ژنان وڵاتە زلهێزەکان دەپارێزن




میترۆ، سبه‌ی‌ 
وا وێناکراوە سیستمی بەرگریی و سەربازیی جیهان پیاوان بەڕێوەی‌ بەرن، بەڵام لە چەند ساڵی‌ رابردودا بڕوا بون بە هێز و توانای بەرگریی ژنان زیاتر بوە، بەشێوەیەک ئەو تەوقە مێژوییە شکێندراوە و ژمارەیەک لە ژنان بونەتە ئایکۆنی‌ بەڕێوەبردنی‌ هێزی‌ ئەمنی‌ و سەربازیی‌ ئێستا (18) وڵاتی جیهان وەزیری بەرگرییەکەیان ژنن.

لە چوارچێوەی‌ خێزانەوە بۆ بەڕێوەبردن
ژنان لە مێژوی کۆندا دایکایەتی و بەڕێوەبردنی خێزانیان لە ئەستۆ بوە و لە هەندێک کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیدا ژنان لە پێگەی دایکدا خێزانی بەڕێوەبردوە و ئەو قۆناغەش بە (دایکسالاری) ناسراوە، بەڵام بە دەگمەن ژنان کار و باری بەرگریی و سەربازییان لە ئەستۆ بوە.

لەم سەردەمەشدا جیهان نەیتوانیوە ئەو بیروباوەڕە باوە بەشێوەیەکی بەرچاو تێپەڕێنێت، بەڵام لە ئێستادا سێ ژن وەزیری بەرگریی بەهێزترین وڵاتانی ئەوروپان و بە پێی دوایین ئاماریش هەشت وڵاتی ئەندامی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) وەزیری بەرگرییەکانیان ژنن ئەوە جگە لەوەی‌ هەندێک لە ژنان بونەتە سەرۆک یان رکابەری‌ بۆ بون بە سەرۆکیان کردوە وەک سەرۆکی‌ کرواتیا و هیلاری‌ کلینتۆن لە ئەمەریکا.

بەرگری‌ ئەوروپا لە چنگی‌ ژناندا
وڵاتانی (ئەڵمانیا، فەڕەنسا، بەریتانیا) سێ وڵاتی یەکلایکەرەوەن لە ئاستی سیاسەتی جیهانیدا و رابردوییەکی بەهێزییان هەیە لە ئاستی سەربازی و بەرگرییدا و لە ئێستادا وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتانە کە هاوکات ئەندامی ناتۆن لە لایەن سێ ژنەوە بەڕێوەدەچن.

ئۆزۆلا فۆندۆ لاین (1958) لەدایکبوە و ئێستا وەزیری بەرگریی ئەڵمانیایە و یەکەم ژنە لە مێژوی وڵاتەکەیدا کە لە ساڵی (2013) وەک وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی دەستنیشان کراوە لە کاتێکدا پزیشک بوە، بەڵام ئەو پۆستەی وەرگرتوە و لە قۆناغی سەختی شەڕی داعشدا توانی هێزی سەربازیی وڵاتەکەی پیشان بدات و ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ بو بۆ یەکەم ژن لە مێژوی بەرگریی وڵاتەکەیدا لەپاڵ تواناکانی‌ مێرکڵی‌ راوێژکاری‌ ئەڵمانیادا.

فلۆرێس پارلی لە دایکبوی ساڵی (1963) لە فەڕەنسایە و ساڵی (2017) بوەتە وەزیری بەرگریی لە کابینەی ئیمانۆئێل ماکرۆن-ی سەرۆکی ئەو وڵاتە، پارلی پێشتر وەزیری دارایی بوە و یەکەم ئەزمونییەتی لەبواری سەربازیی و بەرگریی وڵاتەکەی، لە کاتی کشانەوەی ئەمەریکاش لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند؛ نابێت رێگە بدرێت کۆمەڵکوژیی دژی کورد بەڕێوەبچێت و دەبێت بیانپارێزین.

هاوکات پێنی مۆردانت لەدایکبوی ساڵی (1973)ی بەریتانیایە و ئەمساڵ بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو لە کابینەکەی مەی بە وەزیری بەرگریی دەستنیشان کرا و یەکێکە لەو وەزیرە گەنجانەی بوەتە مایەی سەرنجی میدیاکانی ناوخۆ و جیهانیش.

ئەم سێ کەسایەتییە ژنە ئاساییە لە هەر وڵاتێکی دیکەی ئەوروپی یان تەنانەت جیهانیش وەزیری بەرگریی بن، بەڵام جێگەی سەرنجە کە ئەم سێ ژنە وەزیری بەرگریی سێ وڵاتی یەکلاکەرەوەی هێزن لە ئەوروپا و ناتۆ و جیهان و وڵاتەکەیان ئەندامی هەمیشەیین لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان.

هەرچەندە هیچ یەک لەو سێ ژنە ئەزمونێکی ئەوتۆیان لە بواری سەربازیی و بەرگریی و جەنگدا نییە، بەڵام پێشڕەوی سوپای سێ وڵاتن کە مێژویەکی دورودرێژیان هەیە لە داگیرکاری لە رابردودا.

ژمارەیەک وەزیری‌ بەرگری‌ ژنی‌ دیکە 
جگە لە وەزیرانی‌ بەرگری‌ ئەڵمانیا و بەریتانیا چوار ژنە بەرگری‌ دیکە هەن کە وڵاتەکانیان ئەندامی‌ ناتۆن، ئەوانیش؛ ئۆڵتا ژاچکا ساڵی (1979) لەدایکبوە و لە ساڵی (2017) بوەتە وەزیری بەرگریی ئەڵبانیا کە وڵاتەکەی ئەندامی ناتۆیە، هاوکات ئانا بێرناردینا وەزیری بەرگریی هۆڵەندا وڵاتەکەی ئەندامی ناتۆیە.

مارگرێتا رۆبلس ساڵی (1956)لەدایکبوە و ساڵی (2018) بوەتە وەزیری بەرگریی ئیسپانیا و وڵاتەکەی ئەندامەی ناتۆیە.

ئێلیزابێس ترێنتا ساڵی (1967)لەدایکبوە و ساڵی (2014) بوەتە وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کە وڵاتەکەی ئەندامە لە ناتۆ.

بە گشتی (18) ژن لە جیهاندا وەزیری بەرگریی وڵاتەکانیان و لەو ژمارەیەش حەوت کەسیان وەزیری بەرگریین لە ئەوروپا هاوکات ئەندامی ناتۆن کە گەورەترین هاوپەیمانیی سەربازییە لە نێوان (29) وڵاتدا.

 

حەوت وڵاتی‌ ناتۆ وەزیری‌ بەرگرییەکانیان ژنن
دەستی‌ پۆڵاینی‌ سێ لە زلهێزترین سوپاکان ژنن
بە پێی راپۆرتی ساڵانەی پێگەی (گلوباڵ فایەر پاوەر) بۆ کاروباری سەربازیی لە جیهاندا فەڕەنسا پێنجەم زلهێزترین سوپای جیهانی هەیە و بەریتانیا لە پێگەی هەشتەمدایە و ئەڵمانیا دەیەم بەهێزترین سوپای هەیە  و وەزیری بەرگریی هەرسێ وڵاتەکەش ژنە.

هەمو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی ژنان پێچەوانەی رابردو توانایەکی بەهێزیان هەیە لە بەشداریی کردن لە کاروباری سەربازیدا و تەنانەت هۆکارێکن بۆ بەهێزبونی پێگەی وڵاتەکانیان.

 

سەربازی‌ ئەزمونی‌ کەم، بەڵام ژنانی‌ کورد و شەڕڤانان وێنەیەکی‌ قارەمانانەیان نیشانی‌ جیهاندا
بەشداریی ژنان لە بواری سەربازیدا مێژوییەکی زۆر کۆنی لە جیهان و کوردستانیش نییە، بەڵام لە هەرێمی‌ کوردستان هێزی‌ تایبەتی‌ ژنان لە چەند یەکیەکدا رێکخراوە و چالاکییان هەیە هاوکات ئێستا زیاتر لە (15)هەزار شەڕڤانی ژن لە چوارچێوەی سیستمی بەرگریی سەربازیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە سیستمی خۆسەریی رۆژئاوای کوردستان وەک سوپایەکی رێکخراو بەرگریی دەکەن و توانیویانە بەهێزانە بەرەنگاریی چەکدارنی داعش ببن و فەرماندەیی چەند بەرەیەکی جەنگیان لە رۆژئاوا و باکوری سوریا کردوە.

ژمارەی ئەو فەرماندە ژنانەی لە رۆژئاوای کوردستان بەشداریی پڕۆسەی ئازادکرنی شار و ناوچە جیاوازەکانی سوریا و بە تایبەت شاری رەققە-ی پایتەختی داعشیان کردوە کەم نین و جیهانیش سەرسامیی خۆیان بەو شەڕڤانە ژنانە دەربڕیوە بەو ئەزمونەی‌ سەرکەوتنیان تێدا تۆمار لە بەرەکانی جەنگ و کاروباری سەربازی و روبەڕوبونەوەی‌ گەورەترین و مەترسیدارترین رێکخراوی‌ تیرۆریستی‌.



PM:12:41:12/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌