سەنتەری میترۆ: رۆژنامەنوسێكی تر بوو بە قوربانیی گەیاندنی راستی




میترۆ، سلێمانی‌ 
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی‌ له‌ مافی‌ رۆژنامه‌نووسان رایگه‌یاند كه‌ له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ هاوكاریی رۆژنامه‌نوسان ناكرێت، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ رۆژنامه‌نوسێكی دیكه‌ ببێته‌ قوربانیی گه‌یاندنی راستییه‌كان.

 لەكاتی روماڵكردنی هەواڵی بەرەی موسڵی كۆن ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 19ی حوزه‌یرانی 2017، رۆژنامەنوس بەختیار حه‌داد، گیانی لەدەستدا و سێ كەسی تریش لە هاوكارانی، كە میدیاكاری بیانین، بریندار بوون.  

سه‌نته‌ری میترۆ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ لە دوا پۆستیدا لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی بەختیار حەداد وێنەی چەند چەكدارێكی فەرەنسایی كە لە ریزەكانی گروپی تیرۆریستی داعش كاریان كردووەو هەندێكیان گەراونەتەوە بۆ ناو ئەو وڵاتە بڵاوكردووه‌تەوە و نوسیویه‌تی:" دۆزینەوەی وێنەی داعشە فەرەنسیەكان كە لە موسڵن بە كەس ناكرێ، تەنانەت بەكەسی شارەزا دەكرێ، ئەوە دوبارە یارمەتیدانی كۆماری فەرەنسایە، بۆدۆزینەوەیان، بەشێك لەم كەسانە گەراونەتەوە فەرەنسا.  ئەمە لەڕێگای منەوە ئەم وێنانەیان كەوتەی دەست، لە گۆڤاری Paris-Matchh بڵاو كراوەتەوە" .

بەختیار خەڵكی شاری هەولێرە، لە رۆژنامەی‌ ڤیگارۆ و چەند ئاژانسێكی تری فەرنسایی راپۆرت و هەواڵی ئامادەكردوە، ماوەیەكی زۆرە لە شاری موسڵ لەگەڵهەردوو كەناڵی یەك و دووی فرنسی وەك وەرگێر كاری دەكرد، پێشتریش كاری وەرگێڕانی بۆ كونسڵگەری فەرنسا لە هەولێر كردوە و كوڕی‌ نوسەرو رۆژنامەنووس و مامۆستای‌ زانكۆی سەلاحەدین (عەبدولا حەداد)ە، بەختیار عه‌بدوڵا حه‌داد، سێ جاری تر لە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی موسڵ بریندار بووە.

له‌و باره‌یه‌وه‌ رۆژنامەنوس ئەحمەد ئەنوەر جاف، هاورێی رۆژنامەس بەخیتار بە میترۆی راگەیاند: " بەداخەوە هیچ لایەنێك هاوكاری و رێنشاندەر و چاوساغی رۆژنامەنووسان ناكات و ئاگاداریان ناكاتەوە لە مەترسی ناوچەكان لە هەبوونی بۆمبی چێنراو یان هەر مەترسیەكی دیكە.  "

وتیشی:" كارەكان بەشێوەیەكی هەرەمەكی بەرێوەدەچێت هیچ هاوكاری و كارئاسانی بۆرۆژنامەنووسان ناكرێت، باسی لەوەشكرد "شانەی راگەیاندنی جەنگی هەیە بەڵام هەركەس و بۆ خۆی كاردەكات" .

بەپێی ئاماری روانگەی ئازادی رۆژنامەنوسی (JFO) كە بە هاوبه‌شی لەگەڵ سەنتەری (METRO)دا كار دەكات، تەنها لە نێوان 3ی ئایاری 2016 بۆ 3ی ئایاری 2017، 20 رۆژنامەنوس لە عیراقدا كوژراون .  

سەنتەری میترۆ بەردەوام لە رێگەی دیدارو بەیاننامەكانی داوای لە دەزگاكانی راگەیاندن كردە مەرجەكانی سەلامەتی بۆ رۆژنامەنوسان ئامادەبكەن بەر لە ناردنیان بۆ بەرەكانی جەنگ، لە پێش هەموو مەرجەكانیش وەرگرتنی راهێنان بێت بۆ پەیامنێرانی جەنگ.  

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.  
تاكۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی كراوە، لە تەمموزی 2010 لە كۆنفرانسێكدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێكخراوەكە هەڵبژێردران. 

لەسەرەتای 2015 سەرلەنوێ دەستەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردوە و میترۆ لە ساڵەكانی 2011 و 2012 و2013 و 2014، 2015، 2016 راپۆرتی ساڵانەی لەسەر رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە.


PM:05:53:19/06/2017




ئه‌م بابه‌ته 156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌