چالاكی مەدەنی ئاشتیخوازانە قەدەغە مەكەن تا سەرنەكێشی بۆ توندوتیژی







28ی كانونی دوهەمی 2019: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان داوا دەكات حكومەتی هەرێم سەلامەتیی گیانی خۆپیشاندەران و رۆژنامەنوسان بپارێزین‌و مافی خەڵك لە مقاومەتی مەدەنی ئاشتیخوازانە دژ بە داگیركاری‌و ومافی رۆژنامەنوس لە روماڵكردنیدا زەوتنەكات.

رۆژی یەكشەممە هێزە ئەمنییەكانی شاری دهۆك دەستیانگرت بەسەر نوسینگەی NRT لەو شارە و كارمەندەكانیان بەزۆر ڕەوانەی ماڵەوە كردەوە، دواتر بێوار حیلمی بەرپرسی نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە دهۆك لەلایەن ئاسایشەوە بانگكرا و بۆ ماوەی دوو كاتژمێر دەستبەسەركرا.

هەروەها رۆژێك بەر لە بڕیاری داخستنی ئۆفیسی كەناڵەكە، هێزە ئەمنییەكانی دهۆك هێرشیانكردوەتەسەر تیمی كەناڵەكە كە لەبەردەم نەخۆشخانەی فریاكەوتنی دهۆك كە روماڵی گواستنەوەی هەواڵی بریندارەكانی خۆپیشاندانەكانی شێلادزێی دەكرد.

هەر ئەو رۆژە چوار تیمی‌ ئین ئاڕ تی‌ لە شێلادزێ و دهۆك لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەسبەسەركران‌و لەكاتی جیاجیادا ئازادكراون.

رۆژی 27ی كانونی دوهەمیش لە ناو بازاڕی شاری سلێمانیش هێزێكی ئەمنی رێگری لە تیمێكی كەناڵی رۆژ تیڤی كرد كە ویتستیان سەبارەت خۆپیشاندانەكەی ناحیەی شیلادزێ، راپۆرتێك لەسەر بیروڕای هاوڵاتیان ئامادەبكەن.

پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە 26ی كانونی دووەمی 2019 بەشێك لە دانیشتوانی ناحیەی شیلادزێ لەدژی بۆردومانەكانی سوپای توركیا خۆپیشاندانیان رێكخست دواتر چونە سەر بنكەیەكی‌ سەربازی‌ سوپای توركیا لە ناحیەكە و دەستیان بەسەرداگرت، خۆپیشاندەران لە بنكە سەربازییەكەی‌ سوپای‌ توركیا ژمارەیەك ئۆتۆمبێل و كەلوپەلیان سووتاند.

لەو خۆپیشاندانەدا ژماریەك خۆپیشاندەر برینداربوون و تەندروستیی ناحیەكەش ئاشكرایكرد كە خۆپیشاندەرێك گیانی لەدەستداوە، چەند بەشداربووەیەكی خۆپیشاندانەكە دەسبەسەركراون.

میترۆ رایدەگەیەنێت مادەی 51 ی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان مافی بە گەلان داوە لەكاتی پەلامارو داگیركاری چەكداریدا مقاوەمەتی داگیركاری بكەن. 

رێگرتن لە چالاكی مەدەنی خەڵك دژ بە داگیركاری و كوشتاری داگیركەران پێچەوانەی پەیماننامەی نەتەوەیەكگرتوەكان‌و دژ بە بەهاكانی شۆڕشی رزگاریخوازی گەلی كوردستانیشە،

دەبێت حكومەتی هەرێم رێگە بە چالاكی مەدەنی ئاشتیخوازانەی هاوڵاتیان نەگرێت، تا سەرنەكێشێ بۆ مقاومەتی چەكداری.

میترۆ نیگەرانیشە كە شەوی رابردوو زۆربەی كەناڵە ئاسمانییەكان باسیان لە هەواڵی داخستنی ئۆفیسی كەناڵی ئین ئارتی نەكرد‌و بەمەش سەلماندیان لانی كەمی پشتیوانی پیشیەیی لە نێوانیدا نییە.

داوا دەكەین: 
1- هێزە ئەمنییەكان سەلامەتیی گیانی خۆپیشااندەران و رۆژنامەنوسان بپارێزێت‌و مافی خەڵك لە مقاومەتی مەدەنی دژ بە داگیركاری‌و ومافی رۆژنامەنوس لە روماڵكردنیدا زەوتنەكات.
2- هەموو ئەو خۆپیشاندەرانەی بە تۆمەتی "گیرەوشێوێن"ی دەسبەسەرن دەستبەجێ ئازاد بكرێن.
3- لایەنە بەرپرسەكانی دهۆك بە بێ مەرج و دەسبەجێ بڕیاری داخستنی ئۆفیسی كەناڵی ئین ئارتی هەڵبوەشێنێتەوە.
4- داوا لە كەناڵەكانی میدیا دەكەین بێ لایەن بن لەكاتی گواستنەوەی زانیاری بۆ هاوڵاتیان‌و نەبن بە بەشێك لەو رووداوانەی كە روماڵی دەكەن.

سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی دامەزاروە، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستانی عێراق.

میترۆ بە پێی یاسای رێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 2011 دامەزراوەو مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە.
لەسەرەتای دامەزراندنیەوە هەریەك لە رێكخراوەكانی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)، پاڵپشتی كردوە.
كۆتایی


AM:11:54:28/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌