دادوەرێك لەسەر پۆستێكی فەیسبووك سزادەدرێت





میترۆ، رووداو 
سەرۆكی داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان رەتیكردەوە هیچ دادوەرێكیان بەهۆی تۆماركردنی سكاڵا لەسەر وەزیری دارایی گواستبێتەوە و گوتی "ئەو دادوەرە لەسەر بڵاوكردنەوەی تۆمەتی نەشیاو و بێ‌ بنەما، بڕیاری ئینتیدابی بۆ دەرچووە بۆ قەزای خەبات".

رۆژی 5/5/2019 ئەبوبەكر حامید عەبدوڵڵا، ئەندامی داواكاری گشتی لە دەستەی دەستپاكی سكاڵای یاسایی لەدژی رێباز حەملان، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار كرد، لە سكاڵاكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە رێباز حەملان لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی دارایی و چەند كەناڵێكی میدیا باسی لەوە كردووە حكومەتی عێراق مووچەی چوار مانگی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی داوە، بەڵام دابەش نەكراوە، بۆیە وەزیر و فەرمانبەرانی وەزارەتی دارایی بە "گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی" تۆمەتبار كردووە.

لە هەمان رۆژدا، بە بڕیارێكی سەرۆكایەتی داواكاری گشتی، ئەبوبەكر حامید بڕیاری ئینتیدابكردنی بۆ قەزای خەبات بۆ دەرچوو، واش بڵاوكرایەوە كە بڕیارەكەی داواكاری گشتی سزادانی ئەندامەكەی داواكاری گشتیی بووە لە بەرامبەر تۆماركردنی سكاڵاكەی لەسەر حكومەت.

بەڵام حاكم ئازاد ئەحمەد، سەرۆكی داواكاری گشتی لە هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند: "بڕیاری ئینتیدابكردنی ئەبوبەكر حامید لەسەر نووسینەكانی بووە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نەك ئەو سكاڵایەی كە لە دەستەی دەستپاكی لەسەر وەزیری دارایی تۆماری كردووە. لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەندێك وشەی نەشیاوی بە دادوەرانی داواكاری گشتی گوتووە و تۆمەتی ئەخلاقی خستووەتە پاڵیان، تۆمەتی گەندەڵیشی خستووەتە پاڵ داواكاری گشتی، دەستەی دەستپاكی، دیوانی چاودێری دارایی، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگە و بنەمایەكی هەبێت".

سەرۆكی داواكاری گشتی گوتیشی: "سەرەتا بڕیاری ئاگاداركردنەوەمان بۆ دەركرد و پێمانگوت ئاگادارت دەكەینەوە زانیاری نادروست لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاونەكەیەوە، ئەوە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە داواكاری گشتی و بەلاڕیدابردنی راستییەكان، بۆیە پاڵپشت بە ماددەی 61، بڕگەی 2 لە یاسای داواكاری گشتی ژمارە 159ی ساڵی 1979ی هەمواركراو، پێت ڕادەگەیەنین ئەم كارە دووبارە نەبێتەوە".

بەڵام بە گوتەی سەرۆكی داواكاری گشتی، ئەو دادوەرە گوێی بەو ئاگاداركردنەوەیە نەداوە و بەردەوام بووە لە نووسینەكانی لە دژی ئەو دامەزراوەیە. حاكم ئازاد ئەحمەد دەڵێت: "دواتر هەر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسینێكی دیكەی بڵاوكردووەتەوە و لەبری ئەندامانی داواكاری گشتی، نووسیویەتی ئەندامانی داواكاری (قشتی)، ئەمەشی وەكو ئیهانەیەك بە دامەزراوەی داواكاری گشتی و ئەندامەكانی نووسیوە، بۆیە رۆژی 5/5/2019 سەرۆكایەتی داواكاری گشتی لەپێناو بەرژەوەندی گشتی ئینتیدابی كردووە بۆ قەزای خەبات، كە ئەمەش رێكارێكی یاساییە نەك سزادان، ئێمە كەمترین ئیجرائاتمان لەگەڵی كردووە".

سەبارەت بە سكاڵاكەی ئەبوبەكر حامید لەسەر وەزیری دارایی لە دەستەی دەستپاكی، سەرۆكی داواكاری گشتی گوتی: "ئەو لە دادگای باری كەسێتی دەوامی دەكرد و مافی ئەوەی نییە لە دادگای لێكۆڵینەوەی دەستەی دەستپاكی سكاڵا تۆمار بكات، چونكە بەپێی ماددەی 27 لە یاسای داواكاری گشتی، سەرۆكی داواكاری گشتی بڕیار لە دابەشكردنی كارەكان دەدات و ئەوانی دیكەش پێوەی پابەند دەبن، بۆیە هەموو سكاڵایەك لەڕێگەی لیژنەی مافی گشتییەوە تۆمار دەكرێت و ئەو مافی ئەوەی نییە سكاڵا تۆمار بكات، بەبێ ئاگاداری ئێمەش  سكاڵاكەی تۆمار كردووە".

سەرۆكی داواكاری گشتی تێبینی دیكەشی لەسەر سكاڵاكەی ئەبوبەكر حامید لە دەستەی دەستپاكی هەیە و دەڵێت: "لە سكاڵاكەیدا نووسیویەتی وێنەیەك بۆ داواكاری گشتی حكومەتی عێراق كە ئەمەش دەبێت لەڕێگەی ئێمەوە بێت، هەروەها كاتێك خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەستەی دەستپاكی بە دامەزراوەیەكی گەندەڵ ناوبردووە، چۆن متمانەی پێكردووە و سكاڵای لەلای ئەوان تۆمار كردووە؟ تاوەكو ئێستاش دادگای لێكۆڵینەوە سێ‌ جار داوایان لێكردووە بەڵگەكانی بێنێت، بەڵام نەیبردووە، چونكە نیەتی، وەزیری داراییش پێیگوتم هەر بەڵگەیەكی هەیە با بیخاتەڕوو".

سەرۆكی داواكاری گشتی رەتیدەكاتەوە هیچ رێكارێكی یاسایی لە دژی ئەبوبەكر حامید لەسەر سكاڵاكەی گرتبێتەبەر و گوتی: "ئەمە سەرپێچییەكی زۆر گەورەیە، هێشتا ئەو كەیسەم لەدژی نەوروژاندووە، چاوەڕێم بەڵگەكانی بخاتەڕوو، ئەگەر بەڵگەی نەبوو لەسەر ئەو تۆمەتانەی بەرامبەر حكومەت و وەزیری دارایی باسی كردووە، لەگەڵ لیژنەكانی خۆمان كۆدەبینەوە و بڕیار دەدەین چ رێكارێكی بەرامبەر بگرینەبەر".

(رووداو) پەیوەندی بە ئەبوبەكر حامید، ئەندامی داواكاری گشتییەوە كرد، بەڵام ئەو ئامادە نەبوو بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی لە سەرۆكی داواكاری گشتی هیچ لێدوانێك بدات، سەرۆكی داواكاری گشتیش رەزامەندی نەدا قسە بكات.


PM:04:41:21/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌