‌سەنتەری میترۆ: 72 كاتژمێری رابردوو هەر هێزە و یاسای تایبەت بە خۆی جێبەجێ دەكات




میترۆ، سلێمانی‌ 
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت لە 72 كاتژمێری رابردودا تا دەركردنی ئەم بەیاننامەیە، دەسەڵات بە داخستنی كەناڵ و دار و شەق و گوللەی پلاستیكی و هەڕەشە و داپڵۆسین، یاسای رۆژنامەگەری جێبەجێدەكەن!

بەپێی راگەیەندراوێكی سەنتەری میترۆ كە وێنەیەكی بۆ وێستگە نیوز نێردراوە رایانگەیاندووە، لە ساتەوەختی دەستپێكردنی ناڕەزایەتییەكانەوە، هێزە ئەمنییەكان لە ناو شەقام و كۆڵانەكانی شاری سلێمانی و شار و شارۆچكەكان، وەك دوژمن مامەڵەیان لەگەڵ میدیاكارانی ناوخۆیی و دەرەوە كردووە. چەندین رۆژنامەنوس بۆ ماوەی كاتژمێرێك یان دووان دەستبەسەركراون و پاشان ئازاد كراون، تا ئێستا روون نییە چەند رۆژنامەنوس لەناو زیندانی هێزە ئەمنییەكانن و بەكام بڕگەی یاسایی دەسبەسەردەكرێن.

میترۆ دەڵێت "دەیان رۆژنامەنوس بە هۆی گازی فرمێسكڕێژ و ئاراستەكردنی گوللەی لاستیكی "مەتاتی" بۆ جەستەیان، شوێنی كارەكانیان بۆ ماوەی جیاجیا جێدەهێشت و هێزە ئەمنیەكان لە باشترین حاڵەتدا بە هەڕەشە لە شوێنی خۆپیشاندانەكان، دوریان دەخستنەوە".

میترۆ دەپرسێت "ئەگەر پاساوی دەسەڵات بۆ سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكان و رواڵەتەكانی توندوتیژی بەرامبەرەكانیان بێت كە (ساغ نەبۆتەوە كێ و چۆن دەستیپێكرد)، پاساوییان بۆ توندوتیژی بەرامبەر میدیاكاران چییە؟".

سەنتەری میترۆ دەشڵێت "میدیاكارانی ناوخۆی هەرێم و دەرەوە كە دەیانویست روماڵی خۆپیشاندنەكان بكەن، وەك روداوێك كە لە هەموو دونیادا بەهای هەواڵیان هەیە، روماڵكردنیان لێ قەدەغەكرابوو، كامێراكانیان دەشكێنرا یان دەستدەگیرا بەسەر كەلوپەلی رۆژنامەنوسییان".

وەكو میترۆ روونیكردۆتەوە "لە نێو ئەم دیمەنە پڕ لە توندوتیژییەی  بەرامبەر بە خۆپیشاندەران و میدیاكاران، كاتژمێر (7)ی ئێوارەی رۆژی 19ی كانونی یەكەم 2017، هێزێكی ئاسایشی سلێمانی، كە بە نزیكەی 100 سەد چەكدار مەزەندە دەكران و بێ ئەوەی هیچ فەرمانێكی دادوەرییان پێبێت، هەڵیانكوتایە سەر دامەزراوەی میدیایی نالیا لە شاری سلێمانی، كە ئۆفیسی سەرەكی هەر سێ كەناڵی ئاسمانی (NRT،NRT2،NRT عەرەبی) و رادیۆی (نالیا FM)یان تێدایە. دوای سوكایەتیكردن بە هەندێك لە كارمەندان و رۆژنامەنوسانیان و شكاندنی بەشێك لە كەلوپەلەكانی دامەزراوە میدیاییەكە و بردنی بەشێكی كەلوپەلە تەكنیكییەكانی پەخشكردن، سەرەنجام پەخشی هەمویانیان راگرت". 

هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە "پاش راگرتنەكە دەركەوت بڕیارەكە بەپێی  فەرمانی وەزاریی ژمارە (5002) وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێم لەڕێكەوتی 19-12-2017 بۆ راگرتنی پەخشی كەناڵەكانی (NRT) بەشێوەیەكی كاتی و بۆ ماوەی (1) هەفتە دەرچووە. لە كاتێكدا فەرمانی وەزیرو وەزارەتەكان هێزی بڕگەی یاساكانی كاری رۆژنامەنوسییان نییە".

میترۆ دەڵێت "ئەم روداوانە بووە جێگەی بێزاری نێردراوی نەتەوەیەكگرتوەكان لە عێراق، باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەناسان CPJ و هیومان رایتس وۆچ". 
 
 سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان، هەڵسوكەوتی ئەو هێزانە بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان سەركۆنە دەكات، داواش دەكات ئەو توندوتیژییە بەرامبەر بە میدیا و میدیاكاران بوەستێنن دەستبەجێ راگیراوان ئازادبكرێن.

بەپێی ئاماری سەنتەری میترۆ، لە 72 كاتژمێری رابردودا 32 كەیسی پێشێلكاری رۆژنامەنوسانی وەرگرتووە كە هەر روداوەو چەندین پێشێلكاری زەقی یاسای كاری رۆژنامەنوسی لەخۆ گرتووە.

میترۆ ئاشكرایكردووە لەگەڵ هاوبەشەكانی لە رێكخراوە نێودەوڵەتی و نیوخۆییەكان، بەردەوام دەبێت لە فشارخستنە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رێزگرتن لە ئازادی كاری رۆژنامەنوسی و سەروەربوونی هێزی یاساكان، نەك یاسای دار و شەق و هەڕەشە و داپڵۆسین.

هەندێ لەو كەیسانەی كە لە METRO تۆماركراون:

•رۆژی یەكشەمە، 17ی كانوونی یەكەم، (گریڤان فەرمان) كامێرامانی‌ كەناڵی‌ NRT ‌ لەكاتی‌ روماڵی‌ خۆپیشاندانەكەی‌ شاری‌ سلێمانی‌ لە شەقامی‌ سالم لە نزیك بارەگای‌ لقی‌ چواری‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كامێرای (فلای‌ كام)ی هەڵدابوو بەمەبەستی‌ گواستنەوەی‌ وێنەی‌ خۆپیشاندانەكە، بەڵام لەلایەن چەند پاسەوانێكی‌ بارەگای‌ لقی‌ چواری‌ پارتی‌ دەسبەسەركراوە. وتی: "لە كاتژمێر 10ی‌ بەیانی‌ تاوەكو 8ی‌ ئێوارە دەستبەسەر بوم، لەسەرەتادا لەلقی‌ چوار دەست بەسەر كرام و دواتر و گوازرامەوە ئەنجومەنی‌ سەركرادیەتی‌ پارتی، نوسراوێكیان بۆ كردم و پێیان دەوتم تۆ ئیتڵاعاتی‌ ئێرانی‌،  لە كاتژمێر یەكی‌ نیوەڕۆوە رەوانەی‌ ئاسایشی‌ رزگاری‌ كرام، دواتر رەوانەی‌ ئاسایشی‌ گشتی‌ كرام، كامێراكەشم لە لقی‌ چوار گیراوە".

•رۆژی یەكشەمە، رۆژی 17ی كانوی یەكەم، (عەمار حیكمەت) پەیامنێری كەناڵی (ئەلعێراقیە)و (ئاری ئەمین) وێنەگر، ریگرییان لێكرا روماڵی خۆپیشاندانی سلێمانی بكەن.

•رۆژی دووشەممە، بەرواری 18ی كانوونی یەكەم،  (بڕیار نامیق) بەڕێوەبەری‌ پەیامنێرانی‌ تۆڕی‌ میدیای‌ گۆڕان، بە میترۆی‌ ووت: "لەكاتی‌ روماڵی‌ خۆپیشاندانەكانی‌ قەزای‌ سەید صادق، (ئەبوبەكر حسێن) پەیامنێری‌ كەناڵی‌ KNN  لەلایەن  هێزە ئەمینەكانەوە  لێیدراوە و بۆ ماوەی‌ یەك كاتژمێر و نیو دەستبەسەر كراوە". 

•رۆژی دووشەممە، بەرواری 18ی كانوونی یەكەم،  (ژاڵە محەمەد) پەیامنێری‌ كەناڵی‌ NRT بە میترۆی‌ وت: "لەگەڵ (رێباز ئیبراهیم)ی كامێرامان، لەكاتی‌ سوتانی‌ بارەگای‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان لە ناحیەی‌ پیرەمەگرون، لەلایەن چەند كادرێكی‌ ئەو حزبەوە هێرشكرایە سەرمان و جنێویان پێداین و سوكایەتیان پێكردین و هاتن لێمان بدەن، بەڵام لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە پارێزگاریمان لێكرا. 

•رۆژی دووشەممە، بەرواری 18ی كانوونی یەكەم، (هەرێم بورهان)، كامێرامانی تۆڕی‌ میدیای‌ رووداو، بە میترۆی ووت: "لەسەرەتای‌ شەقامی‌ مەولەوی‌، بۆ ماوەی‌ یەك كاتژمێر لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دەست بەسەر كامێراكەماندا گیرا و دواتر كامێراكەیان پێداینەوە".

•رۆژی دووشەممە، بەرواری 18ی كانوونی یەكەم، (دانا عومەر) پەیامنێری‌ رۆژنیوز بۆ میترۆ وتی‌: "دوێنێ ڕووماڵی رووبەروو بوونەوەی پۆلیسی چالاكیە مەدەنیەكان و خۆپیشاندەرانم ئەكرد لە شەقامی‌ مەولەوی‌ لە سلێمانی‌،  زیاتر لە 20 جار  بەر گازی فرمێسكڕێژ كەوتم، جارێكیش بە گوللەی پلاستیك لێیان دام و بەر سكم كەوت بەوهۆیەوە برینداربووم".

•رۆژی دوشەممە، 18ی كانوونی یەكەم، (دانا سۆفی برایم) پەیامنێری سایتی خەندان لە سنوری راپەڕین، لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە بەچەك پەلاماردرا و سەری لەچەند لایەكەوە شكێنرا.

•رۆژی دوشەممە، 18ی كانونی یەكەم، لەقەزای رەواندوز، هەردوو تیمی رۆژنامەوانی كەناڵی‌ ئاسمانی‌ رێگا و كەناڵی‌ KNN لەكاتی‌ روماڵی‌ خۆپیشاندانەكانی‌ ئەو قەزایە لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە رێگرییان لێدەكرێت روماڵی‌ خۆپیشاندانی كۆمەڵێك گەنج بكەن لە ناوەندی قەزاكە.

•رۆژی سێشەممە 19ی كانوونی یەكەم، جەلال محەمەد، پەیامنێری‌ كەناڵی‌ ئاسمانی‌ پەیام، بە میترۆی‌ وت:"لەگەڵ كامێرامانەكەم نزار ئەحمەد روماڵی‌ خۆپیشاندانەكەی‌ بەردەركی‌ سەرای‌ سلێمانیمان دەكرد لەلایەن هێزێكی‌ ئەمنیەوە دوجار پەلامار دراین و دەستبەسەر كامێرا و كەلوپەلە رۆژنامەوانیەكانماندا گیرا."

•رۆژی سێشەممە، 19ی كانوونی یەكەم،  (صوهەیب ساڵح) پەیامنێری‌ كەناڵی‌ (ئەلغەد)‌ی ئیماراتی،‌ بەمیترۆی‌ ووت: "لە شەقامی‌ سالم كاتژمێر 12ی‌ نیوەڕۆ لەكاتی‌ پەخشی‌ راستەوخۆدا هێزێكی‌ ئەمنی‌ هاتن و كامێراكەیان لێسەندن".

•رۆژی سێشەممە، 19ی كانوی یەكەم، كارزان تاریق، پەیامنێری NRT بە میترۆی ووت: "لەبەردەم فڕۆكەخانەی سلێمانی لەگەڵ كامێرامانەكەم لێدوانم لە هاوڵاتییەك وەردەگرت، كەسێك بە بەرگی مەدەنی كە چەكی پێبوو هەڕەشەی لێكردین شوێنەكە بە جێبهێڵین".

•رۆژی سێشەممە، 19ی كانونی یەكەم، (بژار دەباغ) پەیامنێری NRT بە میترۆی ووت: "لەگەڵ كامێرامانی كەناڵەكە (ئاڤار حامید) لەناوەندی شاری سلێمانی هێزێكی ئەمنی پەلاماری داین و كامێراكەیان شكاندین". 

•رۆژی سێشەممە، 19ی كانوونی یەكەم، (وریا حەمە كەریم) پەیامنێری كەناڵی NRT لە پارێزگای هەڵەبجە، بەمیترۆی ووت: "پاسەوانەكانی‌ مەڵبەندی‌ یەكێتی‌ لە هەڵەبجە كامێراكەیان شكاندین و پەلاماری منیشیاندا". 

•رۆژی سێشەممە، 19ی كانوونی یەكەم، (عەلی‌ قادر) پەیامنێری‌ سایتی رۆژنیوز بەمیترۆی‌ وت: "لە قەزای قەڵادزێ‌ خۆپیشاندەران ویستیان بچنە بەردەم قائیمقامیەت و هەوڵمدا روماڵی‌ خۆپیشاندانەكە بكەم، لەلایەن هێزێكی ئاسایشەوە هێرش كرایە سەرم رێگرییان لێكردم".

•رۆژی سێشەممە، 19ی كانوونی یەكەم، (سابیر عەبدوڵڵا) پەیامنێری‌ كەناڵی‌ KNN بە میترۆی‌ راگەیاند: "لەگەڵ (ئاوات عومەر)ی كامێرامان چوین بۆ روماڵی‌ خۆپیشاندانەكەی‌ قەڵادزێ‌، لە لایەن هێزێكی ئەمنییەوە پەلاماردراین و كامێراكەشیان شكاندین و بردیان".

•رۆژی سێشەممە، 19ی كانوونی یەكەم، (ئاری لوقمان) پەیامنێری كەناڵی KNN  بەمیترۆی وت: "لە شارۆچكەی چەمچەماڵ لەلایەن هێزێكی ئەمنیەوە هێرشكرایە سەرم و رێگەیان نەدا روماڵی خۆپیشاندانەكە بكەم".

•رۆژی سێشەممە، 19ی كانوونی یەكەم، (ئاری سابیر) پەیامنێری كەناڵی KNN  لە شارۆچكەی كۆیە، بە میترۆی ووت:"لەكاتی خۆپیشاندانەكەی كۆیە لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە هێرشكرایە سەرم و رێگەیان نەدا روماڵی خۆپیشاندانەكان بكەین".

•رۆژی چوارشەممە، 20ی كانووی یەكەم، (سەركەوت شەمسەدین) بەڕێوەبەری پێشووی‌  نوسینگەی كەناڵی‌ ئاسمانی‌ NRT لە واشنتن،‌ لەنزیك نوسینگەی‌ پەرلەمانی كوردستان لە سلێمانی، لەلایەن چەند چەكدارێكەوە بەئۆتۆمبێلێكی‌ جۆری‌ لاندكرۆزەری‌ جامڕەش دەستبەسەركرا. ئەو ئێستا بۆ جوڵانەوەی (نەوەی نوێ) كار دەكات، تائێستا كەس نازانێت لەكام شوێنی ئەمنی دەستبەسەرە. دەستبەسەركردنیشی پاش دەستبەسەركردنی (شاسوار عەبدولواحید)ی سەرۆكی بزوتنەوەكە هات كە رۆژی 19ی كانونی یەكەم لەكاتی گەڕانەوەی لە شاری بەغداوە لە فرۆكەخانەی سلێمانی دەسبەسەر كرا.

•رۆژی چوارشەممە، 20ی كانوونی یەكەم، (ئومێد رەسوڵ) پەیامنێری كەناڵی سپێدە بە میترۆی ووت: "لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رانیە لەكاتی روماڵی گواستنەوەی خۆپیشاندەران بۆ نەخۆشخانە، لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە هێرشكرایە سەرم و رێگریم لێكرا". 

•رۆژی چوارشەممە، 20ی كانوونی یەكەم، (عەلی تویجری) پەیامنێری كەناڵی تەلەفزیۆنی (صلاالدین) بە میترۆی وت: "لەكاتی روماڵی خۆپیشاندانەكانی شاری سلێمانی لەلایەن هێزێكی ئەمنیەوە دەستبەسەركرا و پاش كاتژمێك ئازادكرا. هەوەها هاوڕێیەكی بەناوی (محەمەد كەركوكی) كە وێنەگری كەناڵی (كەركوك) ئەو رۆژە كاری نەكردوە و لەگەڵیدا دەبێت، لەبەر ئەوەی پێناسەی رۆژنامەنوسی پێبووە، دەسبەسەركراوە لەگەڵیدا.

•رۆژی چوارشەممە، 20ی كانونی یەكەم، رۆژنامەنوس (ئارام نەجم)، رۆژنامەنوسی فریلانس، بە میترۆی ووت: "لە خۆپیشاندانەكەی هەڵەبجە گوللەی پلاستیكیم ئاراستە كراو 3 گولەی پلاستیكیم بەركەوت".

•رۆژی چوارشەممە، 20ی كانوونی یەكەم، (چۆمان عوسمان)، پەیامنێری كەناڵی KNN لە هەڵەبجە، بە میترۆی راگەیاند: "لەكاتی روماڵی خۆپیشاندانەكەی هەڵەبجە لەلایەن هێزێكی ئەمنیەوە هێرشكرایە سەرم و رێگەیان نەدا روماڵی خۆپیشاندانەكە بكەم".

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.

تا كۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی كراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە كۆنفرانسێكدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێكخراوەكە هەڵبژێردران. لەسەرەتای 2015 سەرلەنوێ دەستەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردوە.

بە پەیوەندی بە سەنتەری میترۆ
07700004147
07708079999


PM:04:44:22/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌