كێ پارە بە هەواڵ دەدات ؟




میترۆ، رووداو

بەپێی لێكۆڵینەوەی ئەنستیتۆی رۆیتەرز، رێكخراوە میدیاییە نوێیەكان رووبەڕووی ئاڵنگاری بوونەتەوە لەلایەن گەورە كۆمپانیاكانی بواری تەكنۆلۆجیا. ئەنستیتۆی رۆیتەرز ئاشكرای دەكات هەرچەندە كێشەی سەرەكی میدیا و رێكخراوە میدیاییە نوێیەكان بەدەستهێنانی متمانەی بینەران و بیسەران و خوێنەرانە، بەڵام كێشەی قووڵی ئەو رێكخراوانە ئەوەیە كە كەس ئامادە نییە بۆ وەرگرتن و خوێندنەوەی هەواڵی ئۆنلاین پارە بدات .

لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا، مۆبایلە زیرەكەكان لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە شۆڕشێكی گەورەیان لە چۆنیەتی بڵاوكردنەوەی هەواڵ دروستكردووە و بەوهۆیەشەوە مۆدێلی بازرگانی زۆربەی رێكخراوە میدیاییەكانی گۆڕیوە. ئەوەش بووەتە هۆكار بۆ ئەوەی ئەو رێكخراوانە هێزی كاری خۆیان كەمبكەنەوە یان هەوڵی یەكگرتنەوە بدەن لەگەڵ دەزگایەكی میدیایی دیكە.

ئەنستیتۆی رۆیتەرز هەروەها ئاشكرای دەكات، ئێستا نیوەی دانیشتووانی زەوی لە رێگەی ئینتەرنێتەوە دەستیان بە هەواڵەكان دەگات و بازرگانی رێكلامیش لە میدیاكانەوە گواستراوەتەوە بۆ نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی وەك فەیسبووك و كۆمپانیاكانی تەكنۆلۆجیای وەك ئامازۆن و گووگڵ.

بەڵام لەڕاستیدا كێ ئامادەیە بۆ دەستخستنی هەواڵ پارە بدات؟

ئەنستیتۆی رۆیتەرز بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر كاری رۆژنامەڤانی، ئاشكرایدەكات زۆربەی بەكاربەران ئامادەنین بۆ ئەو هەواڵانەی لەڕێگەی ئۆنلاینەوە وەریدەگرن و دەیخوێننەوەو دەیبینن پارە بدەن، لەڕاستیدا لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا تەنیا رێژەیەكی كەم زیادبوون دەبینرێت لە ژمارەی ئەو كەسانەی خوازیارن بۆ بەدەستخستنی هەواڵ پارە بدەن.

تەنانەت ئەو كەسانەش كە ئامادەن پارە بە هەواڵ بدەن، ماندووبوون لە شێوازی هاوبەشبوونیان Subscription لە كڕینی ئۆنلاینی هەواڵەكان، بەوپێیەی هەر جارێك داواكارییەكیان لێدەكرێت وەك ئەوەی داوایان لێدەكرێت بۆ بەدەستخستنی هەواڵی دیكە و لە چەشنی دیكە، پارەی زیاتر بدەن. لەبەرئەوەش ئەو كەسانەی كە ئامادەن پارە بدەن، خۆیان بەدوور دەگرن لە كڕینی هەواڵ، بۆ نموونە روو لە كڕینی ئۆنلاینی پارچە موسیقا یان بەرهەمێكی دیكەی هونەری دەكەن. ئەمەش شكستێكی گەورەیە بۆ میدیاكان.

نیك نیومان، لێكۆلەر لە ئەنستیتۆی رۆیتەرز دەڵێت" هەندێ ئاماژەی ئەرێنی بەدیدەكرێن لەسەر ئەوەی كە زۆربەی خەڵك ئامادەییان تێدایە پارە بدەن بۆ كڕینی هەواڵەكان لەڕێگەی ئۆنلاین، بەڵام ئەوەی كە بێهیوایان دەكات ئەوەیە كە زانیاری و نێوەڕۆكی هەواڵەكان لە ئینتەرنێت زۆر تێكەڵاون و سەر لە بەكاربەران دەشێوێنن."

ئەو لێكۆلەرە پێیوایە" براندە گەورەكانی هەواڵ پێشتر توانیویانە ژمارەیەكی زۆر بەكاربەر بەلای خۆیاندا رابكێشن كە پارە بە نێوەڕۆكی هەواڵەكانیان دەدەن، بەڵام رێگەكە زۆر ئەستەمە بۆ ئەو دەزگا میدیاییانەی كە نوێن و كەمتر ناسراون."

هەرچەندە ئەمڕۆژانە زۆربەی ئەو میدیایانە كە ڤێرژێنی ئۆنلاینیان هەیە لەكاتی كردنەوەی ماڵپەڕەكەنیان داوا لە بەكاربەران دەكەن پارە بە نێوەڕۆكی هەواڵەكانیان بدەن، بەڵام لەڕاستیدا رێژەی ئەو كەسانەی كە ئامادەن پارە بدەن لە شەش ساڵی رابردوودا گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە. هەواڵەكانی پەیوەست بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە ساڵانی 2016 و 2017 گۆڕانكارییەكی خێرای دروستكرد لە ژمارەی ئەو كەسانەی كە ئامادەبوون پارە بەهەواڵی ئۆنلاین بدەن، بەڵام ئەوە بەشتێكی كاتی ئەژمار دەكرێت.

لە ئەمریكا ئەو كەسانەی كە ئامادەن پارە بە هەواڵ بدەن، یان دەرچووی زانكۆن یان دەوڵەمەندن. هەر یەكە لە ( نیویۆرك تایمز)، (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) و (واشنتن پۆست) لە بواری فرۆشتنی هەواڵ لە رێگەی ئۆنلاین سەركەوتنی باشیان بەدەستهێناوە.

هێشتا بەپێی ئەنستیتۆی رۆیتەرز، زۆربەی ئەو كەسانەی كە لە رێگەی ئۆنلاین هاوبەشبوون لە (نیۆیۆرك تایمز)، بەپێی ئەو وشانەی كە بەدوایدا گەڕاون، زیاتر خولیای بابەتەكانی پەیوەست بە چۆنیەتی چێشت لێنان بوون یان بەدوای " خشتەی یەكتبڕ"دا گەڕاون.

لە راپرسییەكدا كە لەلایەن ماڵپەڕی ڤۆكسی ئەمریكی ئەنجامدراوە، یەك لەسەر سێی ئەو كەسانەی كە لە بەریتانیا بەشدارییان لە راپرسییەكەدا كردووە رایانگەیاندووە لەبەر برێكزیت چاودێری هەواڵەكان ناكەن و بەدوای هەواڵدا ناگەڕێن. ئەو كەسانەی كە لە گشتپرسییەكەی بەریتانیا دەنگیان بە جیابوونەوە لە یەكێتی ئەوروپادا، لە راپرسییەكەی ماڵپەڕی ڤۆكس گوتوویانە لەبەرئەوەی متمانەیان بە هەواڵەكان نەماوەو هەواڵەكان نیگەران و خەمباریان دەكەن، نایانەوێت بەدواداچوون بۆ هەواڵەكان بكەن.

*نێتفلێكس، ئەپڵ، ئامازۆن*

رێكخراوە میدیاییەكان رووبەڕووی هەڕەشەی بەردەوامی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەكانی وەك نێتفلێكس، سپۆتیفای، ئەپڵ میوزیك و ئامازۆن پرایم بوونەتەوە كە لە بواری ئینتەرتێینمێنتدا چالاكن.

نیك نیومان، لێكۆلینڤانی ئەنستیتۆی رۆیتەرز لەوبارەیەوە دەڵێت، " لە هەندێ ڵاتدا بەكاربەران ماندووبوون لە شێوازی هاوبەشبوونیان لە رێكخراوە میدیاییەكان. زۆربەی بەكاربەران لەو وڵاتانەدا پێیان باشە ئەو بودجە كەمەی كە بۆیان دەمێنێتەوە لە ئینتەرتێینمێنتدا خەرجبكەن تاوەكو ئەوەی بیدەنە كڕینی هەواڵ."

نیومان دەڵێت،" لەبەرئەوە جێگەی سەرسووڕمان نییە كە كڕینی هەواڵ دێتە خوارەوەی لیستی كڕینە ئۆنلاینەكان لەبواری نێوەڕۆكدا و لە خوارەوەی نێتفلێكس و سپۆتیفای دێت بەتایبەتی لەنێو گەنجاندا."

راپرسییەكەی ماڵپەری ڤۆكس دەریدەخات، تەنیا 7%ی بەشداربوون كە تەمەنیان لە خوارەوەی 45 ساڵییە كڕینی هەواڵەكان لەڕێگەی ئۆنلاینەوە هەڵدەبژێرن و 37%یان رایانگەیاندووە كە هاوبەشدەبن بۆ كڕینی ڤیدیۆ و 15% گوتوویانە میوزیك دەكڕن.

لەلایەكی دیكەوە هەندێ ئەپلیكەیشن هەن كە بە مەبەستی دەستخستنی كۆمەڵێك میدیا و رۆژنامەو نێوەڕۆكی هەواڵی لەلایەن كۆمپانیا تەكنۆلۆجییەكانی وەك ئەپڵ دامەزراون. بۆ نموونە Apple News + كە نێوەڕۆكی باشترین میدیا و رۆژنامەكانی وەك ( تایم ) ، (ئاتلانتیك) ، (نیویۆركەر) ، (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)و.. دەخاتە بەردەستی بەكاربەران بە تاك نرخێكی دیاریكراو، ئەمەش كێشەی گەورە بۆ ئەو میدیا و رۆژنامانە دروستدەكات، چونكە ئەو میدیانە پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ
خوێنەرانیان لەدەستدەدەن و كەمتر دەتوانن لەرێگەی رێكلامی راستەوخۆوە هەوڵی باشتركردنی داهاتەكانیان بدەن.

نیومان دەڵێت هەرچەندە هێشتا هەلی گەورە لەبەردەستە بۆ فرۆشتنی نێوەڕۆكی هەواڵ لەڕێگەی ئۆنلاینەوە، بەڵام لەبەر ركابەری تووند پێشبینیدەكات رێژەی زۆری هەواڵە ئۆنلاینەكان بە خۆڕایی لەبەردەستی بەكاربەران بمێنێتەوە و رێكخراوە میدیاییەكانیش پشت بە دانانی ئەو رێكلامە كەمە ببەستنن كە لە كاتی بڵاوكردنەوەی هەواڵەكان لە بەردەم بەكاربەراندا دەردەكەون.

نیومان پێیوایە زۆربەی كارتەكان لە بازاڕی هەواڵدا لەدەست پلاتفۆرمە گەورە دیجیتاڵییەكاندان و لەبەرئەوەش مان و نەمانی دەزگا میدیاییەكان بەندە بەوەی كە تاوەكو چەند بە زیرەكی لەم یاریەدا دەتوانن سەركەون و هەوڵی راكێشانی هەرچی زیاتری سەرنجی بەكاربەرانی ئینتەرنێت و بینەر و خوێنەران بدەن.

ئەنستیتۆی رۆیتەرز بۆ كاری رۆژنامەڤانی لەلایەن كۆمپانیای (تامسۆن رۆیتەرز) لە زانكۆی ئۆكسفۆرد دامەزراوە كە چاودێری كاروباری میدیاكان دەكات.


PM:03:15:12/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌