شەش ساڵە یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری دەرچووە و نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە



میترۆ، NRT
هەرچەندە لە هەرێمی کوردستاندا یاسای مافی بەدەستھێنانی زانیاریی لەلایەن پەرلەمانەوە لە ساڵی ٢٠١٣ەوە دەرچووە و تیایدا مافی پێدانی زانیاریی بەڕۆژنامەنووسان دەستەبەرکراوە، بەڵام تائێستا ئەو یاسایە نه‌چووەته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

ده‌ستنه‌گه‌یشتن به‌هه‌موو زانیارییه‌كی ڕێگه‌پێدراو و جیاوازیكردن له‌ پێدانی زانیاریی له‌ نێوان ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كاندا، له‌لایەن فه‌رمانگه ‌و ده‌زگا حكوومییه‌كانەوە، ڕۆژنامه‌نووسانی نیگه‌ران كردووه‌.

زۆرینەی وه‌زاره‌ت و ده‌سته ‌و ده‌زگا حكومییه‌كان، ماڵپەڕی تایبه‌تییان هەیە بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كانیان، به‌ڵام به‌شێكی زۆری ئەو ماڵپەڕانە ناچالاكن و په‌راوێزخراون.

ئێستا زیاتر له‌ شه‌ش ساڵە یاسایی مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاریی دەرچووە، ڕۆژنامه‌نووسان و چالاكانی مه‌ده‌نیی و رێكخراوه‌كان، داواده‌كه‌ن كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم  یاساکە جێبه‌جێ بكات.

لە کۆنفرانسی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیارییشدا لە هەولێر، کە تێیدا باس لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاریی دەکرا، محەمەد گۆمەشینی وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێم، کە هاوکات ئه‌ركی سه‌رپه‌رشتیاری جێبه‌جێكردنی یاساكه‌ی پێبه‌خشراوه‌، لەناو دەزگاکانی ڕاگەیاندندا تەنها ئامادەنەبوو قسە بۆ ئێن ئاڕ تی بکات، ئەوەش خۆی لە خۆیدا پێشێلکردنی ئەو یاسایەیە.

نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستانیش، ڕەخنەی لە یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاریی هەیە و یاساکە بە ناکام وەسفدەکات.

بەشێک لە وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم، جیاوازیی دەکەن لە پێدانی زانیاریی بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تائێستا هەلی پێدانی زانیاری بەشێوەیەکی یەکسان بۆ سەرجەم ڕۆژنامەنوسان فەراهەم نەکراوە.



PM:01:25:30/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 2436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌