بەهۆی رەخنەگرتنی لەكەناڵی پەیام هونەرمەند بەرزان ئەیوب دەسگیر دەكرێت



میترۆ، ئاوێنه‌ 
بەهۆی رەخنەگرتنی لەكەناڵی پەیام هونەرمەند بەرزان ئەیوب دەسگیر دەكرێت، بەرێوەبەری كەناڵی پەیامیش، فاروق عەلی بە ئاوێنەی راگەیاند ئەو كەسە بابەتێكی لەسەر كەناڵەكە بڵاو كردوەتەوە هەموی دەچێتە چوار چێوەی ناوزراندنەوە، ئەو وتی " لەبری ئەوەی خوانەخواستە دەست بۆ هەر شتێكی تر بەرین، خۆمان بە ناچار زانی یاسا بابەتەكە یەكلایی بكاتەوە".


 

 لەسەر سكاڵای كۆمەڵی ئیسلامی هونەرمەند بەرزان ئەیوب كە خاوەنی كۆمپانیای ریكۆردە بۆ كاری هونەری بە تۆمەتی ناوزراندن دەستگیر دەكرێت، لەمبارەیەوە فاروق عەلی، بەرێوەبەری كەناڵی ئاسمانی پەیام كە زمانحاڵی كۆمەڵی ئیسلامیە رایدەگەیەنێت ئەگەر ئەو بەرێزە قسەكانی راستن كە لەتۆرە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوی كردونەتەوە با لەبەردەم دادگا بیسەلمێنێت ئەگەر راستیش نیە ناكرێت لەخۆیەوە تۆمەت ببەخشێتەوە.

 

پێشتریش هونەرمەند بەرزان ئەیوب لە لاپەرەی تایبەتی خۆی لەتۆری كۆمەڵایەتی فەیسبوك رونكردنەوەیەكی لەسەر بریاری دەستگیركردنەكەی بڵاو كردەوە كە تێیدا هاتوە " ئەفسەرێکی بەڕێز نوسراوێکی گەیاندە دەستم لەماڵەوەو ئاگاداری کردم کە پێویستە لەماوەی سێ ڕۆژدا لەبنکەی پۆلیسی ئازادی ئامادەبم ،.لێتان ناشارمەوە ئەمە سێیەم جارمە وەک تۆمەتبار ناوم دێتەوەو ئەبرێمە بنکەی پۆلیس یان ئاسایش، زۆر بەخۆشحاڵی و سەربەرزیەوە ئەچمە بنکەی پۆلیسی ئازادی ، بەخودای گەورە سوێندتان بۆ ئەخۆم لەماوەی 23 ساڵ کارکردنم لەناو میدیاو حیزبی ئیسلامی و کەسابەتی سەربەخۆ هیچ شتێک نیە من لێی بترسم …. هەرچیم نوسیوەو پۆستم کردوە لێی بەرپرسیارم و ئامادەی هەموو دادگایەکی شەرعی و یاساییم ، بەبەڵگەو شایەتەوە قسەکانم ئەسەلمێنم".


PM:12:18:12/12/2018




ئه‌م بابه‌ته 848 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌