هێزە ئەمنییەكان لە رۆژی دەنگدانیاندا یاساشكێنی دەكەن







میترۆ، سلێمانی‌
28ی ئەیلولی 2018: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان بە توندی ئیدانەی ئەو هێرش‌و رێگرییانە دەكات كە لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا بەرامبەر تیمە رۆژنامەوانییەكان ئەنجامدراون، داواش دەكات لێپێچینەوەی یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی بكرێت.

ئەمڕۆ لەكاتی بەڕێوەچوونی دەنگدانی تایبەتدا، چەند رووداوێكی توندوتیژی لە شارەكانی سلێمانی، سۆران، كۆیە، هەولێر، بەرامبەر رۆژنامەنوسان، لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە تۆمار كراون.

• سیروان غەریب، سەرنوسەری‌ سایتی‌ وێستگە نیوز، كە ئەمرۆ لەلایەن چەند چەكدارێكی‌ ئاسایشی‌ شاری‌ سلێمانییەوە لە بنكەی‌ سەركەوتن لەسەرچنار هێرشی‌ كرایە سەر. سكاڵای‌ یاسایی‌ لەسەر بەرێوبەرایەتی‌ ئاسیشی‌ شاری‌ سلێمانی‌ تۆماركرد.

• بڕوا برادۆستی پەیامنێری گەلی كوردستان لە قەزای سۆران، چەند چەكدارێك هێرشیان كردۆتە سەر تیمیەكەیان كە ئەوان بەشێوەیەكی یاسایی و بە رێگەپێدانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم سەرقاڵی رووماڵكردن بوون.

• تەها عەبدوڵا، پەیامنێری گەلی كوردستان لە شاری هەولێر لە لایەن هێزی ئەمنییەوە رێگریی لێكراوە روماڵ بكات.

• سەنگەر عبدالرحمن، پەیامنێری تۆڕی میدیای رووداو لە شاری كۆیە لە لایەن هێزێكەوە رێگری لێكراوە.

• خالد ئەحمەد، مجید بتوێنی، تیمی كەناڵی KNN، لە قوتابخانەی شەهید محمد حاجی لە چوارقورنە، رێگرییان لێكراوە، چەند ئەفسەرێك هەرەشەی شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەنوسیان لێكردوون.

• هاوژین جەمال، ئیبراهیم فتاح، بەرهەم جەمال، تیمی تۆڕی K24 لە سلێمانی لە بنكەی سەركەوتن، رێگرییان لێكراوە روماڵ بكەن.

• یادگار ئیسماعیل، ئاریان بەكر، تیمی كەناڵی سپێدە لە ناو بنكەی سەركەوتنی شاری سلێمانی لە لایەن هێًزێكی ئەمنییەوە پەلامار دەدەرێن‌و لە بنكەكە دەردەكرێن.

• شیلان فرج، دابان سەوەر، تیمی كوردستان تیڤی، لە قوتابخانەی زەڵی- تاسلوجەی شاری سلێمانی رێگرییان لێدەكرێت.

• خالد محمد پەیامنێری NRT لەشاری كۆیە، لە قوتابخانەی سەرباخ، رێگری لێكراوە، ئەفسەرێكی پێشمەرگە نەیهێشتووە روماڵ بكات، تەنانەت لە دوری یەك كیلۆمەتەریشەوە.

• هەژار رەشید، دڵشاد مام تەها، تیمی KNN لە قوتابخانەی سەرباخ، رێگری لێكراوە، ئەفسەرێكی پێشمەرگە نەیهێشتووە روماڵ بكات، تەنانەت لە دوری یەك كیلۆمەتەریشەوە.
• مادح جمال پەیامنێری سپێدە- لە قەزای كۆیە لە قوتابخانەی سەرباخ، رێگری لێكراوە.
• هەنگاو محمد پەیامنێری NRT لە رانیە رێگرییان لێكراوە بۆ روماڵكردن‌و دەڵێت هیچ ناوەندێك بۆ روماڵی میدیا دانەراوە.

• بڕیار نامیق، سەركەوت غریب تیمی كەناڵی KNN لە شاری سلێمانی، لەناوەندی دەنگدانی ئارین لە كانی كوردوە، رێگرییان لێكراوە لە كاتێكدا بۆ كەناڵەكانی یەكێتی كراوە بووە.

• زوبێر برادۆستی، پەیامنێری رۆژ نیوز لە سیدكان قوتابخانەی سیدەكان لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رێگری لێكراوە روماڵ بكات.

• ئەبوبكر حسین، پەیامنێری KNN لە قوتابخانەی چیا لە سەید سادق، كە تایبەت بوو بۆ روماڵی میدیاكاران، لە لایەن دەنگدەرانەوە دەرگای شكێنراوەو ئینجا رێگەشیان نەداوە هیچ كەناڵێك روماڵ بكات.

پرۆسەی چاودێریكردنی میدیاو رێكخراوەكانی ناوخۆو دەرەوە یەكێكە لە فاكتەرەكانی هەڵبژاردنێكی بێگەرد، هەر بەربەست‌و رێگرییەك، پرۆسەكە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

لەم روانگەیەوە سەنتەری میترۆ، لەگەڵ هاوبەشەكانی لە تۆڕی شمس، چاودێری پرۆسەكانی بانگەشە‌و دەنگدانی تایبەت‌و گشتی‌و تا جیاكردنەوەی دەنگەكان، بەردەوام دەبێت لە چاودێریكردن‌و ئاشكراكردنی هەر یاسا شكێنی‌و توندوتیژییەك كە ئەنجام دەدرێن‌و رای گشتی لێ ئاگادار دەكەن.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان بە توندی ئەو ئیدانەی هێرش‌و رێگرییانە دەكات كە لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا بەرامبەر تیمە رۆژنامەوانییەكان ئەنجامدراون، داواش دەكات لێپێچینەوەی یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی بكرێت.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.

تا كۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی كراوە.

میترۆ 7 راپۆرتی ساڵانەی سەبارەت بە رەوشی ئازادی میدیا لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە.

پەیوەندی بە سەنتەری میترۆ
بۆ زمانی كوردی: 07700004147
بۆ زمانی عەرەبی : 07701528887


PM:06:22:28/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌