میترۆ، ههولێر
پاسەوانەکانی نێچیرڤان بارزانی لەناو بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو ڕێگرییان لە تیمی ڕۆژنامەوانی ئێن ئاڕ تی کرد و لەو شوێنە دوریان خستنەوە.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، پاسەوانەکانی نێچیرڤان بارزانی سێ جار پشکنینیان بۆ کامێرەکەمان کردووە کە بزانن ئایا هیچ گرتەیەکمان تۆمارکردووە یان نا.
وتیشی سەرەڕای ڕێگریکردن لە تیمی ئێن ئاڕ تی ڕێگا بە کەناڵەکانی سەربە پارتی دیموکراتی کوردستان دراوە کە بچنە ناو بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکگرتووەوە و کۆبوونەوەی پارتی و یەکگرتوو ڕوماڵ بکەن.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی وتی، پاسەوانەکانی بارەگای یەکگرتوو وتویانە کە ئەوان دەسەڵاتیان نییە تا ڕێگایان پێبدەن بچنەناو بارەگاکەوە.
ئەو ئاسایشانەی ڕێگریان لە تیمی ئێن ئاڕ تی کرد وتویانە کە نابێت لەنزیکی بارەگای یەکگرتووش بمێننەوە و بڕۆنەوە بۆ نوسینگەکەی خۆتان.
جێگای ئاماژەیە کە تەنها ڕێگا بە کەناڵەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان درا کە ڕوماڵی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەفدی پارتی و یەکگرتوو بکەن.
ئەمڕۆ ١ی ئاب لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو پارتی بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و دڵشاد شههاب ئهندامی سهركردایهتی پارتی، لە یەکگرتوو بە ئامادەبوونی سەڵاحهدین بهادین و فهرهاد مهلا ساڵح و عومهر محەمەد و غازی سەعید و سهڵاحهدین بابهكر کۆبوونەوە.