میترۆ، دهنگی ئهمریكا
ڕێکخراوی فریدەم هاوس كه بنکەی سهرهكی لە واشنتۆنه لە ڕاپۆرتە ساڵانەکەی کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاوی کردەوە دەڵێت نەک تەنها وڵاتە تاکڕەوەکان بەڵکو ئاستی ئازادی لە هەندێک لە وڵاتە دیموکراسییەکانیش دابەزیوە.
فریدەم هاوس بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەسەڵاتداران بە مەبەستی بێدەنگکردنی ڕۆژنامەوانە نەیارەکانیان و پشتیوانی کردنی ڕێکخراوەکانی لایەنگریان چەن ڕێوشوێنی ئابوری، یاسای و نایاسایی دەگرنەبەر.
فریدەم هاوس لە ڕاپۆرتەکەی ساڵی 2019دا تورکیا وەکو وڵاتێکی نا ئازاد ناودێر دەکات و دەڵێت ڕەوشی ئازادی ڕاگەیاندن لە وڵاتەکەدا خراپتر بووە.
فریدەم هاوس دەڵێت لەم دواییانەدا ڕۆڵی ئینتەرنێت لەو وڵاتە زیاتر بووەو بۆتە پلاتفۆرمێکی گرنگی ئازادی ڕوانین.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت " لەوەتای کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ساڵی 2016 وە 150 دەزگای ڕاگەیاندن لە تورکیا داخراون و سەدان ڕۆژنامەوان بە بیانوی پەیوەندیان بە ڕێکخراوی تیرۆرستییەوە سزادراون".
فریدەم هاوس نیگەرانی دەردەبڕێت لەمەڕ ئەوەی بەرپرسانی تورکیا دەتوانن فشار بخەنە سەر کۆمپانیای یوتیوب کە سانسۆربخاتە سەر بابەتەکانی کەناڵی 90+ کە بابەتەکانی دەزگای فەرمی ئەمەریکا و دەنگی ئەمەریکا بڵاو دەکاتەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا وڵاتانی وەکو ئیتیۆپیا، مالیزیا، ئیکوادۆر و گامبیا ستایش کراون کە بەهۆی پێشکەوتنی دیموکراسی باری ڕاگەیاندن لە وڵاتەکاندا باشتربووە.