عێراق: كه‌م وكورتی له‌ گرتنه‌به‌ری ڕێكاری یاسایی بۆ گومانلێكراوانی داعش
PM:01:00:06/12/2017
میترۆ

له‌ به‌رقه‌راركردنی دادپه‌روه‌ری بۆ قوربانیان كه‌م ده‌كاته‌وه‌

(به‌غداد، ٥ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٧)—هیومان ڕایتس ۆوچ له‌ ڕاپۆرتێكیدا كه‌ ئه‌مڕۆ بڵاوكرایه‌وه‌ ڕایگه‌یاند، حكومه‌تی عێراقی و هه‌رێمی كوردستان سه‌رقاڵی به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌ی دادگایكردنی هه‌زاران گومانلێكراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامین به‌بێ هه‌بوونی ستراتیژێك كه‌ ئه‌وله‌ویات به‌ تاوانه‌ گه‌وره‌كان بدات به‌پێی یاسا عێراقی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان. ئه‌م شێوازه‌ هه‌ڕه‌مه‌كی و پێشێلكاریه‌ به‌ربڵاوه‌ كه‌ له‌ پرۆسه‌ی یاساییدا ده‌كرێ ڕه‌نگه‌ قوربانیانی ده‌ست تاوانه‌ گه‌وره‌كانی داعش له‌ هێنانه‌دی مافه‌كانیان له‌ پرۆسه‌یه‌كی دادوه‌ری و عادیلانه‌ بێبه‌ش بكات. 


له‌ ڕاپۆرته‌ ٦٩ لاپه‌ڕه‌ییه‌كه‌دا له‌ژێر ناونیشانی، ''كه‌م وكورتی دادوه‌‌ری: لێپرسراوێتی بۆ تاوانه‌كانی داعش له‌ عێراق،'' لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ده‌ستگیركردن و پرۆسه‌ی دادگایكردن و لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌و هه‌زاره‌ها گومانلێكراوه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (ناسراو به‌ داعش) له‌ عێراق كراوه‌.  له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هیومان ڕایتس ۆوچ  كه‌موكورتی جددی له‌ پرۆسه‌ی دادوه‌ری و ڕێكاری یاسایی به‌دیكردووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی لاوازكردنی هه‌وڵه‌كان له‌ دادگایكردنی عادیلانه‌ی گومانلێكراوانی داعش. له‌ هه‌مووی گرنگتر، ستراتیژێكی نیشتمانی نیه‌ كه‌ دڵنیایی بدات له‌ پرۆسه‌یه‌كی یاسای دروست بۆ سزادانی ئه‌وانه‌ی له‌ پشت ئه‌نجامدانی تاوانی گه‌وره‌وه‌ بوون. سزادانی به‌ربڵاوی ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ داعشه‌وه‌ هه‌بووه‌ به‌پێی یاسای دژه‌ تیرۆر، ئه‌گه‌رچی به‌شداریشیان زۆرم كه‌م بووبێ له‌ناو گرووپه‌كه‌، ڕه‌نگه‌ بێته‌ هۆی دروستكردنی به‌ربه‌ست له‌ به‌رده‌م ئاشته‌وایی و چاكسازی له‌ناو كۆمه‌ڵگا له‌ داهاتووداو خنكانی دادگاو به‌ندیخانه‌كانی عێراق بۆ ده‌یان ساڵ.


سارا لی وویتسن، به‌ڕێوه‌به‌ری هیومان ڕایتس ۆوج بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ووتی، ''عێراق به‌م جۆره‌ مامه‌ڵه‌كردنه‌ی له‌گه‌ڵ دادگایكردنه‌كانی ئه‌ندامانی داعش ئه‌و هه‌له‌ له‌ ده‌ست ده‌دات كه‌ نیشانی هاووڵاتیه‌كانی خۆیی و جیهان و داعششی بدات كه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ یاساو داپه‌روه‌ری تێیدا سه‌روه‌ره‌و له‌ توانایدا هه‌یه‌‌ ئاشته‌وایی بهێنێ بۆ هه‌موو ئه‌و كۆمه‌ڵگانه‌ی كاریگه‌ری ئه‌م شه‌ڕه‌یان له‌سه‌ر هه‌بووه‌. واده‌رده‌كه‌وێ دادوه‌ری عێراق زیاتر ته‌ركیزی له‌سه‌ر سزادان و دادگایكردنی ئه‌و پزیشكانه‌ بێ‌ كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش پارێزگاریان له‌ ژیانی خه‌ڵك كردووه‌ له‌بری ئه‌وانه‌ی له‌پشت ئه‌نجامدانی تاوان له‌ دژی مرۆڤایه‌تیه‌وه‌ بوون.''


ڕاپۆرته‌كه‌ له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ ده‌خرێته‌ به‌رده‌م به‌رپرسانی حكومی له‌ هه‌ولێرو به‌غدا. ڕاپۆرته‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری بووه‌ له‌ هه‌ولێرو پارێزگای نه‌ینه‌واو به‌غداد له‌ تشرینی دووه‌می ٢٠١٦ بۆ ته‌موزی ٢٠١٧.  توێژه‌ران سه‌ردانی ئه‌و زیندانانه‌یان كردووه‌ كه‌ به‌ هه‌زاران گومانلێكراوی داعشیان تێدا به‌ندبووه‌ له‌گه‌ڵ دادگاكانی نه‌ینه‌واو به‌غدادو هه‌ولێر كه‌ پرۆسه‌ی دادگایكردنیان تێدا به‌ڕێوه‌چووه‌. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی چاویان به‌ به‌رپرسانی باڵای عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌وتووه‌. هه‌روه‌ها هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ لایەنی كه‌م له‌ ١٠٠ خێزانی گومالێكراوانی داعش كردووه‌، له‌گه‌ڵ ده‌یان كه‌س كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی داعش نه‌هامه‌تی و ئازاری گه‌وره‌یان چه‌شتووه‌ یان خۆشه‌ویستانیان له‌ده‌ست داوه‌. هه‌روه‌ها، چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ پارێزه‌رانی ناوخۆیی و شاره‌زایانی یاسایی كراوه‌ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ئه‌و ڕێكخراوه‌ ناحكومیه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ی كار له‌سه‌ر كێشه‌ی دادوه‌ری له‌ عێراق ده‌كه‌ن.


هیومان ڕایتس ۆوچ بۆی ده‌ركه‌وت كه‌ حكومه‌تی عێراقی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیچ ستراتیژێكی نیشتمانیان نیه‌ له‌ ئه‌وله‌ویه‌ت دان به‌ دادگایكردن و سزادانی ئه‌وانه‌ی له‌ پشت ئه‌نجامدانی تاوانی گه‌وره‌وه‌ بوون، یان دیاریكردنی سزای تاوانه‌كانیان له‌ چوارچێوه‌یه‌كدا كه‌ مه‌ودای فراوانی هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ بگرێته‌وه‌  کە له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی داعش ئه‌‌نجام  دراوون. ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ لێپرسینه‌وه‌و دادگایكردنی هه‌موو گومانلێكراوانی داعش له‌لایه‌ن به‌رپرسان به‌پێی یاسای دژه‌ تیرۆره‌، به‌تایبه‌ت و به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كیش بۆ ئه‌ندام بوونه‌ له‌ناو‌ داعش. 


له‌ ساڵی ٢٠١٤وه‌ هیومان ڕایتس ۆوچ لانی كه‌م له‌ ٧،٣٧٤ كه‌یس كه‌ ڕووبه‌ڕوی ئه‌م سزایانه‌‌ بوونه‌ته‌وه‌و‌ تێیاندا ٩٢ كه‌سیان سزای مردنیان بۆ ده‌رچووه‌و له‌سێداره‌ دراون ده‌ستنیشان كردووه‌. توێژه‌ران ژماره‌ی ته‌واوی ئه‌و كه‌سانه‌ی وه‌ك گومانلێكراوی داعش ده‌ستگیركراون به‌لانی كه‌م له‌ ٢٠.٠٠٠  كه‌س ده‌خه‌مڵێنن. 

له‌ توێژینه‌وه‌كه‌ی هیومان ڕایتس ۆوچدا نیگه‌رانی له‌باره‌ی پرۆسه‌یه‌كی یاسایی عادیلانه‌ له‌ كاتی لێكۆڵینه‌وه‌ كردن له‌و كه‌سانه‌ی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشیان جێهێشتووه‌ خراوه‌ته‌ ڕوو، وه‌ك‌ شێوازی پشكنین و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌‌ لیستی ناوی گومانلێكراوان كه‌ له‌لایه‌ن ئاسایشی ناوخۆوه‌ كۆكراونه‌ته‌وه‌. ئه‌وانه‌ی به‌ هه‌ڵه‌ وه‌ك گومانلێكراو ده‌ستنیشان كراون چه‌ند مانگێكیان له‌ زینداندا به‌سه‌ربردووه‌.

هیومان ڕایتس ۆوچ بۆی ده‌ركه‌وت كه‌ به‌رپرسانی عێراقی هه‌ستاون به‌ به‌ندكردنی گومانلێكراوانی داعش له‌ زیندانی قه‌ره‌باڵغ و له‌هه‌ندێك حاڵه‌تدا له‌ كه‌شی نامرۆیانه‌ دا بوون و منداڵانیان له‌ زیندانیه‌ پیاوه‌كان جیانه‌كردۆته‌وه‌. به‌رپرسان هه‌ستاون به‌ پشتگوێخستنی مافی زیندانیان له‌ هه‌بوونی پرۆسه‌یه‌كی یاسای عادیلانه بۆ هه‌ر ده‌ستگیركراوێك‌ وه‌ك هێنانانیان بۆ به‌رده‌م دادوه‌ر له‌ ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێردا وه‌ك له‌ یاسای عێراقیدا هاتووه‌، یان ڕێگه‌دان به‌ ئاماده‌بوونی پارێزه‌ر له‌ ته‌واوی ماوه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌گه‌ڵیان یان ئاگاداركردنه‌وه‌ی خێزانه‌كانیان له‌ ده‌ستگیركردنیان و ڕێگه‌دان به‌ هه‌بوونی په‌یوه‌ندیكردن له‌ نێوان ده‌ستگیركراوه‌كان و خێزانه‌كانیان. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی، به‌پێی ووته‌ی ده‌ستگیركراوان به‌رپرسان هه‌ستاون به‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانیان له‌ پێناو ناچاركردنیان به‌ داننان به‌ ئه‌ندام بوون له‌ناو داعشدا.

یاسای به‌رفراوانی دژه‌ تیرۆر كه‌ حكومه‌تی عێراقی و به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پیاده‌ی ده‌كه‌ن له‌ دادگایكردنی گومانلێكراوانی داعش ڕێگه‌ی به‌ دادوه‌ران داوه‌ سزای یاسای به‌سه‌ر خه‌ڵكدا بسه‌پێنن ته‌نها له‌به‌ره‌وه‌ی ئه‌ندام بوون له‌ ناو داعش یان هاوكاری داعشیان كردووه‌ ،به‌ڵام له‌ كارێكی تووندوتیژی دیاریكراو تێوه‌نه‌گلاون. ئه‌مه‌ ئه‌وانه‌شی گرتۆته‌وه‌ كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی داعش كاریان كردووه‌ یان له‌ چێشتخانه‌كان خواردنیان بۆ چه‌كداران ئاماده‌كردووه‌. له‌ یاسای دژه‌ تیرۆردا سزای تووندی ‌ وه‌ك به‌ندكردنی هه‌تاهه‌تایی و سزای له‌سێداره‌دان هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت بۆ تۆمه‌تی ئه‌ندام بوون له‌ ناو داعشدا.

دادوه‌رێكی باڵای دژه‌تیرۆر به‌ هیومان ڕایتس ۆوچی ووت، ''دوێنێ كه‌یسی چێشتلێنه‌رێكی داعشم له‌به‌رده‌ست بوو پێشنیازی سزای له‌ سێداره‌دانم بۆكرد. چۆن چه‌كدارێكی داعش له‌ توانایدا ‌بووه‌ كه‌سێك گوله‌باران بكات، ئه‌گه‌ر شه‌وێك به‌رله‌وه‌ ژه‌مێكی باش خواردنی نه‌خواردبێ‌؟''.


سزادانی گومانلێكراوانی داعش به‌پێشێلكردنی یاسای دژه‌ تیرۆر له‌بری سزادانیان به‌ ئه‌نجامدانی تاوانێكی دیاریكراو به‌پێی بڕگه‌كانی یاسای سزادانی عێراقی، زۆرجار له‌ ڕووی بابه‌تی به‌ڵگه‌ییه‌وه‌ ئاسانتره‌ به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و تاوانانه‌ی  له‌كاتی بێسه‌روبه‌ری جه‌نگدا ئه‌نجامدراون. به‌ڵام له‌لایه‌كی تره‌وه‌، ئه‌وه‌ قورس ده‌كات كه‌ ئه‌وله‌ویات بدرێت به‌ سزادانی ئه‌نجامده‌رانی تاوانه‌ گه‌وره‌كان و تۆمارێكی یاسای ته‌واوی مه‌ودای ئه‌و تاوانانه‌ی له‌لایه‌ن داعش له‌ عێراق ئه‌نجامدراون. هه‌روه‌ها به‌رپرسان هیچ هه‌وڵێكیان نه‌داوه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی داواكاری بۆ به‌شداریكردنی قوربانیان له‌ دادگایی كردنه‌كاندا، ته‌نانه‌ت وه‌ك شاهێدحاڵیش.


ئه‌و گومانلێكراوانه‌ی داعش كه‌ نیشانی ده‌ده‌ن له‌دژی خواستی خۆیان په‌یوه‌ندیان به‌ گرووپه‌كه‌وه‌ كردووه‌و به‌شداریان له‌ كارێكی تووندوتیژی دیاریكراو نه‌كردووه‌ ڕه‌نگه‌ مافی ئازادكردنیان هه‌بێت له‌دوای بڕیاری دادگا به‌پێی یاسای لێبووردنی گشتی (ژماره‌ ٢٧\٢٠١٦) كه‌ له‌ مانگی ئابی ٢٠١٦ تێپه‌ڕێندرا. به‌ڵام دادوه‌ره‌ عێراقیه‌كان به‌به‌رده‌وامی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ ناكه‌ن. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیچ یاسایه‌كی لێبوردنی بۆ تاوانباران یان گومانلێكراوانی داعش ده‌رنه‌كردووه‌و ووته‌بێژێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ووتی هیچ بڕیارێكی له‌وجۆره‌ له ئارادا نیه‌.


ده‌بێت به‌رپرسان ئه‌وله‌ویات به‌ دادگایكردنی ئه‌وانه‌ی له‌ پشت ئه‌نجامدانی تاوانه‌ زۆر گه‌وره‌كانه‌وه‌ بوون بده‌ن و به‌پێی مه‌ودای ته‌واوی ئه‌و تاوانانه‌ی ئه‌نجامیانداوه‌ به‌سزای خۆیان بگه‌ن، له‌ هه‌مان كاتدا به‌دوی به‌دیلێكدا بگه‌ڕێن، وه‌ك به‌شداریكردن له‌ پرۆسه‌یه‌كی نیشتمانی خستنه‌ڕووی ڕاستیه‌كان، له‌بری ڕێكاری یاسایی بۆ ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی داعش كه‌ ته‌نها تاوانیان ئه‌ندام بوون بووه‌ له‌ ناو گرووپه‌كه‌.


هیومان ڕایتس ۆوچ ووتی، لانی كه‌م ده‌بێت به‌رپرسان سزاو دادگایكردن له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌ڵگرن كه‌ كاره‌كانیان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش یاریده‌ده‌ر بووه‌ له‌ پارێزگاریكردنی مافه‌كانی مرۆڤی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی. ده‌بێت به‌رپرسان ڕه‌چاوی به‌دیلێكی تر بكه‌ن، به‌تایبه‌ت بۆ منداڵان، له‌بری زیندانیكردن و سزادان و هه‌ستن به‌ دروستكردنی پرۆگرامێكی چاكسازی له‌ هاریكاریكردنیان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناو كۆمه‌ڵگه‌.

 
وویتسن ووتی، ''یاسای لێبووردنی عێراقی جێگره‌وه‌ نابێت بۆ ستراتیژێكی نیشتمانی كه‌ تێیدا دادگایكردنی عادیلانه‌ ده‌سته‌به‌ر بكرێ و به‌دیلێك بدۆزرێته‌وه‌ بۆ دادگایكردنی ئه‌وانه‌ی له‌ تووندوتیژیه‌كانی داعش یان تاوان و پێشێلكاری جددی تێوه‌نه‌گلاون. عێراق پێویستی به‌ پلانێك هه‌یه‌ بۆ ئاشته‌وایی و خستنه‌ڕووی ڕاستیه‌كان به‌قه‌د ئه‌وه‌ی پێویستی به‌ پلانێك هه‌یه‌ بۆ فڕێدانی تاوانباره‌ گه‌وره‌كان بۆ ناو زیندانه‌كان.''