داوا لە (پەیەدە) دەكەین نێوەندگیری بكات




میترۆ، سلێمانی‌ 
5ی ئەیلولی 2018: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان داوا لە پارتی یەكێتی دیموكراتی (سوریا) پەیەدە دەكات نێوەندگیری جدی بكات بە ئامانجی ئازادكردنی عومەر كالۆ ، پێشكێشكاری تۆڕی میدیایی رووداو، كە لەلایەن هێزێكی سەربازی سوریاوە دەسگیركراوە.

تۆڕی میدیایی رووداو لە بەیاننامەیەكی كە دانەیەكی بۆ میترۆ نێردراوە ریاگەیاندوە كە رۆژی 25/8/2018 هاوكاریان عومەر كالۆ ، پێشكێشكاری تۆڕی میدیایی رووداو، ئەوكاتەی لەگەڵ هاوژینەكەی و دوو منداڵەكەی لەشارەكەی خۆی كۆبانێ بەرەو شاری حەلەب دەڕۆیشتن بۆ نوێكردنەوەی پاسپۆرتەكانیان ، لە نێوان مونبیج و حەلەب لەلایەن بازگەی هەواڵگری سەربازی حكومەتی سووریا ، لە هاوژینەكەی و دوو منداڵەكەی جیادەكرێتەوە و دەستگیردەكرێت .

بە پێی زانیارییەكانی تۆری میدیایی رووداو كاتێك هەواڵگری سەربازیی سووریا رێگە بە هاوژین و دوو منداڵەكەی دەدەن بچن ، لەهەمانكاتدا پێیاندەڵێن دوای چەند پرسیار لێكردنێك دواتر عومەر كالۆش ئازاد دەكەن . بەڵام تائێستا لەلایەن هەواڵگریی سەربازییەوە لەشاری حەلەب گیراوەو ئازاد نەكراوە .

بەپێی قسەی كەسوكاری رۆژنامەنووسەكە بڕیارە بگوازرێتەوە بۆ ئەمنی سەربازی (لقی فەلەستین ) لە دیمەشق .

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان داوا لە پەیدە دەكات بە نێوەندگیری جدی بكات بە ئامانجی ئازادكردنی عومەر كالۆ ، پێشكێشكاری تۆڕی میدیایی رووداو، كە لەلایەن هێزێكی سەربازی سوریاوە دەسگیركراوە.

هەروەها میترۆ لە رێگەی یاداشتێكی تایبەت رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە ئازادی رۆژنامەنوسی و مافەكانی مرۆڤ لەو رووداوە ئاگادار دەكاتەوەو داواشیان لێدەكات فشار بكەنە سەر حكومەتی سوریا بە ئاراستەی ئازادەكردنی رۆژنامەنوس عومەر كالۆ.

عومەر كالۆ بێژەری هەواڵەكان لە رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو ، خوێندنی خۆی لە كۆلیژی رۆژنامەڤانی زانكۆی دیمەشق تەواوكردووە و، پێش كاركردنیشی لە تۆڕی میدیایی رووداو كاری رۆژنامەوانی كردووە لەشاری كۆبانێ و بە كەسێكی پیشەیی و بێلایەن ناسراوە .

تۆڕی میدیایی رووداو لە هەمان رۆژی دەستگیركردنی هاوكارەكەیان زانیارییان پێگەیشتووە ، بەڵام لەسەر داوای بنەماڵەكەی هەواڵەكەیان بڵاونەكردەوە ، بەڵام دوای بڵاوكردنەوەی هەواڵی دەستگیركردنەكەی لەلایەن چەند رێكخراوێكی ناوخۆییەوە ، راستی ئەو هەواڵەكەیان راگەیاند.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە، 7 راپۆرتی ساڵانەی سەبارەت بە رەوشی ئازادی میدیا لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە
پەیوەندی بە سەنتەری میترۆ
بۆ زمانی كوردی: 07700004147
بۆ زمانی عەرەبی : 07701528887


PM:03:55:05/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 676 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌