نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان: مانگی رابردوو 95 هاوڵاتی لەعیراق كوژراون



میترۆ، كەركوك ناو

نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاریكاری عیراق (یونامی) ئاشكرایدەكات، لەمانگی رابردوودا 95 هاوڵاتی كوژراون‌ و 163ی دیكەش برینداربوون، بەهۆی كردەوە توندوتیژییەكان ‌و پێكدادانە چەكدارییەكانەوە.

یۆنامی دوایین ئاماری قوربانیانی بۆ ئایار/5ی 2018 بڵاوكردەوە‌و تێیدا هاتووە، قوربانیانی مەدەنی لەو مانگەدا 86 كوژراو هەبووە لەگەڵ 148 بریندار، بەبێ‌ هەژماركردنی پۆلیس، ئەوەش بەپێی سایتی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاریكاری عیراق.

لەنێو قوربانیانی مانگی رابردوودا، پارێزگای به‌غدا خوێناویترین بووە بە 45 كوژراو و 72 بریندار، بەدوای ئەودا پارێزگای دیاله‌ دێت كە نۆ كوژراو و 35 برینداری مەدەنی هەیە‌و پاشانیش پارێزگای كه‌ركوك، 20 كوژراو و 16 برینداری هەبووە.

بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەداوە كە بەهۆی ململانێ‌‌و ڕێگرییه‌كانه‌وه‌، بەربەستی زۆر لەبەردەمیاندا دروستبووە بۆ كۆكردنەوەی ئامارەكان‌و پشتڕاستكردنەوەی تەواوەتی هەندێكیان.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ژماره‌ی قوربانیان زیادیكردووه‌ به‌راورد به‌ مانگی نیسانی ئه‌مساڵ كه‌ به‌پێی ئاماره‌كانی یونامی، 68 كوژراو و 122ی بریندار هه‌بوون، له‌ مانگی ئازاریشدا 104 كوژراو و 177ی بریندار تۆماركرابون.

یونامی لە ساڵی 2017دا سێ‌ هەزار‌و 298 كوژراوی تۆماركردووە لە عیراق لەگەڵ چوار هەزار‌و 781 بریندار، پێشتریش لەئامارێكدا بڵاویكردەوە، لەتەواوی ساڵی 2016دا نزیكەی حەوت هەزار مەدەنی لەعیراق كوژراون ‌و زیاتر لە 12 هەزار كەس برینداربوون.

جگە لەتوندوتیژی‌و تەقینەوەی ناو شارەكان، هێزە عیراقیەكان بۆ زیاتر لە دوو ساڵ لەچەندین ناوچە لەشەڕدابون دژ بەرێكخراوی داعش‌، لە مانگەكانی كۆتایی 2017دا كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوی ناوچەكان و نەمانی دەسەڵاتی ئەو رێكخراوە راگەیەندرا.


AM:10:29:02/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌