میترۆ
ڕادیۆ ڕەقە، کە ناوی لێنراوە ڕادیۆ فورات ئێف ئێم لە شارۆچکەی تەبقەی نزیک ڕەقە دامەزرا و دەستی بە پەخشی ئەزموونی کردووە و بڕیارە ماوەی پەخشەکەی هەموو ڕۆژێک لە کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانییەوە بۆ ١٢ی شەو بێت.
ئاژانسی هەواڵی هاوار لە ڕۆژئاوای کوردستان بڵاویکردەوە، لە دوای ڕزگاکردنی تەبقە لە چەکدارەکانی داعش، دەست بە ئاوەدانکردنەوە و پاککردنەوەی ئەو شارۆچکەیە کراوە و یەکێک لە کارەکانیش بۆ خەڵکی ناوچەکە دامەزراندنی ڕادیۆی ڕەقەیە بە ناوی ڕادیۆ فورات ئێف ئێم.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستادا ڕادیۆکە بە شێوەی ئەزموونی دەستی بە پەخشکردووە و تەنها مۆسیقا و گۆرانی بڵاودەکاتەوە و بڕیاریشە بەمزوانە دەست بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری بکات.
ئەوەش خراوەتەڕوو، پەخشی ڕادیۆکە لەسەر شەپۆلی ١٠٧.٧ی ئێف ئێمە و بارەگاکەی لە شارۆچکەی تەبقەیە و لە ئێستادا پەخشەکەی لە سنووری ٥٠ کیلۆمەتر چوار گۆشەدا دەبیسترێت.
موسعەب حوسێن کە سەرقاڵی ئامادەکارییەکانی پەخشی ڕادیۆکەیە ڕایگەیاندووە، لە دوای پەخشی ئەزموونیی ڕادیۆکە دەستیان بە بڵاوکردنەوەی ئاگاداری بۆ خەڵکی ناوچەکە کردووە و چاوەڕێ دەکەن ستافەکەیان لە خەڵکی ناوچەکە تەواو بکەن و لە ماوەیەکی کورتیشدا دەست بە پەخشی هەواڵ و زانیاریش بکەن.
بەپێی قسەکانی موسعەب حوسێن، پەخشی ڕادیۆکە لە کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانییەوە تاوەکو ١٢ی شەو دەبێت و خەڵکی ناوچەکە پێشوازییان لە ڕادیۆکە کردووە و تا ئێستا بەشێک لە هاووڵاتیان سەردانی ڕادیۆکەیان کردووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە شەڕڤانان لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی توڕەیی فوراتدا لە شەوی ٢١ی ئازاری ٢٠١٧ و بە هاوبەشیی هێزی هاوپەیمانان لە ئاسمانەوە دابەزینە دەورووبەری شارۆچکەی ڕەقە و لە دوای ٥٠ ڕۆژ شەڕ لە دژی چەکدارەکانی داعش و لە ١٠ی ئایاری ٢٠١٧دا ئەو شارۆچکەیە و بەنداوی فورات، کە دەکەوێتە دووریی ٥٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شاری ڕەقە، کۆنتڕۆڵکرد.
NRT