سی پی جەی‌: لەکاتی رووماڵی خۆپیشاندانەکان هێرشکراوەتەسەر ١٥ ڕۆژنامەنووس





میترۆ

لیژنەی‌ پارێزگاریکردن لە ڕۆژنامەنوسان سی پی جەی‌ ڕایگەیاند، لە ٢٥ی ئازار تا ٢٧ی ئازاری ڕابردوو، لە هەرێمی کوردستان هێرشکراوەتە سەر زیاتر لە ١٥ ڕۆژنامەنوس کە ڕوماڵی خۆپیشاندانەکانیان کردووە.

بەپێی‌ ڕاپۆرتێکی‌ لیژنەکە، لەو ماوەیەدا حەوت ڕۆژنامەنوس دەستبەسەرکراون و دەست بەسەر کەلوپەلە ڕۆژنامەنوسیەکانیاندا گیراوە.

هاوکات باسی‌ لەوەشکردووە کە لێشاوی هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنوسان و دەستبەسەرکردنیان ترسی لە نێو ڕۆژنامەنوسانی‌ هەرێمدا دروستکردووە و بەرپرسانی هەرێمیش مامەڵەی توندیان لەگەڵ دەکەن، ئەوەش لە کاتێکدایە کە وادەی‌ ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانییەکەی‌ عێراق نزیک بووەتەوە.

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا، ڕێکخراوەکە هەشت ڕێنمایی بۆ ڕۆژنامەنوسانی هەرێم دەرکردووە تاکو لە کاتی ڕووماڵکردندا سەلامەتییان پارێزراوبێت، هەروەها پێنج ڕێنمایی دیکەی بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردنی ڕۆژنامەنوسان لەکاتی گرژی و ئاڵۆزییەکاندا بڵاوکردووەتەوە.

مانگی‌ رابردوو لەکاتی‌ روماڵکردنی‌ خۆپیشاندانەکاندا هێزە ئەمنییەکان لە هەولێر و دهۆک پێشێلکارییان بەرانبەر ژمارەیەک رۆژنامەنوس لەناویاندا تیمی‌ رۆژنامەوانی‌ ئێن ئار تی‌ ئەنجامدا و جگە لە دەستگرتن بەسەر تەواوی‌ کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانیاندا هێرشیشیان کردنە سەر.

NRT


AM:10:59:05/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌