رونكردنەوەیەك لە سەنتەری میترۆ وە




میترۆ

بەیانی رۆژی پێنج شەممە 25ی تەموزی 2019 لە هۆتیل گراند میلینیۆمی شاری سلێمانی كۆبوەنەوەیەك لە نێوان كونسڵی گشتی بەریتانی بۆ هەرێمی كوردستان و باكوری عێراق بەڕێز (جەیمس پۆرنتۆن) و نوێنەری كۆمەڵێك دەزگای میدیا و سەنتەری میترۆ بەڕێوەچوو.

ئەو كۆبونەوەیە كە كاتژمێرێكی خایاند تەنها بۆ یەكتر ناسینی نێوان بەڕێز (جەیمس پۆرنتۆن)، ئەو رۆژنامەنوسانە بوو، ئێمە بەشداربوین لە رێكخستنیدا.

هەموو بەشداربووان بۆ ماوەیەكی چەند دەقەیەك بیروڕایان سەبارەت بە رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی و بیروڕا لە هەرێمی كوردستان و عێراق، خستە روو، هەر كەس لە دیدگای خۆیەوە نەك وەك (یەك كوتلەی رۆژنامەنوسی رێكخراو)، بەڵكو جیاوازیش لە دیدمان بۆ ئەو پرسانە هەبوون، كە ئەمەش شتێكی زۆر ئاساییە.

لەو كۆبونەوەیە نە بەڕێز قونصلی بەریتانی و نە رۆژنامەنوسان بە دێڕێكیش باسیان لە رووداوی تەقەكردن لە دبلۆماتە توركییەكە نەكردوە. هەر وەك هیچ رۆژنامەنوسێ لە قسەكانیدا لە دوورو نزیك باسی لە فەندو دەسكەوتی شەخصی بۆ خۆی و دامەزراوەكەوی نەكردوە.

ئامادەبووانی كۆبونەكە هەر كەسەو بە نوێنەرایەتی دەزگاكەی بەشداربوون، كەس وەك نوێنەرایەتی رۆژنامەنوسانی كوردستان بەشدار نەبووە. پاش تەواوبوونی كۆبونەوەكەیش هیچ چالاكیی و كۆبونەوەیەكی تر رێكنەخراوە، ئەوەی باس لە كۆبونەوەی ئەو كۆمەڵە رۆژنامەنوسە یان سەنتەری میترۆ بە جیا لەگەڵ كونصلی ئێرانی دەكات، ئەوە درۆیەكی تر دەخاتە سەر خەرمانی درۆكانی تری.

بۆ زانیاری زیاتری ئەوانەی سەنتەری میترۆو سەرۆك و ستافەكەی ناناسن، دەڵێن، فرسەتی زۆر هەبووە بۆ دیداری قونصلگەری ئێرانی، ئێمە بە پێویستمان نەزانیوە، وەك هەڵوێستی كەسیش یەك جار چوینەتە بەردەم قونصلگەرییەكەیان ئەویش وەك خۆپیشاندەر و دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر هەڵمەتی لە سێدارەدانی نەیارانی سیاسی.

ئەوانەی دەیانەوێت باس لە كۆبونەوەی نهێنی بكەن، ئەوە خۆیانن شەیدای ئەو جۆرە كۆبونەوانەن، نەك ئێمە. بچنە سەر پەیجەكەمان و پێگەكەمان وێنەی هەموو چالاكی و دیدارەكانمان لەگەڵ كەسایەتی گشتی و هاوكارانمان بڵاو دەكینەوە، بەداخەوە ئێوەن وێنەكان دەدزن و ئەو شەفافییەتەی ئێمە دەكەنە فرسەتێك بۆ درۆهەڵبەستن، وەك ئەوەی وێنەكان لە سەرچاوەی خۆتانەوە دەسكەوتبێت، نەك لە پەیج و پێگەكەی خۆمان.

ئێمە وەك سەنتەری میترۆ سوپاسی ستافی میدیای كونصلگەری بەریتانی لە هەوڵێر دەكەین، كە ئەو كۆبونەوەی رێكخست و درۆكانی ئەم جارەی پەیج و پێگەی علوج‌و بێ خاوەنیش وەك سەلمێنەری قسەكانمان تەماشابكەن كە دەسەڵات بەردەوام لە رێگەی سوپا ئەلیكترۆنی بە كرێگیراو لە هەوڵدایە بە پارەی سیاسی و هەواڵی درۆ پاشەكشە بە ئازادی رۆژنامەنوسی بكات.
26ی تەموزی 2019


AM:10:09:27/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 636 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌