جێگری سەرۆکی ئەمریکا: نادیە موراد شایستەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بوو




میترۆ، NRT
مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، نادیە موراد شایستەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بوو و بەو بۆنەیەشەوە پیرۆزبایی لێکرد.

پێنس وێنەی دیدارێکی خۆی و نادیە مورادی لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا ئیڤانکا ترەمپی کچی سەرۆکی ئەمریکا بەشدارە.

لە دیدارەکەدا کە لە کۆشکی سپی بەڕێوەچووە، مایک پێنس پیرۆزبایی لە نادیە موراد کردووە بەبۆنەی بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی.

ناوبراو نووسیویەتی "خۆتەرخانکردن و ئازایەتی نادیە بۆ هاوکاریکردنی قوربانیانی کارە دڕندانەکانی داعش ئیلهام بەخشە."

جێگری سەرۆکی ئەمریکا دووپاتیکردەوە کە نادیە موراد کچە کوردی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش شایستەی خەڵاتەکە بووە.

رۆژی هەینی (٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨)، پەیمانگەی نەرویجی خەڵاتەکانی نۆبڵ لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج، لە مەراسیمێکدا کچە کوردی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش و دێنیس موکوێگی پزیشکی کۆنگۆیی وەک براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئەمساڵ ئاشکراکرد.

بەهای خەڵاتەکە یەک ملیۆن دۆلارە و رۆژی ١٠ی مانگی کانونی یەکەمی ئەمساڵ لە ئاهەنگێکدا لە ئۆسلۆ دەدرێت بە نادیە موراد و دێنیس موکوێگی.


AM:10:47:10/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌