ژنە چالاکوانێکی ناسراوی عێراقی لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا بریندار دەبێت





میترۆ، باسنیوز 
ژنە چالاکوانێکی عێراقی، دوای گەڕانەوەی لە خۆپیشاندانێک لە بەغدای پایتەختی عێراق، تووشی ڕووداوێکی هاتوچۆ بووە و بە سەختی بریندار بوو.


جاسم حلفی، سەرکردەی حزبی شیوعیی عێراق ڕای گەیاندووە، هەنا ئێدوارد، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ، پاش کۆتاییهاتنی خۆپیشاندانێک پاش نیوەڕۆی دوێنێ هەینی ١٤ی ٦ی ٢٠١٩ لە گۆڕەپانی (تەحریر) لە بەغدای پایتەختی عێراق، تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووە و ئۆتۆمبێلێک شێلاویەتی.

 
ڕوونیشی کردووەتەوە کە چالاکوانەکە بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە و باری تەندرووستی جێگیر نییە.


تاوەکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی ئەوەوە نییە کە شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەی لەو ژنە چالاکوانەی داوە، دەستگیر کراوە یاخود نا.


بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، خۆپیشاندانەکەی دوێنێی گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا، بە بۆنەی ساڵیادی ڕووداوەکەی بنکەی سەربازیی (سبایکەر) و هێرشی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ سەر چەند ناوچەیەکی عێراق بوو کە بەهۆیەوە هەزاران هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا کە لەو کاتەدا نووری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو.

 
لە ماوەی رابردوودا هەریەک لە (تارا فارس، سوعاد ئەلعەلی، رەشا ئەلحەسەن و ڕەفیف ئەلیاسری) کە سەرجەمیان چالاکوان یان لە بواری جۆراوجۆردا ناسرابوون، لە ڕووداوی گوماناویدا لە شارەکانی عێراق کوژراون.

هەنا ئێدوارد بە دۆستی کورد ناسراوە و لەو کاتەشدا کە نووری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، بەرەو ڕووی وەستایەوە و لە کۆنگرەیەکی تایبەت بە مافەکانی ئافرەتاندا، چەند بەڵگەیەکی خستە بەردەمی، بەڵام مالیکی لە جێگەی بەهەندوەرگرتنی بەڵگەکان، فەرمانی کرد لە هۆڵەکە دەری بکەنە دەرەوە.


PM:05:26:15/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌