کەمتر لە مانگێکە چەندین ڕوداوی‌ دڵتەزێن مانشێتی‌ میدیاکانی‌ هەرێمیان داگیرکردووە



میترۆ، ناس کورد

لەماوەی ڕابردوودا چەندین ڕووداوی نەخوازراوی وەک کوشتنی دایک و باوک لەلایەن کوڕەکانیانەوە، یاخود کوشتنی کەسێک لەسەر پێکدادانێکی ئۆتۆمبێل، یان کوشتنی هاوسەر، لە هەرێم ڕوویانداوە، بەشێوەیەک ڕۆژانە مانشێتی‌ میدیاکان ڕوداوێکی‌ نەخوازراوی‌ تێدایە.



لەبارەی‌ هۆکاری‌ ئەو ڕوداوانە لە هەرێمی‌ کوردستان، توێژەرانی‌ کۆمەڵایەتی‌ پێیان وایە سیستمی‌ پەوەردە لە هەرێم لاوازە، بەرپرسێکی‌ ئەمنیش دەڵێت، دەبێت بەسەربازیکردنی‌ زۆرە ملێ لە هەرێم جێبەجێ بکرێت بۆ کەمکردنەوەی‌ ئەو ڕوداوانە.



کەریم شەریف قەرەچەتانی، توێژەری کۆمەڵایەتی پێیوایە سیستمی پەروەردە لە هەرێم زۆر لاوازە و کۆمەڵگە بەرەو هەڵوەشان چووە، ئەو بە ناس کوردی ڕاگەیاند: ” ڕاستە قەیرانی دارایی بەشێکە لە هۆکاری ئەو ڕووداوانە، بەڵام گەورەترین هۆکار ئەوەیە کە ئاستی سیستمی پەروەردە گەیشتووەتە ئاستێک  کە دەتوانین بڵێین پەروەردەمان نییە و ئەو کەرتە لە حاڵێکی زۆر خراپدایە”.


ئەو تویژەرە کۆمەڵایەتییە وتیشی، هۆکارێکی دیکە کە سەرجەم هۆکارەکان پەیوەستە بەوەوە حکومەت و حزبەکانن، چونکە تائێستا لە هەرێم هێزێکی چەکداری نیشتیمانی بوونی نییە، هەر بەرپرسێک دەبینی لیوایەک چەکداری هەیە و کۆمەڵێک خەڵک شوێنی کەوتوون و هەڕەشە لە خەڵک دەکەن، ئەمە وادەکات دیاردەی چەکداری و توندوتیژی بڵاوببێتەوە.


هاوکات باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا ڕووداوەکان زۆربوون و لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاوە هەموو ڕووداوێک دەبیسترێت و دەبینرێت و ئەوەش لاسایی کردنەوە دروست دەکات.


لەلایەکی‌ دیکەوە، عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "کاتێک گەنجەکان خویندن تەواو دەکەن و بێکارن و وەک پێشینان دەڵێن، بێکاری سەری لە کێشەوە دەردەچێت، ئەو ڕووداوانەشی ڕوودەدەن زۆرینەی نەخوازراو و کتوپڕن، واتە پلان بۆ داڕێژراو نین و پەیوەندی بە دەزگا ئەمنییەکانەوە نییە”.


بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر پێیوایە باشترین چارەسەر بۆ ئەو دۆخە ئەوەیە، حکومەت سیستمی سەربازیکردنی زۆرەملێ جێبەجێبکات و کەسێک کاتێک زانکۆ تەواو دەکات، ڕاستەوخۆ ساڵێک بۆ دوو ساڵ خزمەتی سەربازی بکات، پاش تەواوکردنی ئەو خزمەتە کەسێکی دیکەی لێدەردەچێت، جیاواز لەو کەسەی ڕابردوو.


هەروەها کەریم شەریف قەرەچەتانی ئاماژە بەوە دەکات، چارەسەرکردنی ئەو دۆخە، بە چاوخشاندنەوە بە سیستمی پەروەردەدا دەبێت لە خێزانەکانەوە تا قوتابخانە و مزگەوتەکان.


پێشیوایە میدیا دەتوانێت کاری باش بکات لە پەروەردەکردندا و دەڵێت، بەڵام بەپێچەوانەوە لێرە بووەتە بەشێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی ئەو ڕووداوە نەخوازراوانە، لەڕێگەی ئەو زنجیرە دراما و فیلم و بەرنامانەی پێشکەشی دەکات.


AM:11:51:18/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 772 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌