له‌سه‌ر خه‌رجیی چالاكییه‌كانی هه‌ولێری پایته‌ختی گشتیاریی وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ ساڵی 2014و پشتبه‌ستن به‌یاسای مافی ده‌سكه‌وتنی زانیاریی، گروپێك شانۆكار زیاتر له‌شه‌ش مانگه 18 پرسیاریان ئاڕاسته‌ی سه‌رپه‌رشتیارانی ئه‌و چالاكییانه كردوه، به‌ڵام تائێستا وه‌ڵامیان نه‌دراوه‌ته‌وه، سه‌رباری ئه‌وه رێگای دادگاشیان گرتۆته‌به‌ر، سه‌رپه‌شتیاری گروپه‌كه ده‌ڵێت "كۆی دادگا له‌كوردستان ئاگاداری ئه‌و یاسایه نییه‌و ده‌زگاكانی حكومه‌تیش كاری پێناكه‌ن". سه‌رۆكی لیژنه‌ی رۆشنبیری‌و راگه‌یاندنی په‌رله‌مانیش ئه‌وه پشتڕاست ده‌كاته‌وه كه تائێستا كار به‌و یاسایه نه‌كراوه، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش به‌دواداچون ده‌كه‌ن.
ئا: ئاسۆ سه‌راوی
18 پرسیاریان ئاراسته‌كردون
له‌مانگی چواری ئه‌مساڵه‌وه (گروپی گه‌نج بۆ شانۆ) 18 پرسیاریان ئاڕاسته‌ی سه‌رپه‌رشتیارانی چالاكیه‌كانی هه‌ولێر پایته‌ختی گه‌شتیاریی وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ ساڵی 2014 كردوه، زۆرینه‌ی پرسیاره‌كانیش له‌سه‌ر خه‌رجیی چالاكیه‌كان‌و بڕه پاره‌ی هێنانی هونه‌رمه‌ندانی بیانیی‌و چه‌ند شتی تر بو، سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌و كه‌یسه، شانۆكار كارۆخ ئیبراهیم، ئه‌وه ده‌خاته‌ڕو پاڵپشت به‌یاسای مافی ده‌سكه‌وتنی زانیاریی، ئه‌و پرسیارانه‌یان ئاراسته‌ی ئه‌و لیژنه‌یه كردوه، به‌ڵام له‌ده‌ره‌نجامی به‌دواداچونه‌كانیاندا بۆیان ده‌ركه‌وتوه كه نه دادگاكان‌و نه‌فه‌رمانگه حكومیه‌كانیش كار به‌و یاسایه ناكه‌ن، "زۆرینه‌شیان ئاگاداری یاسایه‌كی له‌و جۆره هه‌ر نین، تائێستاش له‌و 18 پرسیاره وه‌ڵامی یه‌ك پرسیارمان نه‌دراوه‌ته‌وه".
به‌پێی یاسای مافی ده‌سكه‌وتنی زانیاریی داوای زانیاری‌یان كردوه
ئه‌و شانۆكاره، كه جێگری سه‌رۆكی (گروپی گه‌نج بۆ شانۆ)یه ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، دوای ئه‌وه‌ی وه‌ڵامیان ناده‌راوه‌ته‌وه، به‌پێی یاسای مافی ده‌سكه‌وتنی زانیاری رویان له‌دادگا كردوه پاڵپشت به‌و یاسایه سكاڵایان تۆماركردوه، به‌ڵام كه چونه‌ته دادگاش له‌وێش توشی سه‌رسوڕمانێكی تر ده‌بن، كاتێك ده‌بینن دادوه‌ره‌كه ئاگاداری یاسایه‌كی له‌و شێوه‌یه هه‌ر نییه "ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ‌و داواكاری گشتییمان ئاگاداركرده‌وه هه‌ر به‌پێی یاساكه 10 رۆژ مۆڵه‌تمان پێدان دواتر كردمانه 15 رۆژیش هه‌ر وه‌ڵامان ده‌ستنه‌كه‌وت، كه كێشكه كه‌وته دادگا له‌دادگای به‌رایی یه‌كی هه‌ولێر له‌لای دادوه‌ر دارا سكاڵامان تۆماركرد، به‌ڵام دادوه‌ره‌كه‌ش زانیاریی له‌سه‌ر یاساكه نه‌بو، دوای سێ دانیشتنیش وه‌ڵامی یه‌ك پرسیاری دادگاشیان نه‌دایه‌وه".
پرسیاره‌كان ده‌رباره‌ی چی بون؟
زۆرینه‌ی 18 پرسیاره‌كه، سه‌باره‌ت به‌ورده‌كاریی خه‌رجیه‌كانی چالاكیه‌كان‌و پاره‌ی سپۆنسه‌ری كۆمپانیاكان‌و هێنانی هونه‌رمه‌ندانی بیانی بوه، به‌ده‌ر له‌وه ئه‌وان گومانیان له‌و گرێبه‌سته‌ش هه‌یه كه له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی توركیی كراوه بۆ كاری روناكیی‌و هه‌ندێ كاری ته‌كنیكیی تر كه وه‌ك كارۆخ ده‌ڵێت "ئه‌و كۆمپانیا توركیه به‌زیاتر له 300هه‌زار دۆلار (30ده‌فته‌ر) كاره‌كه‌ی كردوه، له‌كاتێكدا به‌به‌ڵگه‌وه كۆمپانیای ناوخۆیی هه‌بوه ئاماده‌بوه به‌هه‌مان كوالیتی‌و به 150هه‌زار دۆلار (15 ده‌فته‌ر) ئه‌و كاره بكات". ئه‌و وتیشی"كاركردنی ئێمه له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه جگه له‌وه‌رگرتنی ئه‌و زانیارییانه، مه‌به‌ستیشمانه لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان كار به‌یاسای مافی ده‌سكه‌وتنی زانیاریی بكه‌ن".
داواكاری گشتیی چی ده‌ڵێت؟
هه‌ر ده‌رباره‌ی ئه‌و كه‌یسه دادوه‌ر هیوا فه‌ریق له‌داواكاریی گشتیی هه‌ولێر ئه‌وه ده‌خاته‌ڕو ئه‌وان به‌دواداچونیان كردوه‌و پێشیان وتراوه كه چالاكیه‌كان به‌سپۆنسه‌ریی كۆمپانیا كراوه نه‌ك پاره‌ی حكومه‌ت "كاتێك پاره‌ی حكومه‌ت بۆ چالاكیه‌ك خه‌رج بكرێت‌و گومان له‌خه‌رجكردنی هه‌بێت ئه‌وكات ئێمه به‌دواداچون ده‌كه‌ین". ئه‌و دادوه‌ره باسی له‌وه‌شكرد ئه‌وانه‌ی به‌دواداچونیان بۆ ئه‌و كه‌یسه كردوه له‌لای ئه‌وان، كاره‌كه‌یان به‌نیوه‌ناچڵی به‌جێهێشتوه، نه‌چونه‌ته‌وه به‌لایدا.
حكومه‌ت 5ملیۆن دۆلاری بۆ خه‌رجكردون
به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر هه‌مزه حامید كه ئه‌ندامی لیژنه‌ی چالاكیه‌كانی هه‌ولێر پایته‌ختی گه‌شتیاریی وڵاتانی عاره‌بی بوه، باس له‌وه ده‌كات له‌سه‌ره‌تادا بڕیاربو حكومه‌ت له‌سه‌ر داهاتی نه‌وت 20 ملیۆن دۆلار بۆ چالاكیه‌كانیان ته‌رخانبكات كه خۆی له 100 چالاكیی جۆراوجۆر ده‌بینیه‌وه، به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه ته‌نها 5ملیۆن دۆلاریان بۆ خه‌رجكراوه.
پاره سپۆنسه‌ره‌كان ئاشكرا ناكات
هه‌ر به‌پێی وته‌ی هه‌مزه به‌شێك له‌كاره‌كانیان به‌سپۆنسه‌ریی چه‌ند كۆمپانیایه‌ك ئه‌نجامداوه، به‌ڵام ئه‌و ئاماده‌نه‌بو پاره‌ی سپۆنسه‌ریی كۆمپانیاكان ئاشكرابكات "باسی پاره‌ی سپۆنسه‌ره‌كان ناكه‌ین له‌ڕوی یاساییه‌وه ئه‌و مافه‌مان نییه، به‌ڵام ئه‌و پاره‌ی حكومه‌ت خه‌رجیكردوه ئاماده‌ین لیژنه‌ی چاودێریی دارایی بێت پشكنین بۆ وه‌سڵ به‌وه‌سڵی بكات". سه‌باره‌ت به‌وه‌ش كه ده‌وترێ كه پاره‌یه‌كی زۆریان خه‌رجكردوه بۆ هێنانی چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی بیانیی ئه‌و وتی "ئیشی هونه‌ر كاڵایه‌ك نییه له‌زۆر شوێن نرخی وه‌ك یه‌ك بێت"
هه‌ر بۆ به‌دواداچونی ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ش كه چه‌ند كۆمپانیایه‌ك خه‌رجیان كردوه‌و بونه‌ته سپۆنسه‌ری به‌شێك له‌چالاكیه‌كان، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی گه‌شتوگوزارو حه‌ج‌و عومره‌ی كوردستان حاجی ئیسماعیل سۆفی كه ئه‌ندامێكی تری ئه‌و لیژنه‌یه‌یه، ئاماده‌نه‌بو هیچ زانیاریه‌ك بدركێنێ.
په‌رله‌مان چاوه‌ڕێی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤه
سه‌رۆكی لیژنه‌ی رۆشنبیری‌و راگه‌یاندن له‌په‌رله‌مانی كوردستان فه‌رحان جه‌وهه‌ر جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه تائێستا ئه‌و یاسایه له‌هه‌رێمدا كاری پێنه‌كراوه، هۆكاره‌كه‌شی نازانی هه‌ر بۆیه ده‌ڵێت "جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه به‌ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ سپێدراوه، ئێمه‌ش بانگهێشتی په‌رله‌مانمان كردون تابۆمان رونبكه‌نه‌وه بۆ تائێستا جێبه‌جێنه‌كراوه، بڕیاره بێنه په‌رله‌مان ئه‌وه‌مان بۆ رونبكه‌نه‌وه، به‌پێی یاساكه‌ش پێویسته وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ئه‌و گروپه بدرێته‌وه".
"ده‌ستیان ماچ ده‌كه‌ین بانگمان بكه‌ن"
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌كوردستان زیا بترۆس سلێوه خۆشحاڵ ده‌بێت كه بانگێهشتی په‌رله‌مان بكرێت، له‌سه‌ر هۆكاری جێبه‌جێنه‌كردنی ئه‌و یاسایه "ئه‌گه‌ر بانگهێشتمان بكه‌ن ده‌ستیان ماچ ده‌كه‌ین تا له‌وێ قسه‌ی خۆمان بكه‌ین". به‌پێی وته‌ی زیا بترۆس بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسا هیچ لایه‌نێك له‌كوردستان هاوكاری نه‌كردون، بۆ ئه‌مه‌ش چه‌نده‌ها به‌ڵگه‌یان هه‌یه "به‌پێی ماده‌یه‌كی یاساكه ده‌بێت به‌هه‌مانگی ئێمه‌و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران رێنمایه‌ك بۆ كاركرنمان ده‌ربچێت، تائێستا ئه‌و رێنمابه ده‌رنه‌كراوه له‌كاتێكدا چه‌ندین نوسرامان ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردوه، بۆیه زۆرم پێباشه له‌په‌رله‌مان رونكردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه بده‌م".
خاڵی به‌هێزی یاسا مافی ده‌ستكه‌وتنی زانیاریی
یاسای مافی ده‌ستكه‌وتنی زانیاریی، كه به‌یاسای ژماره 11 ساڵی 2013 ناسراوه‌و له‌رۆژی 28-6-2013 له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچوه، به‌هێزترین خاڵی یاساكه وه‌ك سه‌رۆكی لیژنه‌ی رۆشنبیری‌و راگه‌یاندن له‌په‌رله‌مانی كوردستان فه‌رحان جه‌وهه‌ر باسی ده‌كات ئه‌وه‌یه كه هه‌موو داموده‌زگاكان به‌حكومی‌و كه‌رتی تایبه‌ت‌و رێكخراوه‌كانیشه‌وه ناچاركراون كه په‌یوه‌ست بن به‌پێدانی زانیاری جا هه‌ر كه‌سێك داوایبكات، هه‌روه‌ها په‌یوستیشكراون به‌وه‌ی ناو به‌ناو ئامار‌و داتا‌و زانیاریه‌كانیان بڵاوبكه‌نه‌وه،
خاڵی لاوازی یاساكه
خاڵی لاوازیشی یاساكه‌ش وه‌ك ئه‌و په‌رله‌منتاره ده‌ڵێت ئه‌وه‌یه به‌ده‌سته‌یه‌ك سپێدراوه كه كاری له‌سه‌ر نه‌كردوه "ده‌بوو بۆ جێبه‌جێكردنی ده‌سته‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ دروستبكرایه". ئه‌و به‌پێویستیشی نازانی له‌ئێستادا یاساكه هه‌مواربكرێته‌وه "با یه‌ك دوو ساڵێك بكه‌وێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه ئه‌وكاته كه‌موكوڕیه‌كانی باشتر ده‌رده‌كه‌ون، ئه‌وكاته‌ش ده‌كرێت هه‌مواربكرێته‌وه".