سلێمانی‌: یه‌كه‌مین ساڵیادی‌ شه‌هید كردنی‌ وه‌داد حسێن به‌ڕێوه‌چوو





میترۆ، سلێمانی‌ 
ئێواره‌ی‌ ئه‌مرۆ له‌ هۆڵی‌ ته‌واری‌ شاری‌ سلێمانی‌ له‌ مه‌راسمێكدا یەکەمین ساڵیادی شەهیدکردنی رۆژنامه‌نووس وەدات حسێن، بە ئامادەبوونی کەسوکاری ڕۆژنامەنووسی تیرۆرکراو و ژمارەیەک لە بەرپرسان و پەرلەمانتاران و چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان كرایه‌وه‌. 

هه‌ر له‌ مه‌راسیمه‌كدا وتاری‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان و سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ كوردستان و سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ داكۆكی‌ له‌ مافی‌ رۆژنامه‌نووسان و گۆڤاری ئازادیی کۆمه‌ڵگه‌ و دەستەی بەڕێوەبەری ئاژانسی ڕۆژنیوز، خوێندرایه‌وه‌.

دواتر دیكیۆمێنته‌رییه‌ك له‌سه‌ر ژیان و كارو چالاكیه‌كانی‌ وه‌داد حسێن نمایشكرا، له‌ كۆتای‌ مه‌راسیمه‌كه‌شدا یەکەمین خەڵاتی "وەدات"  بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەریی به‌خشرایه‌ رۆژنامه‌نووسان (ژینۆ محمه‌د و هێمن مامه‌ند). 


هه‌ر له‌و مه‌راسیمه‌دا وتاری‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ داكۆكی‌ له‌ مافی‌ رۆژنامه‌نووسان له‌لایه‌ن دیاری‌ محمه‌د جێگری‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ خوێندرایه‌وه‌ له‌ وتاره‌كه‌دا رایگه‌یاند، وا ساڵێكە رای گشتی لە هەرێمی كوردستان و خێزانی شەهید ودات حسێن چاوەڕوانی لیژنەی بەناو لێكۆڵینەوەن كە بۆ كەیسی ئەم رۆژنامەنوسە جوانەمەرگە پێكهات، ساڵێكە ئێمەو ئێوە چاومان بڕیوەتە دەزگا ئەمنیەكانی دهۆك تا تاوانباران دەسگیربكەن و لە دادگایەكی عادیلانەدا حوكم بدرێن.

هه‌ر له‌ وتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌، ساڵێكە ئەو دەزگایانە بێ ئومێدیان كردوین، هۆكارەكەشی روونە، عەدالەت و یاسا دەستیان لە بەردەم ئەم جۆرە كەیسانە كورتە، بەڵام داربەدەست و چەكبەدەستەكانیان، دەستیان درێژە بۆ خەڵكی فەقیرو بێ پشت و پەنا.

له‌ به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ وتاره‌كه‌یدا ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌، ئێمە لە سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان لەسەرەتای بیستنی هەواڵەكەدا ئیدانەمان كردو رامانگەیاند كە تاوانی كوشتن بەهەر هۆكارو بیانویەك بێت ، نابێت كۆمەڵگا لێی بێدەنگ بێت، بەڵام بەداخەوە تاكو ئێستا هیچ دامەزراوەیەكی دادوەری و ئەمنی لە خەمی ئەم كەیسەدا نین. كەیسەكەس شەهید (ودات)یش وەك كەیسی رۆژنامەنوسانی تیرۆركراو بكوژانی ئازادان.


جێگری‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ جه‌ختی‌ كرده‌وه‌ له‌وه‌ی‌، دەزگای ئەمنی لە هەرێمی كوردستان خاوەنی بودجەیەكی گەورەن و ئیمكانیاتێكی زۆریان بۆ دابین كراوە، ئەم هێزانە توانیویانە گروپی گەورەی تیرۆریستی ئاشكرا بكەن، بۆیە ئێستا خەڵك و خانەوادەی قوربانییەكان مافی خۆیانە لەم كەیسانە گومان بكەن و بپرسن بۆچی بكوژان بۆی دەرباز دەبن و هەموو ئیمكانیاتی هێزی ئەمنی لەبەردەمیان لاوازە، بانگەشەكانی دەسەڵات بۆ ئازادی ڕادەربڕین و دیموكراتی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ وەك دروشمی هەڵبژاردن ‌و قسەی سەر كاغەز تەماشا دەكرێت، تا ئینسانی ئەم هەرێمە هەست بە بێ مافی و نایەكسانی بكات ,ئەو مافانەی ئەوان بانگەشەی بۆ دەكەن هیچ بەهایەكی نییە.

له‌ كۆتایی‌ وتاره‌كه‌دا رونیشیكرده‌وه‌ كه‌، تیرۆرو سوكایەتی و شكاندنی كەرامەتی مرۆیی هەر ئینسانێك و دەبازبونی بكوژان لەو تاوانانە، ئینتمای خەڵك بۆ نیشتمانەكەی لاواز دەكات و ئەگەر بەم شیێوە بەردەوام بێت، ئەوا بە بێ بایەخیش پێشوازی لە پرسە نەتەوەییكان دەكات.


وەدات حسێن، ڕۆژنامەنووس و پەیامنێری ئاژانسی‌ رۆژنیوز بوو لە شاری دهۆک، لە ١٣ی ئابی ساڵی ڕابردوودا، لەلایەن چەند چەکدارێکەوە ڕفێندرا، پاش کەمتر لە دوو کاتژمێر، لە نزیک گوندی سێجێی نزیک شاری دهۆک دۆزرایەوە، کە بە دڕندانەترین شێوە لەژێر ئەشکەنجەدا بریندارکرابوو، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە هەمان ڕۆژ لە نەخۆشخانەی گشتی دهۆک گیانی‌ له‌ ده‌ستدا. 


PM:07:36:13/08/2017




ئه‌م بابه‌ته 172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌