پەیامنێرە دەستگیرکراوەکەی ئێن ئاڕ تی گواسترایەوە بۆ پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی کەلار



میترۆ، سلێمانی‌ 

دوای‌ ڕۆژێک لە دەستبەسەرکردنی‌ لەلایەن پۆلیسەوە لەسەر ڕاپۆرتێک لەبارەی‌ ئەو پیاوەی‌ کفری‌ کە شیر و دایبی‌ دزی بوو، ئەمڕۆ پەیامنێری‌ ئێن ئاڕ تی‌ لە کفری‌ وتەی‌ لێی‌ وەرگیرا و گواسترایەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی‌ گرتن و گواستنەوەی‌ کەلار.

دەستبەسەرکردنی‌ ئارام بەختیار پەیامنێری‌ ئێن ئاڕ تی‌ لەسەر سکاڵای‌ ئەکرەم جەلیل سەرۆکی‌ دادگای‌ تێهەڵچونەوەی‌ تاوانەکانی‌ کەرکوک – گەرمیانە، بە تۆمەتی‌ ناوزڕاندنی‌.

کۆتایی‌ مانگی‌ ڕابردوو پەیامنێری‌ ئێن ئاڕ تی‌ لە کفری‌ ڕاپۆرتێکی‌ لەسەر حوكمی كۆتایی دادگای قەزاکە بڵاوکردەوە، لەسەر ئەو پیاوەی‌ کە ساڵی‌ ڕابردوو بە تۆمەتی‌ دزینی‌ شیر و دایبی‌ دەستگیرکرابوو، کە ئەمساڵ دادگایی‌ کراو بە ١١ ساڵ زیندانی‌ حکومدرا.

پێشتریش سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنوسان ڕایگەیاند، راپۆرتەکەی پەیامنێری‌ ئێن ئاڕ تی‌ پاش حوكمی كۆتایی دادگا ئامادە کراوە و كاریگەری نەبووە لەسەر ڕەوتی لێكۆڵینەوەی دۆسییەكە و ڕێڕەوی دادگایی كردنەكە، بۆیە پێویستە دەستبەجێ ئازاد بکرێت.

دەستبەسەرکردنی‌ پەیامنێرەکەی‌ ئێن ئاڕ تی‌ لەکاتێکدایە بەپێی‌ یاسای‌ ڕۆژنامەگەری‌ ژمارە ٣٥ی‌ ساڵی‌ ٢٠٠٧ بەهیچ جۆرێک نابێت ڕۆژنامەنووس دەستبەسەر یان دەستگیربکرێت.

NRT


PM:04:41:23/05/2017




ئه‌م بابه‌ته 320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌