شەشەمین خەڵاتی سۆرانی مامە حەمە دابەشكرا



لڤین پرێس 
 
ئەمڕۆ شەشەمین خەڵاتی شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامە حەمە بە ئامادە بوونی ژمارەیەك نوسەر و رۆژنامەنوس و پەرلەمانتار و رۆشنبیران و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كاتژمێر پێنج لە قاوەخانەی كلتوری مەراسیمی یادكردنەوە و بەخشینی شەشەمین خەڵاتی شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامە حەمە بۆ ئازادی رۆژنامە گەری بەخشرایە هەریەك لە مانە:


* شەهیدی قەڵەم كاوە گەرمیانی: دیاریی كردنی شەهیدی قەڵەم كاوە گەرمیانی لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو كە شەهید كاوە گەرمیانی لەسەر هەمان بیرورای ئازاد و قەڵەمی ئازاد لە ناوچەی گەرمیان بە دەستێكی نادیار تیرۆر كرا، ئێستەشی لەگەڵ بێت بە هەمان شێوەی دۆسییەی شەهید سۆران بكوژانی كاوە گەرمیانی نەدراونەتە دادگا و بە ئازادی دەسوڕێنەوە، بۆیە لێرەوە وەك گۆڤاری لڤین داوا لە بەرپرسانی پەیوەندیدار لە سەروهەمووشیانەوە پەرلەمانی كوردستان دەكەین كە بە شێوەیەكی جدی كار لەسەر دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە بكەن و بكوژان بە سزای خۆیان بگەیەنن.



* كامەران نەجم: دیاریكردنی كامەران نەجم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە كارێكی هاوپیشەییدا بۆ دەرخستنی راستییەكان لە شاری كەركووك گواستنەوەیان بە شێوەی فۆتۆ لەلایەن گروپی چەكدارەكانی دەوڵەتی ئیسلام لە عێراق و شام دەستگیر كراو تا ئێستا چارەنووسی بە نارونی ماوەتەوە.



 * رەحمان غەریب: هەڵبژاردنی رەحمان غەریب لەلایەن لیژنەی سەرپەرشتیاری شەشەمین خەڵاتی شەهیدی قەڵەمەوە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە ناوبراو بە شێوەیەكی بەردەوام بە دەم داواكاری و گرفت و كێشەكانی رۆژنامەنوساندایە رێكخستنی سەرجەم كەیسەكان و بڵاوكردۆنەوەیان بە دەزگا راگەیاندنە جیهانییەكاندا لە چوارچێوەی كارەكانیدا لە سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان، ناوبراو چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی دەسەڵاتەوە ئازار و ئەشكەنجە دراوە.


PM:09:23:21/07/2014




ئه‌م بابه‌ته 352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌