌ 5ی حوزه‌یرانی ئه‌و ساڵه‌دا ده‌رچووه‌، تا ئێستا ئه‌وه‌ له‌ساڵی حه‌وته‌مین ده‌رچوونی ئه‌م یاسایه‌ نزیك ده‌بینه‌وه‌، به‌ڵام له‌ زۆربه‌ی فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی‌ كوردستان، ئه‌م یاسا گرنگه‌ نه‌چۆته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، فه‌رمانگه‌ ره‌سمییه‌كان هه‌موو زانیارییه‌ك به‌ نهێنی حكومه‌ت ته‌ماشا ده‌كه‌ن.
به‌ پێی یاساكه‌، له‌زۆربه‌ی  فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌تدا هۆبه‌ی زانیاری پێكنه‌هێنراوه‌، تاهاونیشتمانیان و ده‌زگاكانی میدیا، بتوانن زانیارییان ده‌ستبكه‌وێت و به‌شداربن له‌هه‌ڵمه‌تی حكومه‌ت بۆ روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی.
له‌كۆبونه‌وه‌ی 11ی تشرینی یه‌كه‌می 2016، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیار درا، رێنمایی ژماره‌ 11ی یاسای مافی ده‌ستكه‌وتنی زانیاری په‌سه‌ند بكرێت. ئێمه‌ پێشوازیمان له‌بڕیاری په‌سه‌ندكردنی رێنمایی ژماره‌ 11 كرد، به‌ڵام كۆسپه‌كانی به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ لانه‌براون، تا ئێستاش زۆرێك له‌ زانیارییه‌كان له‌ ژووری تاریكدان.
میترۆ له‌ 28ی ئه‌یلول 2019، له‌ رۆژی جیهانی مافی زانیاریدا، چالاكی جۆراجۆری له‌شاره‌كانی، دهۆك، كه‌ركوك، ئیداره‌ی راپه‌ڕین، هه‌بووه‌، هه‌روه‌ك له‌ناو رۆژنامه‌نوساندا راپرسیی له‌سه‌ر ئاستی كوردستاندا، سه‌باره‌ت به‌ ئاستی جێبه‌جێكردنی یاسای مافی ده‌سكه‌وتنی زانیاری، ئه‌نجامداوه‌. 
سه‌نته‌ری میترۆ له‌ 28ی ئه‌یلول 2019 به‌ئاماده‌بوونی، هیوا قه‌ره‌نی سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین و حسێن مه‌حمود قائیمقامی قه‌زای ڕانیه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ لێپرسراوانی تری حكومی و رۆژنامه‌نوسان و راگه‌یاندنكاران و چالاكوانانی مه‌ده‌نی له‌ هۆڵی كتێبخانه‌ی گشتی ڕانیه‌، چالاكییه‌كی رێكخست.
ئامانجی چالاكییه‌كه‌ بۆ هه‌ماهه‌نگی زیاتری رۆژنامه‌نوسان و به‌رپرسان و چالاككردنی یاسای مافی ده‌سكه‌وتنی زانیاری، كارئاسانی زیاتر بۆ ده‌زگاكانی میدیا له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ ره‌سمییه‌كانه‌وه‌.
له‌ هه‌موو چالاكی و دیداره‌كانماندا جه‌ختمان كردۆته‌وه‌ كه‌ ئازادی گه‌یشتن به‌ زانیاری یه‌كێكه‌ له‌ مافه‌كانی مرۆڤ‌ و پێشێلكردنی ئه‌و مافه‌ به‌مانای پێشێلكردنی مافی مرۆڤه‌. بۆیه‌ به‌پێویستی ده‌زانین كۆسپه‌كانی به‌رده‌م كاری رۆژنامه‌نوس، له‌گه‌یشتن به‌ سه‌رچاوه‌ی زانیاری لاببرێت‌و فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت كار ئاسانی ته‌واو بكه‌ن تا هاوڵاتیان و میدیكاران بگه‌نه‌ سه‌رچاوه‌ی زانیاری و ئازادانه‌ بڵاویانبكه‌نه‌وه‌.
داوا له‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ین:
له‌ كه‌یسه‌كانی  تایبه‌ت به‌ بلاَوكردنه‌وه‌، جگه‌ له‌پۆلیس هیچ ده‌زگایه‌كی‌ ئه‌منی‌ بۆی‌ نه‌بێت رۆژنامه‌نوس بانگ بكات، ئه‌ویش ته‌نها به‌فه‌رمانی‌ دادوه‌ر بێت.
راپۆرته‌كانی‌ رێكخراوه‌ بیانی‌ و ناوخۆییه‌كانی‌ داكۆكیكار له‌مافی‌ رۆژنامه‌نوسان و مافه‌كانی‌ مرۆڤ،كه‌ تایبه‌تن به‌پێشێلكاری‌ و لادان، له‌لایه‌ن حكومه‌ت و په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌هه‌ند وه‌ربگیرێن و له‌جیاتی‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ و ره‌تكردنه‌وه‌ی‌، كار له‌سه‌ر نه‌هێشتنی كه‌موكوڕیی ده‌زگاكانی جێبه‌جێكار بكرێت.
ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌ و ئه‌نجومه‌نی‌ دادوه‌ری‌ و داواكاری‌ گشتی‌، پێویسته‌ رۆڵی‌ خۆیان بگێڕن له‌ پاراستنی‌ سه‌روه‌ری‌ یاسا و دادگاییكردنی‌ سه‌رپێچیكه‌ران به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان و كۆتایبهێنن به‌ده‌ربازبوونی بكوژو تاونباران له‌ سزا.


داوا له‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ده‌كه‌ین:
پابه‌ندبن به‌ وردبینی له‌ بلاَوكردنه‌وی هه‌واڵ و زانیاری درووست.
پابه‌ندبن به‌ بلاَوكردنه‌وه‌ی وه‌لاَمی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی بلاَوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و راپۆرته‌كان زه‌ره‌رمه‌ند بوون.
به‌ره‌نگاری گوتاری رقوكینه‌ ببنه‌وه‌ و بلاَوینه‌كه‌نه‌وه‌.
نه‌چنه‌ ژیانی تایبه‌تی كه‌سه‌كان، نه‌هێڵن به‌سه‌رتانا تێپه‌ڕ بێت.
مه‌هێڵن میدیاكان ببنه‌ سه‌كۆی ناوزڕاندن، قه‌ده‌غه‌ی بكه‌ن.
هه‌واڵێك زیان به‌ رێكاری لێكۆڵینه‌وه‌ی دادگاكان ده‌گه‌ینێت، په‌له‌ی لێمه‌كه‌ن تا دادگا قسه‌ی خۆی ده‌كات.
پابه‌ندبن به‌ مافه‌كانی رۆژنامه‌نوس له‌ گرێبه‌سته‌كاندا، مافه‌كانیان له‌ مۆڵه‌تی نه‌خۆشی، مۆڵه‌تی منداڵبوون ودایكایه‌تی و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان له‌كاتی كاركردن له‌ پشووه‌كانیاندا.
یه‌كسانی جێنده‌ری بپارێزن، رێوشووێنی توند دابنێن بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ی هه‌راسانكردن له‌سه‌ر بنه‌مای جێنده‌ری.


كه‌لوپه‌ل و پێداویستی‌ پاراستن بۆ رۆژنامه‌نوسان دابینبكه‌ن، به‌شێوه‌یه‌ك بتوانرێت ژیانیان له‌مه‌ترسی‌ بپارێزرێت.
با په‌له‌كردنتان له‌گواستنه‌وه‌ی رووداوه‌كان له‌سه‌ر حسابی‌ پیشه‌یی‌ بوون و بێلایه‌نی‌ نه‌بێت.
ره‌چاوی‌ وردبینی و راستگۆیی‌ بكه‌ن، دووربن له‌ وروژاندنی‌ هه‌ست و سۆز و هاندان و به‌لاڕێدابردنی‌ خه‌ڵك.
ئاشتی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌، بۆ خۆت و میدیاكه‌ته‌،  پاراستنی به‌ ئه‌ركی خۆت بزانه‌.
وریابن، رزگاربووی توندوتیژی ره‌گه‌زی، به‌و شێوه‌یه‌ وێنانه‌كه‌ن كه‌ ته‌نانه‌ت به‌ شێوه‌یه‌كی رێژه‌ییش، ئۆباڵی توندوتیژییه‌كه‌ی بكه‌وێته‌ سه‌ر.
له‌كاتی به‌رهه‌مهێنانی بابه‌ت و كه‌ره‌سته‌ی رۆژنامه‌وانی له‌سه‌ر ژنان و كچان، به‌شێوه‌یه‌كی وه‌ها كار بكه‌ كه‌ له‌كه‌سایه‌تی و كه‌رامه‌تیان كه‌منه‌كه‌یت و زیان به‌ ئابڕوویان نه‌گه‌یه‌نیت.
مه‌بن به‌ ئامرازی پڕوپاگه‌نده‌ بۆ تاوانكاران، دیمه‌نی دڵته‌زێن و هه‌ژێنه‌ری توندوتیژی به‌وێنه‌ و ڤیدیۆ و تێكست بڵاو مه‌كه‌نه‌وه‌.
"تۆمه‌تبار" مه‌كه‌ن به‌ "تاوانبار" و وێنه‌و ڤیدیۆی بلاَومه‌كه‌نه‌وه‌.


پێشێلكارییه‌كان دژ به‌ رۆژنامه‌نوسان و دامه‌زراوه‌كانی میدیا 2019


ئێواره‌ی یه‌كه‌م رۆژی ساڵی تازه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی شاری هه‌ولێر، له‌ شه‌قامی ئیسكان هێرشیان كرده‌ سه‌ر تیمێكی كه‌ناڵی سپێده‌ كه‌ پێكهاتبوون له‌ (محمد شه‌هاب په‌یامنێر و محمد ره‌ئوف وێنه‌گر). هێرشه‌كه‌ له‌ كاتێكدا بوو كه‌ تیمه‌كه‌ روماڵی ناڕه‌زایه‌تی به‌شێك له‌ كاسبكارانی ئه‌و شه‌قامه‌ی ده‌كرد.
به‌یانی‌ 3ی‌ كانوونی‌ دووهه‌م له‌ بازگه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ 70 له‌ شاری سلێمانی رێگری‌ له‌ هه‌ریه‌ك له‌ ده‌زگاكانی‌ (رووداو، كه‌ی‌ ئێن ئێن، ئێن ئاڕتی‌، سایتی‌ ئاڕاسته‌) كرا روماڵی‌ كۆنگره‌ی‌ رۆژنامه‌وانی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ چاكسازی‌ گه‌ورانی‌ سلێمانی‌ بكرێت. عه‌بدولره‌حمان ئه‌بوبه‌كر په‌یامنێری‌ كه‌ناڵی‌ كه‌ی‌ ئێن ئێن به‌میترۆی‌ وت "چووین به‌مه‌به‌ستی‌ روماڵی‌ كۆنگره‌ی‌ رۆژنامه‌وانی‌ چاكسازی‌ گه‌ورانی‌ سلێمانی‌ كه‌ ئاماری‌ ساڵی‌ پاری‌ ده‌خسته‌ڕوو، به‌ڵام له‌لایه‌ن پرسگه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ حه‌فتاوه‌ رێگریمان لێكرا پێیان وتین له‌سه‌رو خۆمانه‌وه‌ فه‌رمانمان پێكراوه‌ رێگه‌ نه‌ده‌ین ئێوه‌ بچنه‌ ژووره‌وه‌". 
رۆژی 10ی كانونی دووهه‌م له‌كاتی هێرشكردنه‌ سه‌ر چالاكییه‌كی به‌شێك له‌ هاولاَتیانی قه‌لاَدزی‌و لایه‌نگرانی پارتی كرێكاران حه‌مه‌د حه‌سه‌ن، په‌یامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز، به‌ر هێرشی هێزه‌كانی ئاسایش كه‌وت و بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌ست به‌سه‌ر كه‌لوپه‌له‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كانیدا گیرا، پاش سڕینه‌وه‌ی ڤیدیۆ و فۆتۆكانی ده‌ستپێكی مه‌راسیمه‌كه‌، كه‌لوپه‌له‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كانی پێدرایه‌وه‌.
له‌ 10ی كانوونی‌ دووهه‌م، له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌رێكی‌ پله‌باڵاوه‌ رێگری‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ رۆژنامه‌نووسی‌ فریلانس (عومه‌ر چاوشین) ده‌كرێت كه‌ راپۆرتێكی‌ رۆژنامه‌وانی‌ ئاماده‌بكات. 
رۆژی 26ی كانونی دووهه‌م، له‌كاتی روماڵكردنی كێشه‌یه‌كی قوتابیان له‌گه‌ڵ بازگه‌ی ناو گه‌لی له‌ قه‌زای سۆران، كامێراو مۆبایلی په‌یامنێری كه‌ناڵی گه‌لی كوردستان له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌و بازگه‌یه‌، زه‌وتكرا.
رۆژی 26ی كانوی دووهه‌م هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی دهۆك هێرشیانكرده‌ سه‌ر تیمی كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی كه‌ له‌به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی دهۆك روماڵی گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵی برینداره‌كانی خۆپیشاندانه‌كانی شێلادزێیان ده‌كرد. هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ چوار تیمی‌ ئین ئاڕ تی‌ له‌ شێلادزێ و دهۆك له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركران‌و له‌كاتی جیاجیادا ئازادكراون.
له‌ 26ی كانونی دووه‌می 2019 به‌شێك له‌ دانیشتوانی ناحیه‌ی شیلادزێ له‌دژی بۆردومانه‌كانی سوپای توركیا خۆپیشاندانیان رێكخست، دواتر چونه‌ سه‌ر بنكه‌یه‌كی‌ سه‌ربازیی‌ سوپای توركیا له‌ ناحیه‌كه‌ و ده‌ستیان به‌سه‌رداگرت، خۆپیشانده‌ران له‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی‌ سوپای‌ توركیا ژماره‌یه‌ك ئۆتۆمبێل و كه‌لوپه‌لیان سووتاند 
پاش ئه‌و رووداوه‌، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، چه‌ند چالاكوان و رێكخه‌رێكی خۆپیشاندانه‌كه‌یان ده‌ستگیركرد، له‌ ناو ئه‌و ده‌ستگیركراوانه‌دا كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌نوس به‌ تۆمه‌تی "هاندان"ی خه‌ڵك ده‌ستبه‌سه‌ركران: گوهدار زێباری، سه‌گڤان به‌رواری، مێهڤان به‌ره‌شكی، بلبل عبدالله- كه‌ناڵی بادینان سات، به‌یار ئامێدی- بادینان سات، نێچیرڤان به‌رواری- بادینان سات، كاروان سادیق- گه‌لی كوردستان، ئامه‌د بریفكانی- كه‌ناڵی په‌یام، ده‌شتی نێروه‌یی- كه‌ناڵی په‌یام، چیای بێلیزانی، تایف گۆران-  NRT، ئه‌یهان سه‌عید به‌رپرسی سه‌نته‌ری میترۆ له‌ پارێزگای دهۆك، بڕیار نێروه‌یی-  NRT، نیهاد ئوره‌ماری- NRT ، بێوار حلمی-  NRT، عادل سه‌بری- NRT، عومه‌ر فازل- NRT، لوتفی دۆسكی- بادینان سات، مسته‌فا ساڵح- سه‌ربه‌خۆ، شێروان شێروانی- سه‌ربه‌خۆ، سه‌فه‌ر ساجی- سه‌ربه‌خۆ، ئومێد حاجی- سه‌ربه‌خۆ، دلۆڤان زێباری- سه‌ربه‌خۆ، ڕێكان كه‌له‌كچی- سه‌ربه‌خۆ، محه‌مه‌د موشیر- سه‌ربه‌خوَ، ئه‌یاز كه‌ره‌م- سه‌ربه‌خوَ.
رۆژی 27ی كانونی دووهه‌م هێزێكی ئه‌منی، ئۆفیسی كه‌ناڵی NRT یان له‌ شاری دهۆك داخست.
له‌ 27 ی كانوونی‌ دووهه‌م، له‌كاتی‌ روماڵی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ ناحیه‌ی‌ شیلادزێ‌ و شاری‌ دهۆك له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ چوار تیمی‌ رۆژنامه‌وانی‌ كه‌ناڵی‌ ئێن ئاڕ تی‌ ده‌ستبه‌سه‌رده‌كرێن و رێگه‌یان پێناده‌ن روماڵبكه‌ن، دواتر له‌ كاتی‌ جیاجیادا ئازاد ده‌كرێن. 
له‌ 27ی‌ كانوونی‌ دووهه‌م له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ رێگری‌ له‌ تیمێكی‌ رۆژنامه‌وانی‌ ئاژانسی‌ رۆژنیوز ده‌كرێت روماڵی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ هاتنی‌ سوپای‌ توركیا بۆ ناو خاكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بكه‌ن. 
به‌ره‌به‌یانی 28ی كانونی دووهه‌م ئۆتومبێلی په‌یامنێری گه‌لی كوردستان فه‌رحان حه‌مه‌خان له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی نه‌ناسراوه‌وه‌ سوتێندرا، فه‌رحان رایگه‌یاند "ئۆتۆمبێله‌كه‌ی به‌ده‌به‌ی به‌زین له‌به‌رده‌رگا سوتێندراوه‌" دواتریش له‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌ سكاڵای یاسایی تۆمار كردووه‌. 
شوبات
له‌ 5ی‌ شوبات له‌كاتی‌ كۆنگره‌ی‌ رۆژنامه‌وانی‌ وته‌بێژی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ شاری‌ هه‌ولێر، رێگری‌ له‌ تیمێكی‌ كه‌ناڵی‌ ئێن ئاڕ تی‌ (هێرش قادر، نه‌جمه‌دین صدیق) ده‌كرێت و رێگه‌یان پێناده‌ن روماڵی‌ كۆنگره‌كه‌ بكه‌ن. 
شه‌وی‌ 12ی‌ شوبات به‌مه‌به‌ستی‌ روماڵی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ غاز له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ منداڵانی‌ سلێمانی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ڕێگرییان له‌ تیمی‌ ئێن ئاڕ تی‌ كرد ڕوماڵی‌ هه‌واڵه‌كه‌ بكات و ده‌ستیان به‌سه‌ر كه‌لوپه‌له‌ رۆژنامه‌وانیه‌كانیاندا گرت. ئیحسان سابیر په‌یامنێری‌ كه‌ناڵی‌ ئێن ئاڕتی‌ به‌ میترۆی‌ وت "له‌گه‌ڵ كامێرامانه‌كه‌م (بڕیار كه‌ریم) چووین بۆ روماڵی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ غاز له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ منداڵانی‌ سلێمانی‌ و لێدوانم له‌ چه‌ند هاوڵاتییه‌ك وه‌رگرت، دواتر پۆلیسی‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ ده‌ریكردین". 
ئه‌و وتی‌ "له‌كاتی‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌مان له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ مه‌فره‌زه‌یه‌كی‌ ئاسایش ده‌ستیان به‌سه‌ر مایك و كامێراكه‌ماندا گرت و داوای‌ لێبوردنیان لێكردین و وتیان ئێمه‌ش ئه‌ركی‌ خۆمان جێبه‌جێ‌ ده‌كه‌ین".


له‌ 17ی‌ شوبات، له‌كاتی‌ روماڵی‌ ساڵیادی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ 17ی‌ شوبات له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ سلێمانیه‌وه‌ رێگری‌ له‌ تیمێكی‌ كه‌ناڵی‌ ئێن ئاڕ تی‌ ده‌كرێت و ده‌ست به‌سه‌ر كه‌لوپه‌له‌ رۆژنامه‌وانیه‌كانیاندا ده‌گیرێت و خۆشیان ده‌ستگیرده‌كه‌ن. 
له‌ 18ی‌ شوبات، له‌كاتی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌شاری‌ هه‌ولێر رێگری‌ له‌ سێ‌ تیمی‌ كه‌ناڵی‌ ئێن ئاڕتی‌ (هێرش قادر، ئه‌رشه‌د شوانی‌، به‌شدار حسێن، بڕیار محه‌مه‌د، رێناس عه‌لی‌، ئاكام فارس) ده‌كرێت و رێگه‌یان پێناده‌ن روماڵی‌ دانیشتی‌ په‌رله‌مان بكه‌ن. 
له‌ 20ی شوبات له‌به‌رده‌م مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ شاری سلێمانی له‌كاتی په‌خشی راسته‌وخۆی په‌یامنێری كوردستان 24 (دیار جه‌مال) چه‌ند پاسه‌وانێك په‌خشی راسته‌وخۆی كه‌ناڵه‌كه‌یان راگرت.
له‌ 20ی شوبات له‌ شاری دهۆك له‌ كاتی گردبونه‌وه‌یه‌كدا بۆ ئازادكردنی ده‌ستیگركراوانی خۆپیشاندانه‌كه‌ی شێلادزێ نۆ خۆبه‌خشی نه‌وه‌ی نوێ له‌ دهۆك ده‌ستگیركران. هاوكات له‌ روماڵی گردبونه‌وه‌كه‌دا (تایف گۆران) په‌یامنێری ئێن ئاڕ تی له‌ دهۆك ده‌ستگیركرا.
له‌ 22ی‌ شوبات، له‌دوای‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ راپۆرتێك له‌سه‌ر پارێزگاری‌ كه‌ركوك له‌لایه‌ن ده‌زگایه‌كی‌ ئه‌منیی‌ شاری‌ كه‌ركوكه‌وه‌ بانگهێشتی‌ رۆژنامه‌نووسان (هه‌ژار كاكه‌یی‌ و محه‌مه‌د جه‌باری‌) ده‌كرێت و هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كه‌ن و باجی‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌شیان لێده‌سه‌ننه‌وه‌. 


ئازار


له‌ 2ی ئازار هه‌ریه‌ك له‌ (عه‌بدولره‌حمان ئه‌بوبه‌كر پێشكه‌شكاری‌ به‌رنامه‌ی‌ دێ‌ به‌دێ‌ و ره‌وا ئه‌حمه‌د و سه‌ركه‌وت كه‌ریم كامێرامان و هه‌ردی‌ عه‌تا- شۆفێر) له‌كاتی‌ ئاماده‌كردنی‌ به‌رنامه‌ی‌ دێ‌ به‌دێ‌ له‌ قه‌زای‌ خانه‌قین له‌لایه‌ن هێزی‌ چه‌كدارانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبیه‌وه‌ ده‌ستگیركران، پاش 24 كاتژمێر ئازادكران.


له‌ 3ی‌ ئازار، به‌پاساوی‌ نه‌بوونی‌ مۆڵه‌ت بڕیاری‌ داخستنی‌ كه‌ناڵی‌ ئێن ئاڕ تی‌ 3 درا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ رۆشنبیری‌ و لاوانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌.


له‌ 3ی‌ ئازار، له‌لایه‌ن سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ نادیاره‌یه‌وه‌ ته‌شویش خرایه‌ سه‌ر كه‌ناڵی‌ ئێن ئاڕ تی‌. 


له‌ 4ی‌ ئازار، له‌كاتی‌ ده‌ستگیركردنی‌ سه‌رۆكی‌ جوڵانه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ له‌به‌رده‌م دادگای‌ سلێمانیدا، رێگری‌ له‌ دوو تیمی‌ كه‌ناڵی‌ ئێن ئاڕتی‌ (ژاڵه‌ محه‌مه‌د، زانكۆ ته‌ها، بژار ده‌باغ، جه‌لال ره‌حمان) ده‌كرێت و ده‌ست به‌سه‌ر كه‌لوپه‌له‌ رۆژنامه‌وانیه‌كانیاندا ده‌گیرێت. 


له‌ 4ی‌ ئازار، له‌كاتی‌ واژۆكردنی‌ رێككه‌وتنی‌ سیاسی‌ نێوان یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستاندا، رێگری‌ له‌ 13 كه‌ناڵی‌ راگه‌یاندن (هێرش قادر، ئاكار فارس، وه‌لید سه‌لیم، هێمن حسێن، ئارام بۆره‌، شه‌وكه‌ت قادر، بڕیار محه‌مه‌د، ئه‌حمه‌د شاڵی‌، عبدولحه‌مید زێباری‌، صاڵح هه‌ركی‌، خالید محه‌مه‌د، نارین رۆسته‌م، ئه‌رشه‌د شوانی‌) ده‌كرێت و رێگه‌یان پێناده‌ن روماڵی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ بكه‌ن. 


له‌ 6ی‌ ئازار، له‌كاتی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ دیداری‌ سلێمانی‌ له‌ زانكۆی‌ ئه‌مریكی‌، له‌لایه‌ن پاسه‌وانه‌كانی‌ ئه‌و زانكۆیه‌وه‌ رێگری‌ له‌ 10 كه‌ناڵی‌ راگه‌یاندن ده‌كرێت و رێگه‌یان پێناده‌ن روماڵی‌ دیداره‌كه‌ بكه‌ن. 
رۆژی 9ی ئازار تیمێكی NRT له‌ نێوان قه‌زای شنگال‌و ته‌له‌عه‌فه‌ر له‌ ناوچه‌ی موصل له‌لایه‌ن هێزێكی چه‌كداره‌وه‌ ده‌سگیر كران، پاش 2 كاتژمێر ئازاد كران.
له‌ 18ی‌ ئازار، له‌كاتی‌ روماڵكردنی‌ بۆردومانه‌كانی‌ سوپای‌ توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ی سیده‌كان، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ (زوبێر برادۆستی‌) په‌یامنێری‌ ئاژانسی‌ رۆژنیوز ده‌ستگیر ده‌كرێت. 
له‌ 2ی‌ نیسان، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ قه‌زای‌ دوكانه‌وه‌ رێگری‌ له‌ تیمێكی‌ رۆژنامه‌وانی‌ ئێن ئاڕتی‌ ده‌كرێت روماڵی‌ سه‌ر ڕێژبوونی‌ بێلماوسی‌ به‌نداوی‌ دوكان بكرێت. 
له‌ 3ی‌ نیسان، له‌كاتی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ پێشانگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ هه‌ولێر له‌لایه‌ن پاسه‌وانانی‌ پێشانگاكه‌وه‌ رێگری‌ له‌ تیمێكی‌ ئێن ئاڕتی‌ (هێرش قادر و گۆران عه‌بدولخالق) ده‌كرێت و رێگه‌یان پێناده‌ن روماڵی‌ كردنه‌وه‌ی‌ پێشه‌نگاكه‌ بكه‌ن. 
له‌ 15ی‌ نیسان، له‌كاتی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ یه‌كه‌مه‌كانی‌ زانكۆ و په‌یمانگاكان له‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران له‌ شاری‌ هه‌ولێر، رێگری‌ له‌ تیمێكی‌ رۆژنامه‌وانی‌ ئێن ئاڕتی‌ (هێرش قادر و گۆران عه‌بدولخالق) ده‌كرێت و رێگه‌یان پێنادرێت روماڵی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ بكه‌ن. 
له‌ 23ی‌ نیسان، له‌شاری‌ كه‌ركوك هه‌ریه‌ك له‌ رۆژنامه‌نووسان (سۆران داودی‌، هه‌ردی‌ محه‌مه‌د، ئاسۆ ئه‌حمه‌د، كاروان ساڵحی‌، خه‌بات نه‌جمه‌دین، چیا رۆژبه‌یانی‌) له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ كه‌ركوكه‌وه‌ رێگریان لێده‌كرێت كاری‌ رۆژنامه‌وانی‌ بكه‌ن له‌ شاره‌كه‌. 
له‌ 24ی‌ نیسان، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ ناحیه‌ی ته‌كیه‌وه‌ رێگری‌ له‌ ئاماده‌كردنی‌ به‌رنامه‌ی‌ بێ‌ سۆراغی‌ كه‌ناڵی‌ ئێن ئاڕتی‌ ده‌كرێت و بۆ ماوه‌یه‌ك (وریا حه‌مه‌ كه‌ریم) له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركرا. 
له‌ 24ی‌ نیسان، له‌كاتی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ فێستیڤاڵی ده‌رمانسازی‌ له‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ رێگری‌ له‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ (كوردستان 24، ئه‌نادۆڵ، زاگرۆس، باسنیوز، كه‌ركوك تیڤی‌، رادیۆ نه‌وا، تی‌ ئاڕ تی‌، وار تیڤی‌) ده‌كرێت و رێگه‌یان پێناده‌ن روماڵی‌ فێستیڤاڵه‌كه‌ بكه‌ن. 
له‌ 1ی‌ ئایار، به‌مه‌به‌ستی‌ تۆماركردنی‌ به‌رنامه‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانی‌ له‌لایه‌ن میوانی‌ به‌رنامه‌كه‌وه‌ سوكایه‌تی‌ به‌ په‌یامنێر (ئیلهام خالید و وێنه‌گران هێڤی‌ خالید و كاروان كاكل) له‌ سایتی‌ یه‌ڵڵاكوردی‌ ده‌كرێت.
له‌ 4ی‌ ئایار، له‌ كاتی‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ وه‌سیه‌تنامه‌ی‌ حاكم گۆران له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌كه‌یانه‌وه‌ له‌پاركی‌ نه‌ورۆز له‌شاری‌ دهۆك، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ رێگری‌ له‌ وێنه‌گری‌ كه‌ناڵی‌ ئێن ئاڕتی‌ (محه‌مه‌د عومه‌ر) ده‌كرێت و بۆ ماوه‌ی‌ كاتژمێرێك ده‌ستگیری‌ ده‌كه‌ن. 
له‌ 5ی‌ ئایار، له‌كاتی‌ روماڵكردنی‌ واژۆكردنی‌ رێككه‌وتنامه‌ی‌ سیاسی‌ نێوان یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ یه‌كێتی‌ له‌ شاری‌ سلێمانی‌، رێگری‌ ده‌كرێت له‌ هه‌ریه‌ك له‌ سایت و كه‌ناڵه‌كانی‌ (عێراقیه‌، كه‌ی‌ ئێن ئێن، ئێن ئاڕتی‌، بیلادی‌، باسنیوز، دواڕۆژ، سپێده‌، په‌یام، زاگرۆس، ناس كورد، شرقیه‌) ده‌كرێت و رێگه‌یان پێنادرێت روماڵی‌ رێككه‌وتنه‌ سیاسیه‌كه‌ بكه‌ن. 
له‌ 14ی‌ ئایار، له‌كاتی‌ روماڵكردنی‌ رووداوه‌كانی‌ گوندی‌ په‌لكانه‌ له‌لایه‌ن هێزی‌ سوپای‌ عێراقه‌وه‌ په‌یامنێری‌ سایتی‌ كه‌ركوك ناو (كاروان ساڵحی‌) ده‌ستگیر ده‌كرێت.
له‌ 14ی‌ ئایار، له‌كاتی‌ به‌ڕێوه‌چوون و ئاماده‌كردنی‌ خوانی‌ به‌ربانگ له‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ رێگری‌ له‌ په‌یامنێری‌ كه‌ناڵی‌ په‌یام (جه‌لال محه‌مه‌د) ده‌كرێت و رێگه‌یان پێناده‌ن روماڵی‌ خوانه‌كه‌ بكات. 
له‌ 14ی‌ ئایار، له‌كاتی‌ روماڵكردنی‌ رووداوه‌كانی‌ گوندی‌ په‌لكانه‌ له‌لایه‌ن هێزێكی‌ ئه‌منییه‌وه‌ تیمێكی‌ كه‌ناڵی‌ ئێن ئاڕتی‌ (ئاسۆ ئه‌حمه‌د و هاوتا به‌هرۆز) سوكایه‌تیان پێده‌كرێت و دواتریش ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌درێن و ده‌ستیش به‌سه‌ر كه‌لوپه‌له‌ رۆژنامه‌وانیه‌كانیاندا ده‌گیرێت و خۆشیان بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كه‌ن. 
له‌ 16ی‌ ئایار، له‌سه‌ر سكاڵای‌ دوو ئه‌فسه‌ری‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ هاتوچۆی‌ چه‌مچه‌ماڵ به‌ده‌ر له‌ یاسای‌ كاری‌ رۆژنامه‌نووسی‌ هه‌ریه‌ك له‌ ئاری‌ لوقمانی‌ په‌یامنێر و هێمن ئه‌حمه‌دی‌ وێنه‌گری‌ كه‌ناڵی‌ كه‌ی‌ ئێن ئێن بۆ ماوه‌ی‌ سێ‌ رۆژ ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێن. 
له‌ 24ی‌ ئایار، له‌لایه‌ن سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ نادیاره‌وه‌ ته‌شویش ده‌كرێته‌ سه‌ر هه‌ردوو كه‌ناڵی‌ ئێن ئاڕتی‌ یه‌ك و ئێن ئاڕتی‌ دوو.
له‌ 9ی‌ حوزه‌یران، له‌كاتی‌ مه‌راسیمی‌ سوێندخواردنی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، رێگری‌ له‌ ئاژانسی‌ رۆژنیوز ده‌كرێت روماڵی‌ مه‌راسیمه‌كه‌ بكات. 
له‌ 10ی‌ حوزه‌یران، له‌مه‌راسیمی‌ سوێندخواردنی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌ هۆڵی‌ سه‌عد عه‌بدوڵڵا، رێگری‌ له‌ كۆمه‌ڵێك ده‌زگای‌ راگه‌یاندن ده‌كرێت روماڵی‌ مه‌راسیمه‌كه‌ بكه‌ن. 
له‌ 10ی‌ حوزه‌یران، له‌كاتی‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانی‌ له‌به‌رده‌م باخی‌ گشتی‌ شاری‌ سلێمانی‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ رێگری‌ له‌ چه‌ند كه‌ناڵێكی‌ راگه‌یاندن ده‌كرێت و رێگه‌یان پێناده‌ن روماڵی‌ ئه‌و كۆنگره‌یه‌ بكه‌ن. 
له‌ 11ی‌ حوزه‌یران، له‌كاتی‌ روماڵی‌ گڕگرتنی‌ بۆرییه‌كی‌ نه‌وت له‌سه‌ر رێگای‌ كه‌ركوك - سلێمانی‌، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ شاری‌ كه‌ركوكه‌وه‌ رێگری‌ له‌ تیمێكی‌ ئێن ئاڕتی‌ ده‌كرێت و ده‌ست به‌سه‌ر كه‌لوپه‌له‌كانیاندا ده‌گیرێت.  
له‌ 24ی‌ حوزه‌یران، له‌كاتی‌ ئاماده‌كردنی‌ راپۆرتێك له‌سه‌ر نه‌بوونی‌ خزمه‌تگوزاری‌ له‌یه‌كێك له‌ پرۆژه‌كانی نیشته‌جێبوونی قوله‌ره‌یسی‌ شاری‌ سلێمانی‌، له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی‌ نه‌ناسراوه‌وه‌ كه‌خۆیان به‌به‌رپرسی‌ پرۆژه‌كه‌ ناساندووه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر تیمێكی‌ كه‌ناڵی‌ سپێده‌ (بێستون محه‌مه‌د و ئاریان به‌كر) رێگرییان لێده‌كه‌ن. 
له‌ 2ی‌ ته‌مموز، به‌مه‌به‌ستی‌ ئاماده‌كردنی‌ راپۆرتێك له‌سه‌ر ره‌وشی‌ ژنان له‌ قه‌زای‌ كه‌لار، له‌لایه‌ن ئاسایشی‌ بازگه‌ی‌ باكوری‌ كه‌لار رێگری‌ له‌ تیمێكی‌ كه‌ناڵی‌ ئاریان تیڤی‌ ده‌كرێت و رێگه‌یان پێناده‌ن بچنه‌ ناو قه‌زای‌ كه‌لاره‌وه‌ و ناچار ده‌كرێن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سلێمانی‌.
له‌ 4ی‌ ته‌مموز، له‌لایه‌ن پاسه‌وانه‌كانی‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانییه‌وه‌ رێگری‌ ده‌كرێت له‌ تیمێكی‌ كه‌ناڵی‌ كوردستان 24 (هاوكار یاسین و وه‌رزێر عه‌زیز) رێگه‌یان پێناده‌ن بچنه‌ ناو بینای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانییه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی‌ راپۆرتێكی‌ رۆژنامه‌وانی‌ سه‌ره‌ڕای‌ هه‌بوونی‌ مۆڵه‌ت.
له‌ 6ی‌ ته‌مموز، به‌هۆی‌ ئاماده‌كردنی‌ راپۆرتێكی‌ رۆژنامه‌وانییه‌وه‌ له‌سه‌ر كه‌سێك كه‌ سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌ و باس له‌ رۆژانی‌ جاشایه‌تی‌ ده‌كات له‌سه‌رده‌می‌ حكومه‌تی‌ به‌عسدا، له‌لایه‌ن كه‌سێكی‌ نزیك له‌و سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ كوشتن و سوكایه‌تی‌ له‌ رۆژنامه‌نووس (زانكۆ بورهان) ده‌كرێت. 
له‌ 9ی‌ ته‌مموز، له‌كاتی‌ وێنه‌گرتنی‌ پرسه‌ی‌ ئه‌ندامێكی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ په‌كه‌كه‌، له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ رۆژنامه‌نووس (زمناكۆ ئیسماعیل) بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێت و كه‌لوپه‌له‌ رۆژنامه‌وانیه‌كانیشی‌ لێده‌سه‌ندرێت. 
له‌ 10ی‌ ته‌مموز، له‌كاتی‌ مه‌راسیمی‌ سوێندخواردنی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران و جێگره‌كه‌ی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان، رێگریی‌ له‌ ئاژانسی‌ رۆژنیوز ده‌كرێت روماڵی‌ مه‌راسیمه‌كه‌ بكات. 
له‌ 16ی‌ ته‌مموز، به‌مه‌به‌ستی‌ ئاماده‌كردنی‌ به‌رنامه‌یه‌كی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌ ناحیه‌ی عه‌ره‌به‌ت له‌لایه‌ن پاسه‌وانه‌كانی‌ كه‌مپی‌ عه‌ربه‌ته‌وه‌ رێگریی‌ له‌ تیمێكی‌ كۆمپانیای‌ چه‌تر بۆ كاری‌ راگه‌یاندن (سۆما خالید و سۆما عه‌زیز) ده‌كرێت و رێگه‌یان پێنادرێت بچنه‌ ناو كه‌مپه‌كه‌وه‌. 
له‌ 18ی‌ ته‌مموز، له‌كاتی‌ روماڵی‌ رووداوی‌ ته‌قه‌كردن له‌ جێگری‌ كونسوڵی‌ توركیا له‌شاری‌ هه‌ولێر، هێزێكی‌ ئه‌منیی‌ كه‌ خۆیان به‌دژه‌ تیرۆر ناساندووه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر (ئه‌حمه‌د زاوێتی‌) به‌رپرسی‌ كه‌ناڵی‌ جه‌زیره‌ له‌ هه‌ولێر و له‌لایه‌ن ئه‌و هێزه‌وه‌ رێگریی‌ لێده‌كه‌ن.
له‌ 23ی ته‌مموز، له‌لایه‌ن پاسه‌وانه‌كانی‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانییه‌وه‌ رێگری‌ ده‌كرێت له‌ تیمێكی‌ كه‌ناڵی‌ كوردستان 24 (ئارام به‌ختیار و به‌رهه‌م جه‌مال) و رێگه‌یان پێناده‌ن بچنه‌ ناو بینای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانییه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی‌ راپۆرتێكی‌ رۆژنامه‌وانی‌ سه‌ره‌ڕای‌ هه‌بوونی‌ مۆڵه‌ت.
له‌ 25ی‌ ته‌مموز، له‌لایه‌ن هێزێكی‌ ئه‌منییه‌وه‌ په‌یامنێری‌ ئاژانسی‌ رۆژنیوز (زوبێر برادۆستی‌) ده‌ستگیرده‌كرێت. 
له‌ 29ی‌ ته‌مموز، له‌كاتی‌ روماڵی‌ مه‌راسیمی‌ دانانی‌ میری‌ نوێی‌ ئێزیدییه‌كان له‌لالش رێگری‌ له‌ تیمێكی‌ رۆژنامه‌وانی‌ كه‌ناڵی‌ چرا تیڤی‌ ده‌كرێت. 
له‌ 15ی‌ ئاب، له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی‌ نه‌ناسراوه‌وه‌ ده‌ستڕێژی‌ گولله‌ له‌ ماڵی‌ رۆژنامه‌نووس (فازڵ عومه‌ر) په‌یامنێری‌ كوردستان تیڤی‌ له‌ گوندی‌ گرده‌ سپیان له‌ سنوری‌ پشده‌ر ده‌كرێت. 
له‌ 16ی‌ ئاب، ئاژانسی‌ رۆژنیوز رایگه‌یاند كه‌ ئاسایشی‌ سلێمانی‌ رێگه‌ی‌ نه‌داوه‌ یادی‌ رۆژنامه‌نووسی‌ شه‌هید (ویداد حسێن) له‌ سلێمانی‌ بكه‌نه‌وه‌. 
له‌ 20ی‌ ئاب، به‌مه‌به‌ستی‌ روماڵی‌ كۆنفرانسێكی‌ رۆژنامه‌وانی‌ له‌ناو هێزه‌كانی‌ 70ی‌ شاری‌ سلێمانی‌، رێگری‌ ده‌كرێت له‌ هه‌ریه‌ك له‌ ده‌زگاكانی‌ (كه‌ی‌ ئێن ئێن، په‌یام، ئێن ئاڕتی‌، كوردستان تیڤی‌، سایتی‌ دوارۆژ، تۆڕی‌ هه‌واڵی‌ سلێمانی‌) و رێگه‌یان پێناده‌ن روماڵی‌ كۆنفرانسه‌كه‌ بكه‌ن.
له‌ 21ی‌ ئاب، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ شاری‌ هه‌ولێره‌وه‌ (بڕیار محه‌مه‌د) په‌یامنێری‌ ئاژانسی‌ هه‌ولێر ده‌ستگیرده‌كرێت. 
له‌ 22ی‌ ئاب، له‌لایه‌ن پاسه‌وانه‌كانی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی‌ ناحیه‌ی ئاشتی‌ سه‌ر به‌ شاری‌ كۆیه‌وه‌، رێگری‌ له‌ (خالید محه‌مه‌د) په‌یامنێری‌ ئێن ئاڕتی‌ ده‌كرێت و رێگه‌ی‌ پێنادرێت راپۆرتێك له‌سه‌ر ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ ئاماده‌بكات. 
له‌ 28ی‌ ئاب، له‌كاتی‌ روماڵكردنی‌ رێگری‌كردن له‌ تیمێكی‌ ئه‌ندازیاریی نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ له‌ رانیه‌، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان (ئه‌یوب عه‌لی) په‌یامنێری‌ ئێن ئاڕتی‌ ده‌ستگیر ده‌كه‌ن و ده‌ست به‌سه‌ر كه‌لوپه‌له‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانیدا ده‌گرن. 
له‌ 28ی‌ ئاب، له‌كاتی‌ روماڵی‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ ده‌روازه‌ی‌ سۆران، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ رێگری‌ له‌ تیمێكی‌ ئێن ئاڕتی‌ (هێرش قادر و حه‌سه‌ن مه‌ولود) ده‌كرێت.
له‌ 29ی‌ ئاب، له‌كاتی‌ روماڵی‌ سوتانی‌ ژماره‌یه‌ك كۆگا له‌شاری‌ هه‌ولێر، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ رێگری‌ له‌ تیمێكی‌ كه‌ناڵی‌ ئێن ئاڕتی‌ (هێرش قادر و گۆران عه‌بدولخالق) ده‌كرێت و رێگه‌یان پێناده‌ن روماڵی‌ روداوه‌كه‌ بكه‌ن. 
له‌ 19ی‌ ئه‌یلول، چه‌ند كه‌سێكی‌ نه‌ناسراو هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ئۆفیسی‌ سه‌ره‌كی‌ سایتی‌ وێستگه‌ نیوز و چونه‌ته‌ ژوری‌ سه‌رنوسه‌ر و گه‌ڕاون بۆ چه‌ند شتێكی‌ نه‌ناسراو، كۆمپیوته‌ری‌ سه‌رنوسه‌ره‌كه‌شیان پشكنیوه‌ و كه‌یسه‌كه‌ له‌ بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ سه‌رایه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ تێدا ده‌كرێت. 
له‌ 2ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌م، به‌مه‌به‌ستی‌ ئاماده‌كردنی‌ به‌رنامه‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانی‌ له‌ شاره‌دێی‌ هێرۆی‌ سه‌ر به‌ ئیداری‌ راپه‌ڕین، به‌بیانووی‌ نه‌بوونی‌ مۆڵه‌ت له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ رێگری‌ له‌ (ئاراس ئیبراهیم) پێشكه‌شكاری‌ كه‌ناڵی‌ روناهی‌ تیڤی‌ ده‌كرێت و رێگه‌ی‌ پێنادرێت به‌رنامه‌كه‌ی‌ ئاماده‌بكات. 
له‌ 11ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌م، له‌كاتی‌ روماڵی‌ خۆپیشاندانه‌كان بۆ پشتیوانی‌ رۆژئاوا له‌لایه‌ن چالاكوانێكی‌ بواری‌ مافی‌ مرۆڤ سوكایه‌تی‌ به‌ (هاژه‌ غه‌فور) په‌یامنێری‌ كه‌ناڵی‌ كوردستان 24 ده‌كرێت و رێگه‌ی‌ پێنادرێت لێدوان له‌ به‌شداربووانی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ وه‌ربگرێت. 
له‌ 21ی‌ تشرینی‌ دووه‌م، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ ناو شاری‌ سلێمانییه‌وه‌ رێگری‌ له‌ تیمێكی‌ رۆژنامه‌وانی‌ كۆمپانیای‌ چه‌تر (زانیار به‌هادین و جیهان عیرفان) ده‌كرێت و رێگه‌یان پێناده‌ن له‌ناو بازاڕ به‌رنامه‌یه‌ك ئاماده‌بكه‌ن. 
له‌ 27ی‌ تشرینی‌ دووه‌م، له‌كاتی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ له‌ شاری‌ هه‌ولێر رێگری‌ له‌ تیمێكی‌ كه‌ناڵی‌ ئێن ئاڕتی‌ (هێرش قادر و گۆران عه‌بدولخالق) ده‌كرێت و رێگه‌یان پێناده‌ن روماڵی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ بكه‌ن. 
له‌ 28ی‌ تشرینی‌ دووه‌م، له‌ په‌خشی‌ راسته‌وخۆدا له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ شاری‌ كه‌ركوكه‌وه‌ رێگری‌ له‌ تیمێكی‌ رۆژنامه‌وانی‌ كه‌ناڵی‌ كوردستان 24 ده‌كرێت. 
له‌ 7ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌م، له‌كاتی‌ روماڵی‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ شاری‌ كه‌ركوك له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ رێگری‌ له‌ (هێمن ده‌لۆ) په‌یامنێری‌ كه‌ناڵی‌ كوردستان 24 ده‌كرێت و رێگه‌ی پێناده‌ن روماڵی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ بكه‌ن.
له‌ 17ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌م، له‌میانه‌ی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ یارییه‌كانی‌ خولی‌ پله‌یه‌كی‌ كوردستان له‌ یاری‌ نێوان سه‌یدصادق و خاك، له‌ یاریگای‌ شانه‌ده‌رێ‌ له‌ شاره‌زور، رێگری‌ له‌ هه‌ریه‌ك له‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ (سپێده‌، كوردسات، په‌یام، گه‌لی‌ كوردستان، كوردستان تیڤی‌، ئێن ئاڕتی‌، دوارۆژ)  ده‌كرێت و رێگه‌یان پێناده‌ن روماڵی‌ ئه‌و یارییه‌ بكه‌ن. 



PM:04:52:11/01/2020




ئه‌م بابه‌ته 1432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌