فەرماندەو ئەفسەر رەوشتی پێشمەرگایەتی دەبەزێنن



 
سلێمانی 1ی ئابی 2014: سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەینێت فەماندەو ئەفسەری هێزی پێشمەرگەی کوردستان یاسای کاری رۆژنامەنوووسی پێشێل دەکەن. لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا لە دوزخورماتوو پەلاماری تیمی کەناڵی KNN دەدەن و فەرمانی قەدەغەکردن کەناڵی NRT لە سنوری خانقین دەردەکەن.

رۆژی پێنج شەممە لەکاتی روماڵی هاتنی هێزێک بۆ ناوچەی خورماتوو هێزێکی چەکدار پەلاماری تیمی کەناڵی KNN یان داو بۆ ماوەی یەک کاتژمێر دەستبەسەریانکردن و کەلەپەلی رۆژنامەنوسی ئەو تیمەیان بە زەبری هێز، زەوتکرد.

پەیامنێری کەناڵی KNN لە قەزای خورماتوو، ئاسۆ ئەحمەد بە میترۆی راگەیاند لەگەڵ وێنەگر سیروان خورشید لە چواڕیانی خورماتوو - قادرکەرەم – نەوجوول ئیزنمان لە هێزی پۆلیس وەرگرت بۆ روماڵکردنی هاتنی هێزێکی نامۆ بە ناوچەکە، بەڵام پاشان هێزێکی چەکدار کە ژمارەیان پێنج کەس بوو بە سەیارەیەکی سپی جۆری پرادۆ ژمارە 133463 هاتنە شوێنەکەو پەلاماریان داین. وتی" شوفێری ئۆتۆمبێلەکە زلەیەکی لێدام و پاشان بە جنیودان کامیراکەیان زەوتکرد" 

هەروەها رۆژی پێنج شەممە، محمود سەنگاوی کە سەرپەرشتی میحوەری جەلەولای هێزی پێشمەرگەی پێسپێردراوە، بە رادیۆی دەنگی گەرمیانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانی راگەیاند" رێگە نادەن چیتر پەیامنێری کەناڵی NRT بێنە ناوچەکە بۆ روماڵکردنی هەواڵی هێزی پێشمەرگە" پاساوی سەنگاوی بۆ ئەم فەرمانەی وەک لەو لێدوانە ئاشکرای کردوە" NRT سوکایەتی بە پێشمەرگە کردووە" 

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت قەغەکردنی کەناڵی NRT وبەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر تیمی
کەناڵی KNN ئەوپەڕی سوکایەتیکردنە بە یاسای کاری رۆژنامەنوسی کە نوێنەرانی گەلی کورد (پەرلەمان) دەریانکردوە.

جەختیشدەکەینەوە" ئەرکی پەرلەمانتارنە کە چاودێری یاساکانیان بکەن و ئاستەنگەکانی بەردەم یاساکانیان ببین هەڵوێستیان هەبێت"
میترۆ داوا لە بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی بە (سیفەتی فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان) و بەڕێز وزیری پێشمەرگە مستەفا سەید قادر دەکات، رێگەبگرن لەوەی سەرکردە سەربازییەکان. رەوشتی پێشمەگایەتی ببەزێنن و پەلاماری خەڵکی مەدەنی بدەن و یاسای کاری رۆژنامەنووسی پێشێل بکەن. 

سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافى ڕۆژنامەنوسان، ڕێکخراوێکى سەربەخۆى قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵى 2009 لە شارى سلێمانى لە لایەن، کۆمەڵێک ڕۆژنامەنوسء پارێزەر( رازاو شەریف، هیوا عوسمان، عمار الشابندر، توانا عوسمان، رەحمان غەریب) دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتوە. تا کۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگء ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی کراوە. لە تەموزی ساڵى 2010 لە کۆنفرانسێکدا لە شارى هەولێر ئەندامانى بۆردی ڕێکخراوەکە هەڵبژێردران. سڵانی 2011 و 2012 و 2013 راپۆرتی ساڵانەی لەسر رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردۆتەوە.

میترۆ ئەمساڵ، وەک هاوبەشێک بەشدارە لە پرۆژەی کۆتایی هێنان بە دیاردەی (دەربازبون لە سزا)، کە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەروەردەو زانست و رۆشنبیری (UNESCO) رایگەیاندوە. ئەم پرۆژەیەى (METRO) بە هاوکاری رێکخراوی پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی(IMS)، جێبەجێی دەکات. 


PM:06:28:01/08/2014




ئه‌م بابه‌ته 256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌