" بە شكاندنی كامێرای رۆژنامەنوسان پێشێلكردنی مافی مرۆڤ دەشارنەوە"




میترو، سلێمانی

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت، هێزە ئەمنییەكان بۆ ئەوەی هەڵسوكەوتی پڕ لە زەبروزەنگیان بشارنەوە پەلاماری رۆژنامەنوسان دەدەن كامێراكانیان دەشكێنن و سوكایەتی بە پیشەی رۆژنامەنوسی دەكەن.

رێكەوتی 30 ی ئازاری 2017، لە(یاریگای شێروانە)ی شاری كەلار ،لە چوارچێوەی خولی پێشمەرگەی كوردستان ، لە یاری نێوان شێروانە و پێشمەرگەی هەولێردا گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هاندەران و هێزە ئەمنیەكان، رویدا .

لە پاش یاریەكە گرتەیەكی ڤیدیۆی، بڵاوكرایەوەوە، تیایدا كۆمەڵێك چەكدار بەبەرگی رەسمییەوە، پەرلاماری گەنجێك دەدەن، دیمەنەكە وەشاندنی شەق و بۆكس و توندوتیژی زۆری تێدایە بەرامبەر ئەو هاوڵاتییە مەدەنییە.

بەڕێوەبەری رادیۆی دەنگ لە شاری كەلار رۆژنامەنوس ئازاد عوسمان بە میترۆی راگەیاند كە گەلەكۆمەكەی چەكدارەكانی ئاسایش لە گەنجان شتێكی نوێ نییە، وتی"ئەو گەنجانەی هاوڕێمان بیر كەوتەوە كەلەسەروبەندی خۆپیشاندانەكانی ساڵانی رابردو دا لەلایەن ئەم هێزە روبەروی ئەشكەنجە دەبون و سوكایەتییان پێدەكرا".

ئازاد جەختیكردەوە "ئاسایش لەهەمو وڵاتێكدا جێبەجێكەری یاسان بە پێی رێوشوێنی یاسایی تۆمەتباران رادەستی دادگا دەكەن نەك وەك ئەوەی لەو دیمنانە دەیبینین هێزەكان دەبنە شەقوەشێن و یاساشكێن"
هەر لەو روداوە پەلاماری كامێرای پەیامنێرانی كەناڵی K24 و رۆژنامەی كوردستانی نوێ دراوە .

هادی احمد پەیامنێری وەرزشی رۆژنامەی كوردستانی نوێ لە شاری كەلار بە میترۆی راگەیاند لە دوای تەواو بوونی یاری گرژی و ئاڵۆزی كەوتە نێوان هاندەران و هێزە ئەمنیەكان منیش بە كامێراكەم دیمەنەكانم تۆمار دەكرد وتی "كاتێك چەن ئاسایشێك هێرشیان كردە سەر هاندەرێك و لێیان دەدا منیش بە كامێراكەم وێنەی پەلامارەكەم دەگرد، زیاد لە دە ئاسایش پەلاماریان دام ، كامێراكەیان شكاندم و لێان دام و سوكایەتیان پێكردم".

هەرێم جاف پەیامنێری K24 بە میترۆی وت" بۆم هاتن و بە زەبری هێز كامێراكەیان لێ سەندم پاش ماوەیەك بۆیان گەڕاندمەوە"

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان هێرش بۆ سەر خەڵكی مەدەنی بە گشتی و رۆژنامەنوسان بە تایبەتی بە توندی مەحكوم دەكات و داوا دەكات لایەنی بەرپرس لەو شارە ئەو كەسانە بدۆزنەوە كە مافی مرۆڤ و مافی رۆژنامەنوسانیان پێشێلكردەوە و بە یاسا سزا بدرێن.

دیمەنی گرتە ڤیدیۆییەكە دەبوو ئێستا بەرپرسانی شارەكەی توشی شۆك بكردایەو هەوڵی چەسپاندنی عەدالەت بدەن و داوای لێبورد لەو گەنجانە و رای گشتی كوردستان بكەن كە هێزەكانیان بە بەرگی رەسمییەوە بە زەبروزەنگ مامەڵە لەگەڵ خەڵكی مەدەنیدا دەكەن.

میترۆ داوا لە هەموو رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی گەرمیان دەكات فشار بخەنە سەر ئیدارەی شارەكەیان بە ئامانجی چەسپاندنی عەدالەت و رێزگرتن لە مافی مرۆڤ.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.

تا كۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی كراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە كۆنفرانسێكدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێكخراوەكە هەڵبژێردران. لەسەرەتای 2015 سەرلەنوێ دەستەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردوە.

میترۆ لە ساڵەكانی 2011 و 2012 و2013 و 2014، 2015، 2016 راپۆرتی ساڵانەی لەسەر رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە.


AM:11:02:04/04/2017




ئه‌م بابه‌ته 324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌