مامۆستایەکی ئایینی لە هەولێر سکاڵای لەسەر یونس راوی تۆمارکرد






میترۆ، رووداو 
دوێنێ‌ 12ی‌ حوزه‌یران، لەشاری‌ هەولێر مامۆستایەکی ئایینی سکاڵای لەسەر یونس راوی، بە تۆمەتی "بێڕێزیکردن بە خودا، قورئان و پێغەمبەر" تۆمارکرد. یونس راوی-ش دەڵێت "بچمە دادگا دەیبەمەوە و دەبێت قەرەبووبکرێمەوە".
ئەمڕۆ د. ئیدریس کاریتانی، مامۆستای ئایینی بەپێی ماددەیەکی یاسای سزادانی عێراقی سکاڵای لەسەر یونس راوی، سەرۆکی سەنتەری رۆشنگەری تۆمارکرد.

د. ئیدریس کاریتانی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، یونس راوی ماوەیەکی زۆرە بێڕێزی بە ئیسلام و رەمزەکانی دەکات، بۆیە سکاڵایان لە دژی تۆمارکردووە.
لەبارەی تۆمارکردنی سکاڵاکە، یونس راوی، سەرۆکی سەنتەری رۆشنگەری بە (رووداو)ی راگەیاند، هیچ سووکایەتییەکی بە ئایینی ئیسلام نەکردووە و ئەوانەی دەیانەوێ سکاڵای لەسەر تۆماربکەن هیچ بەڵگەیەکی یاساییان دەستناکەوێت.

یونس راوی باسیلەوەکرد "ئەوانەی دەیانەوێت سکاڵام لەسەر تۆماربکەن ئەو قسانەم دەکەنە بەهانە کە لە بەرنامەی پاشیڤی رووداو لەبارەی ئیسرا و میعراج کردوومە. من لە بەرنامەکەدا گوتوومە ئەو لێکدانەوەی بۆ شەوی ئیسرا و میعراج کراوە راست نییە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک نەمگوتووە ئیسرا و میعراج راست نییە، بەهۆی ئەوەی چەند تەفسیرێکی لەبارەوە هەیە".

سەرۆکی سەنتەری رۆشنگەری ئاماژەی بەوەشکرد "من بە تۆماری ڤیدیۆیی ئەو قسەیەم هەیە، کە گوتوومە لێکدانەوەی ئیسرا و میعراج راست نییە، دڵنیاشم لەوەی بچمە دادگا، دادگاییەکە دەیبەمەوە و دەبێت قەرەبووبکرێمەوە".

پێشتر یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بە نووسراوێكی فەرمی داوای لە داواكاری گشتی كردبوو سكاڵای یاسایی لە دژی یونس راوی بجوڵێنێ‌ت، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە "لە مانگی رەمەزاندا سووكایەتی بە پیرۆزییەكانی ئایین ‌و موسڵمانان كردووە".

مەلا عەبدوڵڵا مەلا سەعید، سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "ئەو كەسە لە چەند كەناڵێكی راگەیاندنەوە سووكایەتی بە پیرۆزییەكانی ئایین ‌و موسڵمانان كردووە لەباسی  (ئیسرا ‌و میعراج)دا دژی 15 ئایەتی قورئانی پیرۆز قسەی كردووە، چەندین جاری دیكەش هەستی موسڵمانانی برینداركردووە".

سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، باسی لەوەشكرد چاوەڕێی داواكاری گشتی دەكەن بۆ ئەوەی سكاڵاكە بجوڵێنێ‌ ‌و گوتیشی "بۆ ئەوەی هیچ گرفتێكی لابەلا دروست نەبێت، باشترین رێگای مەدەنیمان گرتووەتەبەر دژی ئەو كەسەی سووكایەتی كردووە ‌و چاوەڕێی داواكاری گشتی دەكەین".



AM:11:22:12/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 556 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌