میترۆ، رووداو
رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەشکەنجەدانی منداڵە زیندانیکراوەکان تۆمەتباردەکات و رایدەگەیێنێت، بۆ ئەوەی منداڵانە دەستگیرکراوەکان دان بە پەیوەندیان لەگەڵ داعش دابنێن ئەشکەنجەیان دەدات.
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتێکیدا کە رۆژی سێشەممە (8-1-2019) بڵاویکردووەتەوە، نووسیویەتی "حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو منداڵە زیندانیکراوەکان دان بە پەیوەندیان لەگەڵ داعش دابنێن، ئەشکەنجەیان دەدات، لە منداڵەکان دەدرێت و کارەبایان لێدەدەن''.
رێکخراوەکە چاوپێکەوتنی لەگەڵ چەند منداڵێک ئەنجامداوە کە ''بەتۆمەتی هەبوونی پەیوەندیان لەگەڵ داعش لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون و منداڵە دەستگیرکراوەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە لە زیندانەکان ئەشکەنجەدراون''.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە ''رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەسوکاری منداڵەکان و هەروەها بەرپرسانی زیندانەکە ئەنجامداوە، بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست رێکخراوەکە کەوتوون، 63 منداڵ لە زیندانییەکی هەولێر بەتۆمەتی هەبوونی پەیوەندیان لەگەڵ داعش دەستگیرکراون لە نێویاندا 43 منداڵ بەم تۆمەتە تاوانبارکراون''.
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ راشیگەیاندووە، لەسەر ئەم پرسە پەیوەندیان بە دیندار زێباری، بەرپرسی لیژنەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان کردووە و زێباری پێی راگەیاندوون، ''هێزە ئەمنییەکانی کوردستان رێگەیان پێنەدراوە ئەشکەنجەی زیندانییەکان بدەن، ئەگەر زیندانییەکیش ئەشکەنجەدرابێت، زیندانییەکە مافی ئەوەی هەیە سکاڵا تۆماربکات و بۆ بەرگریکردن لە کەیسەکەی پارێزەر بۆخۆی بگرێت''.