ئەمریكا بە فەرمی داوای رادەستكردنی دامەزرێنەری ویكیلیكس دەكات





میترۆ، خه‌ندان 
حكومەتی بریتانیا رایگەیاند، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە شێوەیەكی فەرمی داوای لێكردوە دامەزرێنەری پێگەی ویكیلیكس رادەستی وڵاتەكەی بكات، تا لەبارەی پێشێلكاریەكانیەوە لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكات.
ئەمریكا بە فەرمی داوای لە بریتانیا كردوە، جولیان ئاسانج، دامەزرێنەری پێگەی ویكیلیكس رادەستی وڵاتەكەی بكرێتەوە
 

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی بریتانیا رایگەیاند، وەزارەتی دادی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە شێوەیەكی فەرمی داوای لە وڵاتەكەی كردوە، جولیان ئاسانج، دامەزرێنەری پێگەی ویكیلیكس رادەستی وڵاتەكەی بكرێتەوە، تا لەبارەی كۆنتڕۆڵكردنی كۆمپیوتەرەكانی حكومەتی واشنتن و دۆسیەی سیخوڕی لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكرێت.
لەسەر داوایەكی كاتیی ئەمریكا ئاسانج لە بریتانیا دەستگیركراوە
 

ئاماژەی بەوەشكرد، لەسەر داوایەكی كاتیی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ئاسانج لە بریتانیا دەستگیركراوە، كە لە ئێستادا بە تۆمەتی خراپ بەكارهێنانی كۆمپیوتەر و بڵاوكردنەوەی زانیاریەكانی تایبەت بە ئاسایشی نیشتیمانی ئەو وڵاتە تۆمەتباركراوە.

لەوبارەیەوە پارێزەرەكەی ئاسانج ئامادە نەبوە دەستبەجی لێدوان بدات، لەكاتێكدا چەند سەرچاوەیەك لە ئاسایشی ئەمریکا رایانگەیاندوە، "داواكارانی گشتی لە وەزارەتی دادی ویلایەتە یەكگرتوەكان هەفتەی رابردو بە مەبەستی رادەستكردنی ئاسانج بە وڵاتەكەیان بە فەرمی داواكاریەكیان ئاراستەی حكومەتی بریتانیا كردوە".
11ی نیسانی ئەمساڵ جوڵیان ئاسانج دەستگیرکرا
 

11ی نیسانی ئەمساڵ پۆلیسی لەندەن رایگەیاند، لەسەر فەرمانی دادگا كە رێكەوتەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2012 جوڵیان ئاسانج، دامەزرێنەری دامەزراوەی ویكیلیكس لە لەندەن دەستگیركراوە.

لە یەکی ئایاری ئەمساڵیشدا، جوڵیان ئاسانج، دامەزرێنەری ویكیلیكس لە دادگای ساوس وارك لە شاری لەندەن بە تۆمەتی پێشێلكردنی یاساكانی تایبەت بە كەفالەت دادگاییكرا و لە كۆتاییدا دادوەر بڕیاری 50 هەفتە زیندانی بۆ ئاسانج دەركرد.


PM:12:24:12/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌