ئەمڕۆ هەشت ساڵ بەسەر دامەزراندنی کەناڵی ئێن ئاڕ تی دا تێدەپەڕێت





میترۆ، NRT

هەشت ساڵ لەمەوبەر، ئێن ئاڕ تی، بە دروشمەکانی راستگۆیی، هاوسەنگی  و بوێری، دەستی بەپەخش کرد و سەرەڕای چەندین رێگریی و پێشێلکاری و دژایەتی‌، هەمیشە بەهێز و بەهێزتربووە.                                                                             

رۆژی ١٧ شوباتی ساڵی ٢٠١١، ئێن ئاڕ تی وەک تاکە کەناڵی ئەهلی بێ لایەن دەستی بە پەخش کرد، بە هاوسەنگی و پیشەییانە، ڕوماڵی راستەوخۆی سات بە ساتی‌ خۆپیشاندانەکانی‌ کرد، بەڵام پاش دوو رۆژ و لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٠ی‌ شوباتی ٢٠١١، کۆمەڵێک چەکدار هەڵیانکوتایە سەر بینای کەناڵەکە لەناو گوندی ئەڵمانی و سەرجەم کەرەستە و کەلوپەل و بیناکەیان سوتاند و پاسەوانێکیشیان بریندارکرد، دوای دوو مانگیش لە سوتاندنی‌، ئێن ئاڕ تی جارێکی‌ تر دەستی بە پەخش کردەوە.

دواتر و لە شوباتی‌ ساڵی ٢٠١٣شدا بە بۆمب هێرشکرایە سەر نوسینگەی سەرەکی کەناڵەکە لە شاری سلێمانی و لە تشرینی‌ یەکەمی‌ هەمان ساڵدا، تەقە لە شاسوار عەبدولواحید خاوەنی پێشووی کەناڵەکانی ئێن ئاڕ تی کراو بە سەختی بریندار کرا.

پێشلکارییەکان بەرامبەر ئێن ئاڕ تی بەردەوام بوو و لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥دا نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی لە شارەکانی هەولێر و دهۆک بۆ ماوەی چەند مانگێک داخران و کارمەندانیشیان ئاودیوی دێگەڵە کرد.

لە ساڵی ٢٠١٦ شدا و لە سەروبەندی شەڕی دژی داعشدا بە بیانووی جۆراوجۆر ڕوماڵی‌ بەرەکانی‌ جەنگ و کارو چالاکی دامودەزگا فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم لە ئێن ئاڕ تی‌ قەدەغە کرا و ئەوەش پێچەوانەی‌ یاسای ژمارە ٣٥ی ڕۆژنامەگەری هەرێم بوو، کە جەختدەکاتەوە لەسەر ئازادی کاری میدیا و ڕادەربڕین بەبێ بوونی هیچ سانسۆرێک.

٢٠١٧ بە ساڵێکی پڕ پێشێلکاری دادەنرێت بەرامبەر ئێن ئاڕ تی و رۆژنامەنوسەکانی و چەند جارێک لە ڕوماڵکردنی ڕووداوەکاندا رێگری لە تیمەکانی ئێن ئاڕ تی کراوە لە شارەکانی هەرێم و بەپێی ئاماری دەزگا و ڕێکخراوەکانی‌ ئازادی ڕۆژنامەنوسی، ئێ ئاڕ تی زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر کراوە.

ڕۆژی ٢٨ی ئاب پەخشی ناوخۆیی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و سلێمانی بۆ ماوەی یەک هەفتە ڕاگیرا، لە سەرەتای مانگی ئەیلول تابلۆی نووسینگەی ئێن ئاڕ تی لە شاری دهۆک لەلایەن ژمارەیەک هاوڵاتییەوە دڕێندرا و ئۆفیسی پێشووی‌ کەناڵی‌ ئێن ئاڕ تی‌ لەگەڕەکی‌ عەینکاوەی هەولێر، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە زەوتکرا.

ڕۆژی ٢٩ی ئۆکتۆبەر لە پەخشی راستەوخۆدا و لەناو بینای پەرلەمان هێرش کرایە سەر تیمی ئێن ئاڕ تی ، پەیامنێرەکەی بریندار کراو کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانیشی شکێنرا، دواتر هێرشکرایە سەر نوسینگەکانی‌ هەولێر و دهۆکی ئێن ئاڕ تی و بەشێک لەکەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکانیان شکێنران و بەشێکی دیکەشیان تاڵانکران. تەنها لە نوسینگەی‌ هەولێر بەبڕی ملیۆنێک دۆلار زیان بە کەناڵەکە گەیشت. 

ئێوارەی‌ ١٩ی مانگی کانونی یەکەمی هەمان ساڵ هێزێكی ئاسایشی سلێمانی هەڵیانکوتایە سه‌ر ئۆفیسی سه‌ره‌كی دامه‌زراوه‌ی میدیایی نالیا له ‌سلێمانی و پەخشی هەر سێ کەناڵی‌ ئاسمانی‌ (NRT،NRT2،NRT عەرەبی‌) ڕاگرت و بۆ ماوەی‌ کاتژمێرێک تەواوی کارمەندانی‌ ئۆفیسی‌ سەرەکی دەستبەسەرکران، ئەمە سەرەڕای‌ شکاندنی‌ بەشێک لە کەلوپەلەکانی‌ دامەزراوە میدیاییەکە و بردنی‌ بەشێکی‌ کەلوپەلە تەکنیکییەکانی‌ پەخشکردن.

سەرباری ئەوەی‌ ئێن ئاڕ تی داوای یاسایی لە سەر بەشێک لەو پێشێلکارییان تۆمارکردووە کە بەرامبەری ئەنجامدراون، بەڵام تا ئێستا هیچ یەکێک لەو کەیسانە یەکلای نەکراونەتەوە و ئێن ئاڕ تیش قەرەبوو نەکراوەتەوە.

ئەو هێرش و پەلامارانەی لە سەرەتای پەخشەوە تا ئێستا کراونەتە سەر کەناڵی ئێن ئاڕ تی لەلایەن سەندیکا و رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە رۆژنامەنوسان ئیدانە کراون و ئێن ئاڕ تیش کاریگەرتر و بەهێزتر، بە هەمان دروشمەکانی خۆی بەردەوام دەبێت.


AM:11:04:17/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌